"لە ماڵەوە هیچ ئامێرێکمان نییە، نە گەرمکەرەوە، نە غاز، نە سەلاجە!

سەرئێشە و دەمارگیریم هەیە و کۆکردنەوەی ئەم خاشاکانەش دۆخم خراپتر دەکات، بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە ئاو گەرمکەرەوەمان نییە و دەبێت بە سەتڵێک ئاوی گەرم گەرماو بکەین، ڕۆژ بە ڕۆژ تەندروستیمان لە مەترسیدایە.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- ژنێک بە ناوی شیما تەوحیدی لە شەقامی بهدەری شاری کرماشان لەگەڵ کوڕە تاقانەکەی زبڵ و خاشاک کۆدەکاتەوە، زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە ماڵەکانیانەوە بینیویانە و بە ڕێزەوە یادی دەکەنەوە، دەربارەی ژیانی خۆی قسەی بۆ کردین و وتی: هاوژینەکەم دوو ساڵە کۆچی دوایی کردووە، کرێچین و کار و داهاتمان نییە، کەسیشمان نییە هاوکاریمان بکات، خانوویەکی کرێمان هەیە بە ٦٠٠ هەزار تمەن لە مانگێکدا و بە هاوکاری خەڵک بڕەکەی دابین دەکەین.

 

کرێی مانگانەی ٦٠٠ هەزار تمەنی ماڵەکەی زیاتر لە هەموو وشەیەکی تر، دەرخەری دۆخی نالەباری ئەوانە، لەم ڕۆژانەدا لە ئێران خانوویەکی بچووکی ٧٠ مەتری بێ ڕەهن بە کەمتر لە ٣ ملیۆن نادرێت بە کرێ، بۆیە دۆخی ئەم خێزانە دەریدەخات کە بە هیچ شێوەیەک شیاوی ژیان نییە.

 

شیما لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، بۆ خوێندنی منداڵەکەم کێشەمان هەیە، ئەو لە پۆلی شەشەم دایە و ئەم بەیانییە بەهۆی منەوە دواکەوت و هەموو ڕۆژێکیش ئەمە دووبارە دەبێتەوە، تەنانەت ناتوانم جلوبەرگی باشیشی بۆ پەیدا بکەم، باوەڕم پێ بکەن، هیچمان نییە ئەگەر خەڵک هاوکاری نەکەن، لە ماڵەوە هیچمان نییە، نە گەرمکەرەوە، نە غاز، نە سەلاجە، فەرشێکی کۆنم دۆزیەوە و لەسەری دادەنیشین، دۆشەکێکی گونجاو و بەتانییەکی گونجاومان نییە بۆ ئەوەی خۆمان گەرم بکەینەوە.

 

شیما سەبارەت بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان وتی: بەهۆی ئەوەی ئێمە کرێچین و کارمان نییە، دەبێت پاشماوە و زبڵ و خاشاکی وەک پلاستیک و کانزا کۆبکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بژێوی خۆم و منداڵەکەم پەیدا بکەم، تەنانەت بەم کارەش ​​خەرجی و بژێوی ژیانمان دابین ناکرێت، دواجار دەتوانین لە ڕێگەیەوە خەرجی خۆراکمان پەیدا بکەین.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خاشاکەکان کێشە بۆ تەندروستییان دروست ناکات، شیما وتی: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە کێشە دروست نەکات؟ خودا شایەتحاڵە کە من هەمیشە نەخۆشم، سەرئێشە و دەمارگیریم هەیە و ئەم کۆکردنەوەیە دۆخم خراپتر دەکات، بەهۆی ئەوەی کە ئێمە لە ماڵەوە ئاو گەرمکەرەوەمان نییە و دەبێت بە سەتڵێک ئاوی گەرم خۆمان بشۆین، ڕۆژ بە ڕۆژ تەندروستیمان لە مەترسیدایە.