ڕێکخراوەکان کەڕ کوێرن؛ دۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کامپەکاندا سەختە

سەرەڕای دۆخی سەختی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژیانی ئاوارەیی لە کامپەکانی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە هۆی نەبوونی هاوکاری و پێداویستیشەوە دەناڵێنن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێدەنگن لە ئاستیان.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- خەڵکی عەفرین کە بە زۆر ئاوارە بوون بۆ کانتۆنی شەهبا بەهۆی ئاوارەبوون و ژیانی ناو کامپەکان و ئەو گەمارۆیەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، بەڵام ئازاری خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت چەند هێندە زیاترە و بەهۆی بێهەڵوێستی ڕێکخراوەکان و شکستهێنان لە پاڵپشتیکردنیان، دوو هێندە ئازار دەبینن و خەڵک پشتگیری یەکتر دەکەن بە دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک کورسی تایە و قەرەوێڵە و کەرەستە پیادەڕەوەکان.

 

نەبوونی پێداویستی ژیانی گەنجێکی کۆتایی پێهێنا

ئامینە بیرام، یەکێک لە منداڵەکانی تووشی نەخۆشی دەمار بووە و چەند مانگێک لەمەوبەر لە ئەنجامی نەخۆشیەکەی ژیانی لەدەستداوە، دەڵێت: لە سەرەتای نەخۆشییەکەی کوڕەکەمدا، بارودۆخەکەی نزیک بوو لە جێگیربوون، بەو پێیەی دەیتوانی لەسەر قاچەکانی بەبێ کێشە و ئاستەنگ بڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەمانتوانی دەرمان و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەین، نەخۆشییەکەی خراپتر بوو، توانای ڕۆیشتن و وەستانی نەبوو لەسەر پێیەکانی، چونکە دەمارەکانی نەیانتوانی بیجوڵێنن، بۆیە ناچار بووین کورسی گەڕۆک بکڕین تا بتوانێ ڕۆژانە هاتوچۆ بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کوڕەکەی نزیکەی سێ ساڵ نەیتوانیوە بجوڵێت، دوا ڕۆژەکانی لەسەر کورسی گەڕۆک بەسەربردووە، بەڵام نەبوونی چاودێری و دابین نەکردنی دەرمان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان هۆکاری گیان لەدەستدانی کوڕەکەی بوو.

 

دوای کۆچی دوایی کوڕەکەی، ئامینە بیرام ئەو کورسییەی بەخشییە یەکێک لە خێزانە ئاوارەبووەکانی عەفرین لە شاری شەهبا کە زۆر پێویستی بەو کورسییە بوو و توانای کڕینی کورسییەکەشی نەبوو.

 

خراپی دۆخی ئابووری، دۆخی خێزانەکانی قورس کردووە

ئامینە عەزیز لەگەڵ هاوژینەکەیدا کە نەخۆشی شەکرەکەی هەیە، ڕووبەڕووی چەندین سەختی و ناخۆشی بوونەتەوە، ئامینە ئەگەرچی خۆی پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، بەڵام هەموو خزمەتگوزاری و خەمخۆرییەک بۆ هاوژینەکەی پێشکەش دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات، کە یەکێک لە ئاوارەبووەکانی عەفرین لە شەهبا کورسی گەڕۆکی بۆ دابینکردووە بۆ ئەوەی هاوژینەکەی بتوانێت دابنیشێت و بچێت بە ئاسوودەیی و ئاسانتر دەربچن.

 

ڕێما ئیبراهیم، ​​ئەندامی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە کۆمینی ناوچەی بابنس ئاماژەی بەوەدا، کە خەڵکی ئاوارەی عەفرین بەگشتی و ئەوانەی پێویستی تایبەتیان هەیە بەتایبەتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی پێداویستییەکانی ژیان، وەک گەرمکەرەوە لە وەرزی زستاندا، جگە لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی وەک کەرەستەی ناو نەخۆشخانە و کەرەستەی یارمەتیدەر بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە.

 

ئەو پێی وایە کە کورسی گەڕۆک و ئامێرە یارمەتیدەرەکانی تر بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەنها ئامرازێک نین بۆ بەرزکردنەوە و گواستنەوەی جەستەیان، بەڵکو کاریگەری لەسەر باری دەروونییان هەیە پێش باری جەستەیی خۆیان، بەو پێیەی پێویستە نەخۆشەکان بتوانن بەدەوری خۆیاندا بجوڵێن، لە ماڵەوە دەربچن، هەوای پاک هەڵبمژن و بەر خۆر بکەون و لەگەڵ کەسانی تر تێکەڵ بببن

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کرد بەخێرایی پاڵپشتی ئاوارەکانی عەفرین بکەن لە شەهبا و هاوکاری و کەرەستەی پزیشکی سەرەتایی و پێویستیان بۆ دابین بکەن.