کارمەندانی فەرمانگە حکومییەکان گرنگی بە کارامەییەکانیان نادرێت

لە فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی کارمەندان و ئەو سیستمە بەڕێوەبەرییەی کاری پێدەکرێت چەندین ساڵە وەک خۆیەتی و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بە چەق بەستووی ماوەتەوە، دەرچوویەکی زانکۆ بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک تیشک دەخاتەسەر ئەو بابەتە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لە فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان تێبینی ئەوە دەکرێت کە ئاستی کارمەندانی ناو فەرمانگەکان و ئەو سیستمە بەڕێوەبەرییەی کاری پێدەکرێت، چەندین ساڵە وەک خۆیەتی و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم هیچ نوێکاری تێدا نەکراوە و کارمەندان ئاستی زانیاریان بە چەق بەستووی ماوەتەوە.

 

ئاڵا بەرزان، دەرچووی بەشی ژمێریاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لە توێژینەوەی کۆتا ساڵی خوێندنی زانکۆیدا تیشکی خستووەتەسەر بابەتێک کە لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر نەکراوە و کەمتر بە گرنگ وەرگیراوە، ئەویش گرنگیدان بە بەرەوپێشبردنی کارامەییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتووی کارمەندانی فەرمانگە حکومییەکانە بەراورد بە کۆمپانیا تایبەتەکان، توێژینەوەکە لەسەر وەرگرتنی داتا و ئاماری کۆمپانیایەکی شاری سلێمانی ئەنجامدراوە.

 

ناوەڕۆکی بابەتەکە گرنگیدانە بە سەرمایەی هزری، واتە بریتییە لە کۆی بەها و سەرمایەی مرۆیی لە فەرمانگە و کۆمپانیا تایبەتەکان، سەرمایەی مرۆیی، چەمکێکە زانایانی کۆمەڵایەتی بەکاریدەهێنن بۆ دیاریکردنی ئەو سیفەتە کەسییانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بە سوودبەخش دادەنرێت، زانیاری و لێهاتوویی و پەروەردەی کارمەند لەخۆدەگرێت، سەرمایەی مرۆیی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتی تاکەکان هەیە.

 

جیاوازی هەیە لە نیوان کارمەندانی فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان

ئاڵا بەرزان لە سەرەتادا بەمشێوەیە باسی لە هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەی کۆتا قۆناغی خوێندنی زانکۆی کرد و وتی: وەک هەر خوێندکارێکی دیکەی کۆتا قۆناغی زانکۆ توێژینەوەی کۆتا ساڵی خوێندنمان ئەنجامدا، بەڵام ئێمە ویستمان بابەتێک هەڵبژێرین کە جیاواز بێت لە بابەتەکانی پێشتر و کاری لەسەر نەکرابێت، بابەتەکەمان "سەرمایەی هزری" کە پێویستە لە کۆمپانیا تایبەتەکان و فەرمانگە حکومییەکاندا گرنگی پێبدرێت بەتایبەتی ئێمە تەرکزیمان خستووەتەسەر سەرمایەی کەسی.

 

ئاڵا باسی لەوەکرد کە بەو دەرەنجامە گەشتوون کە کارامەیی کەسی لە فەرمانگە حکومییەکان گرنگی پێنادرێت، "بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکەمان ئاماری ڕاست و دروستمان لە کۆمپانیایەکی تایبەتی شاری سلێمانی وەرگرت و بۆمان دەرکەوت کە سەرمایەی کەسی لە کۆمپانیاکان کاری بۆ دەکرێت، لە ڕێگەی خول و ڕاهێنانەوە هەوڵی باشترکردنی ئاستی کارمەندەکان دەدرێت، بەڵام لە فەرمانگەکان پشتگوێخراوە و کارمەندەکان لە یەک ئاستی جێگیردا ماونەتەوە.

 

ئاستی فەرمانگە حکومەییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە دابەزیندایە

سەرمایەی کەسی بەو واتەیە دێت کە پێویستە ئەزموون و کارامەیی کارمەندی ناو فەرمانگەکان بە گرنگەوە لێی بڕوانرێت و بەشداری بڕیاردان و بەرەوپێشبردنەکان بکەن و کۆمپانیاکان هۆکارێک بن لە بەرزبوونەوەی توانای کارمەندەکانیان.

