"شۆڕشی ڕۆژئاوا خەونی داپیرو باپیرانمانی بەدیهێنا"

مامۆستای زمانی ئەرمەنی لۆسین ئەردەمیان جەختی کردەوە کە پەروەردەی زمانی ئەرمەنی یەکێکە لە دەستکەوتە پیرۆزەکانی شۆڕش و وتی: لە هەر شوێنێک منداڵێکی ئەرمەنی هەبێت فێری زمانی دایکی دەکەین.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لەسەر بنەمای هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە هەموو نەتەوە و کولتوور و بیروباوەڕەکان لە باوەش دەگرێت، هەموو کۆمەڵگەیەک بە زمانی دایکی پەروەردە دەکرێت، یەکێک لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە مێژوودا کۆمەڵکوژی گەورەیان بەرامبەر کراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە سایەی بەندەکانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە دەژین و خاوەنی کولتوور و زمانی خۆیانن کۆمەڵگەی ئەرمەنین، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین و وەک هەر نەتەوەیەکی تر، لەسەر بنەمای زمانی دایکی پەروەردە دەکرێن، لەو بارەیەوە مامۆستای زمانی ئەرمەنی، لۆسین ئەردەمیان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایگەیاند کە بوونی خۆیان وەک کۆمەڵگەیەکی ئەرمەنی لە سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیکدا دەبینن، بۆیە ئیتر هیچ واتایەک لە سیستمی دەوڵەتدا نەماوە.

 

٢٥ مامۆستای زمانی ئەرمەنی بۆ پەروەردە ئامادەن

مامۆستا لۆسین ئەردەمیان ئاماژەی بەوەکرد کە سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک سیستمێکی سەرکەوتووە و وتی: سیاسەتی جینۆساید لە دژی بوون و ناسنامەی گەلی ئەرمەنی پەیڕەوکراوە، لە دوای سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک ئیتر هیچ واتایەک بۆ سیستمی نەتەوە-دەوڵەت نییە، هەموو نەتەوەیەک بانگەشەی زمان و کولتوور و زیندو بوونی دەکات، ئێمە وەک گەلی ئەرمەنی بوونی خۆمان لەم سیستمەدا بینی و بە سایەی پێشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەری ئەنجومەنی خۆمان پێکهێنا هەتا خۆمان کۆکردەوە، بەمەش دەستمان بە سەرژمێریی گەلی ئەرمەنی کرد ژمارەی منداڵانی ئەرمەنی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵە و سەرژمێرییەکە بەردەوامە، بۆیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای لێکردین مامۆستای شارەزا دابین بکەین بۆ ئەوەی زمانی ئەرمەنی بەفەرمی بچێتە قوتابخانە، هەروەها ئێمە سێ مانگ پێش ئێستا خولێکمان بۆ مامۆستایان کردەوە و ٢٥ مامۆستامان هەیە، ئەم هەنگاوە پیرۆزە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا.

 

"لە هەر شوێنێک منداڵێکی ئەرمەنی هەبێت فێری زمانی دایکی دەکەین"

لۆسین ئەردەمیان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو پەرتوکەی لەسەری پەروەردە وەردەگرن چاپکراوە و بە فەرمی دەچێتە خوێندنگاکان و وتی: ئەو پەرتوکەی چاپکراوە ئێمە نووسیمان و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریمان کرد و سەیریان کرد و لەسەر ئەم بنەمایە پەسەند کرا، پەرتوکەکان هەموویان بە ئەرمەنی بوون لە کامپی واشۆکانی ٢٠ منداڵی ئەرمەنی هەن لە هەر شوێنێک منداڵێکی ئەرمەنی هەبێت فێری زمانی دایکی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ناسنامەی خۆمانمان هەبێت.

 

"ئێمە بە پێشخستنی بواری پەروەردە و ڕاهێنان وەڵامی هێزە بکوژەکان دەدەینەوە"

لۆسین ئەردەمیان ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی باشە بۆ هەموو گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا خەونی داپیر و باپیرانمانی بەدیهێناوە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمەش ڕۆڵەی ئەم شۆڕشەین و بۆ ئەوەی بەها و دەستکەوتی پیرۆزمان هەبێت ئاستی هۆشیاری خۆمان پەرە پێبدەین و منداڵانی داهاتوو لەسەر فکرێکی ئازاد و دیموکراسی پەروەردە بکەین، هەرچەندە هێرش و کوشتار لەسەر ئێمە ئەنجام دەدرێت، ئێمە لەوێ دەبین ئێمە وەڵامی هێزە دەسەڵاتدارەکان دەدەینەوە بە بنیادنانی نەوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و پەرەپێدانی ناوچەیەکی پەروەردە و ڕاهێنانکراو.