مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان، دەوڵەتی تورکە

دایکی کەوسەر نەجرەس کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا برینداربووە داوای کرد دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیار بکرێت لە تاوانەکانی جەنگ دژی خەڵکی مەدەنی و منداڵان.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، تورکیا هێرش و ڕێبازەکانی خۆی بۆ سەر خەڵک فراوانتر کردووە و ڕێگایەکی دیکەی گرتووەتەبەر، ئەویش شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، کە بووەتە ڕێگایەکی سارد و هێواش بۆ کوشتن. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیرە ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تا ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.

 

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەکە لە ماوەی ٨ مانگدا ٣٣ هێرش ئەنجام دراون، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ٢ ژن، ٤ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە، منداڵێک، ٥ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و سەربازێکی حکومەتی شام، هەروەها ٥٠ کەس بریندار بوون، لەنێویاندا ٢ ژن، ٣ منداڵ، ٢ شەڕجانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک  و ١١ سەربازی حکومەتی شام.

 

کەوسەر نەجرەسی ١١ ساڵ بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بریندار بوو

لە ڕۆشنایی هاوار و ئازاری ژنان و منداڵان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جیهان بێدەنگ و کوێرە بەرامبەر بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و کردەوەکانی دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢، دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی بە هاوەن دەستپێکرد بۆ سەر گوندی تل شەعیر لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کەوسەر نەجرەسی تەمەن ١١ ساڵ لەگەڵ دوو خوشکەکەی بە سەختی قاچی برینداربوو تا ئێستا ناتوانێت لەسەر پێیەکانی بوەستێت.

 

کەوسەر نەجرەس خەڵکی گوندی فیستاتە کە دەکەوێتە سنووری نێوان ڕۆژئاوا و شەنگال و لە ناوچەی تل حەمس لە قامیشلۆی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، خێزانی کەوسەر خێزانێکی هەژارن، گوند بە گوند دەگەڕێن و لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کار دەکەن.

 

"سێ کچم بریندار بوون"

سەدا سعود، دایکی کەوسەر، ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک لە گوندی تل شەیر لە سنووری نێوان ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان کاری کشتوکاڵییان دەکرد، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرشیان کرایە سەر و وتی:  خەڵکی گوندی تل حەمیسین، دوو ساڵ لەمەوبەر، هاتینە گوندی تیل شەیر بۆ کاری کشتوکاڵی، بۆ نان، بۆ بژێوی ژیان. کاتێک لەبەردەم ماڵەکەمان دانیشتبووین، ئەردۆغان بە هاوەن هێرشیکردە سەرمان لە کاتێکدا کچەکانم بەرەو کار دەچوون، سێ لە کچەکانم برینداربوون، کەوسەر تەمەنی ١٠ ساڵ بوو کاتێک بە سەختی بریندار بوو.

 

"کەوسەر ناتوانێت لەسەر پێیەکانی بوەستێت"

سەدا سعود ئاماژەی بەوەکرد، کچەکەی تا ئەمڕۆش نەیتوانیووە لەسەر پێیەکانی بڕوات، بەهۆی کابوسی هێرشەکەوە، خەو ناچێتە چاوەکانی و وتی: لەو ڕۆژەوەی هێرشەکە ڕوویدا و تا ئەمڕۆش کەوسەر ناتوانێت بخەوێت، لەکاتی خەودا دەلەرزێت، بە دەرمان دەخەوێت،، ترس کەوتە ناو دڵیەوە، تا ئەمڕۆش، کەوسەر ناتوانێت لەسەر پێیەکانی بڕوات. مانگێک پێش ئێستا، سیخمان لە قاچی لابرد ئێستا دەست دەکەین بە چارەسەری جەستەیی و لەوانەیە بتوانێت لەسەر پێیەکانی بڕوات، هەروەها پێویستی بە نەشتەرگەری درێژکردنەوە هەیە، مانگى سورى کوردستان جار و بار بەدوای دۆخى کەوسەر دێن و زۆر یارمەتیدەر بوون.

 

"دەبێت دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت"

سەدا سعود داوای مافی کچەکەی دەکات و وتی: دەبێت دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیار بکرێت، هەر کەسێک خەڵکی سیڤیل بکاتە ئامانج دەبێت سزا بدرێت، تاوانی هاوڵاتیان و کرێکاران چییە؟ بۆچی لە ماڵەکانیاندا دەکرێنە ئامانج و بۆردومان دەکرێن؟ لە هەمان کاتدا، هیوادارم یارمەتی زیاتری کەوسەر بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانی بوەستێت و بە زووترین کات چاک ببێتەوە.

 

"کەوسەر یەکەم کەس نییە"

هند عوسمان، بەڕێوەبەری مانگی سووری کورد لە ناوچەی گرێ سپی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبارەی بارودۆخی کەوسەر نەجرەس وتی: کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرشیکردە سەر ماڵی کەوسەر، ئێمە وەک مانگی سووری کورد بەدوای بارودۆخەکەدا چووین، بەهۆی ڕێگا دوورەکە و دەرفەتی خێزانەکە، ئەوان بەدەست هاتوچۆو چارەسەر دەناڵێنن. لەبەر ئەوە ئێمە هەموو دوو ڕۆژ جارێک دەچووین بۆ گوندەکە و یارمەتیمان دەدا بۆ چارەسەرکردن،. قاچی چەپی کەوسەر بە سەختی بریندار بوو، ١٠ سانتیمەتر لە ئێسکی قاچی بڕدرا، بە دڵنیاییەوە، کەوسەر یەکەم کەس نییە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بریندار بێت، دەیان حاڵەتی لەو شێوەیە بۆ ئێمە دێت بەبێ هیچ وەستانێک. زۆربەی ئەو بارودۆخانەی کە مانگی سووری کوردستان بەدوایدا دەچێت ژن و منداڵن و بەهۆی دەوڵەتی تورکەوە برینداربوون.

 

"بەشێک لە چارەسەری جەستەیی و دەروونی"

هند عوسمان تیشکی خستە سەر کارەکانی مانگی سووری کوردی، بەتایبەتی لە ڕووی چارەسەری جەستەیی و دەروونییەوە بۆ بارودۆخەکانی وەک بارودۆخی کەوسەر وتی: جگە لەو زیانە جەستەییانەی بەهۆی ئەو هێرشانەوە دروست بوون، زیانێکی دەروونی زۆریش بە منداڵان و گەورەکان گەیشتووە، پێش هەموو شتێک، مانگی سوور کارێکی مرۆیی دەکات و کار بۆ ئەم دۆخە و هەموو بارودۆخەکانی تر دەکات، کەوسەر زیانێکی زۆری دەروونی بەرکەوتووە. بەشێکی تایبەتی چارەسەری جەستەیی و دەروونی لە مانگی سووری کوردیدا هەیە، ئەم بەشە بەشێکی ئازادە و لە خزمەتی خەڵکدایە.