 

ئاڵا ئەوەشی خستەڕوو کە ئاستی فەرمانگە حکومییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە دابەزیندایە، " ئێمە لە ئەنجامی توێژینەوەکەمان بۆمان دەرکەوت کە کۆمپانیا تایبەتەکان گرنگی بە بەرەوپێشچوونی ئاستی کارمەندەکانیان دەدەن، بەڵام فەرمانگە حکومییەکان گرنگی بە سەرمایەی کەسی نادەن و پەیڕەوی سیستمێکی کۆن دەکەن، لە ژمێریاریشدا سەرباری بەرەوپێشچوون و پەیدابوونی چەندین سیستمی تازە بەڵام تا ئێستاش قەڵەم و کاغەز بەکاردەهێنن.

 

"پێشتر توێژینەوەی لەم شێوەیە ئەنجامدراوە بەڵام گرنگی پێنەدراوە"

تویژینەوەکانی زانکۆ بە گرنگییەوە لێی ناڕوانرێت و دەستگیرۆی خوێندکاران ناکرێت کە بیرۆکەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵگە بەکاربهێنن، بەڵکو توێژینەوەکان لە ئەرشیفی زانکۆدا تۆزی لەسەر دەنیشێت و هەوڵی نوێگەری نادرێت و لە بەشێکی کۆلێژەکانیش وەک پێویست هاوکاری خوێنکاران ناکرێت، پڕۆسەی خوێندن بە گشتی وەک بەڕێکردنی قۆناغێکی ژیانیان دەبیندرێت.

 

ئاڵا بەرزان باسی لەوەکرد کە پێشتر توێژینەوەی لەم شێوەیە ئەنجامدراوە بەڵام لە ئاستی خۆیدا ماوەتەوە و گرنگی پێنەدراوە، "ئێمە نەمانویست توێژینەوەکەمان لەسەر ڕەفەیەک بمێنێتەوە و تۆزی لەسەر بنیشێت و لە ئاستی خۆیدا بمێنێتەوە، بۆیە بڕیارماندا لە گۆڤارێکی نێودەوڵەتیدا بڵاوی بکەینەوە، ئەو ئامار و داتایانەی بەکارمانهێناوە لە تویژینەوەکەدا ڕاستین و لە کۆمپانیایەکی شاری سلێمانی وەرمانگرتووە ئەمەش وایکردووە لە توێژینەوەکانی پێش خۆمان باشتر بێت."

 

بڵاوکردنەوەی توێژینەوە بۆ خوێندکاران کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، ئاڵا لەم بارەیەوە وتی: سەرەتا کە ویستمان توێژینەوەکەمان بڵاوبکەینەوە ئاستەنگی زۆر هەبوو، بەڵام ئێمە لە کاتی پێشکەشکردنی توێژینەوەکەمان ئەنجامەکەیمان بە پلەی "باڵا" بۆ هاتەوە، ئەمەش هۆکاریک بووە کە بە هاوکاری مامۆستاکانمان لە گۆڤارێکی نێودەوڵەتی بڵاویبکەیەنەوە تا لەدەرەوەش ئاستی خوێندکاری کوردستان ببینرێت و بتوانن سوود لە بابەتەکان وەربگرن."

 

دەبێت خوێندکاران پاڵپشت و هاوکاری بکرێن

ئاڵا پێیوایە دەبێت بە چاوی گرنگییەوە سەیری توێژینەوەکانی کۆتا ساڵی خویندن بکرێت، "پێویستە ئەو توێژینەوانەی لە کۆتا ساڵی خویندن ئەنجامدەدرێت، تەنها بۆ بەڕێکردنی پڕۆسەی خوێندن نەبێت، بەڵکو دەبێت توێژینەوەیەک بێت سود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، ئێمە کاتێک ئەم بابەتەی توێژینەوەکەی خۆمان هەڵبژارد بابەتێکی گرنگ و نوێ بوو، بەڵام پشتگوێخرابوو، بۆیە خوێندکاران لە هەر بەشێک بخوێنن دەبێت گرنگی بەوەبدەن کە توێژینەوەکانیان خزمەتکردن بێت بە کۆمەڵگە، نەک دووبارە و کات بەڕێکردن بێت."

 

لە کۆتایدا ئاڵا بەرزان، خوێندکاری زانکۆ و خاوەنی توێژینەوەکە، ئەوەی خستەڕوو کە حکومەت دەستگیرۆیی خوێندکاران ناکات، "خوێندکار لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنی ئەوەی دەیخوێنێت تیۆرییە و حکومەت دەستگیرۆیی خوێندکاران ناکات، تاوەکو ئەوەی دەیخوێنن بە پراکتیکی بیخەنەگەڕ و لە خزمەتی کۆمەڵگە بەکاری بهێنن."