کارەساتی تاڵیبان بۆ ژنانی ئەفغانستان؛ لە پشت ئەم شەوە ڕەشە ڕووناکی دەردەکەوێت

ئەعزەم قەنبەری دەڵێت: من لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژیم، کارەکەم ئاسان نییە و کاتێک دەچمە ناو دوکانەکەمەوە، بە نیگا و ڕەفتارەکانیان سوکایەتیم پێدەکەن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەگەڵ دامەزراندنەوەی تاڵیبان، ژیانی ژنانی فرۆشیاریش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، کاروبارەکانی هەندێکیان هەڵوەشاوەتەوە و هەندێکیان ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن، بەشێکی دیکەیان کە ماونەتەوە، بە ترسەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

 

ئەعزەم قەنبەری یەکێکە لەو ژنە پیشەگەرانەی کە زیاتر لە پێنج ساڵە لە بواری جوانکاری و پاکوخاوێنی، ئارایشتگا و ڕاهێنانی قوتابیان لە بواری کاری ژناندا کاردەکات، هەرچەندە فرۆشگاکەی بچووکە، بەڵام کارەکەی خولیایەتی و تا ئێستا بەردەوامی پێداوە، دەڵێت: پێشتر لە ئێرانەوە مامۆستامان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لە بەشی ئارایشتگادا قوتابیان ڕابهێنن، بەڵام لەگەڵ حوکمڕانی تاڵیباندا گروپەکەم زۆر بچوک بووەتەوە.

 

ئەعزەم دەشڵێت: من لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژیم، کارەکەم کارێکی ئاسان نییە، کاتێک هەریەکەیان دەچنە ناو دوکانەکەمەوە، بە نیگا و ڕەفتارەکانیان سوکایەتیم پێدەکەن، تاڵیبان جارجارە سەردانی دوکانەکەم دەکەن و هەڕەشەم لێ دەکەن، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش بەردەوامم لە کارەکانم، چونکە کارەکانم خۆشدەوێت.

 

ئەعزەم قەنبەری پەیامێکی بۆ ژنان هەیە و دەڵێت: هیچ سووکایەتی و سەرکوتکردنێک قبوڵ مەکەن و پاشگەز مەبنەوە لە کارەکانتان، بەردەوام بن و دڵنیابن لە پشت ئەم شەوە تاریکەوە ڕووناکی هەیە.