"خوێندنەوە جیهانێکی بێ دەنگە بۆ دروستکردنی منداڵێکی پێشەنگ"

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کاری کردووەتە سەر هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت توێژی منداڵ، کە لە ئێستادا دوورن لە خوێندنەوەی بابەتەکان، ڕاهێنەرێکی پەروەردەیش دەڵێت: خوێندنەوە گرنگە بۆ ئەوەی منداڵێکی پێشەنگ بەرهەم بێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- منداڵ توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەیە، کە تا گەورەبوونیان لە ژێر پەروەردەی خێزانەکاندا دەبن. پێگەیاندنی هەر منداڵێکیش دەکەوێتە سەر خێزان کە ژینگەیەکی چۆنی بۆ دەڕەخسێنێت، بۆ پێگەیاندنی منداڵێکی زیرەک و بە ئیرادە دەبێت لە ژینگەیەکدا گەورە بێت خوێندنەوەی تێدا بێت، بەتایبەتی ئەو گۆڤار و کتێب و بابەتانەی پەیوەستە بە منداڵەوە، بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئاشنای خوێندنەوە ببێت و سەرکەوتوو بێت لە قۆناغەکانی ژیانیدا.

 

"دەبێت چیرۆک و گۆڤاری منداڵان بە پێی تەمەن بدرێت بە منداڵ بۆ خوێندنەوە"

ڕەیان مەولود، ڕاهێنەری پەروەردەیی ئاماژەی بەوەکرد، منداڵ پێویستە پێش قوتابخانە، ڕەوزە ببینێت بۆ ئەوەی شارەزای ڕەنگەکان و ژمارەکان ببێت، دەبێت دایک و باوک بزانن منداڵ لە چی ئاستێکدایە و بەو پێیە فێری ڕەنگ و خوێندنیان بکەن، پێش ئەوەی منداڵیش بخەنە باخچە وا باشترە ڕەنگ و خوێندنەوەیان لێ دوور بخرێنەوە و زیاتر ئەو شتانەیان پێ بدرێت کە بەرجەستەن، دوای ئەوەی منداڵ دەچێتە قوتابخانە جیهانێکی تر دەبینن، بێگومان ئەگەر منداڵ پێش قوتابخانە لەلایەن دایک باوکەوە چیرۆکیان بۆ بخوێندرێتەوە ئاستی زیرەکییان زیاتر دەبێت، چونکە فێری زۆر شت دەبێت، بۆیە چیرۆک و گۆڤارەکانی تایبەت بە منداڵان سوودێکی زۆریان هەیە بۆ منداڵ، بەڵام بە پێی تەمەن بێت.

 

"خوێندنەوە ئاستی هزری منداڵ بەرەو پێشەوە دەبات"

ڕەیان مەولود ڕوونی کردەوە، لە کتێبخانەکاندا کتێب و چیرۆکی زۆر بەسوود هەیە بۆ منداڵان، بەڵام هەندێکیشیان بۆ منداڵ نابێت، چونکە دەبێت دوور بێت لە ئەفسانە و نزیک بێت لە ڕاستییەوە، دەشڵێت: خوێندنەوە ئاستی هزری منداڵ بەرەو پێشەوە دەبات و وا لە منداڵ دەکات پرسیاری لا دروست بێت، وا باشترە منداڵ لە وەرزەکانی خوێندندا دوور بێت لە بابەتی دەرەوەی قوتابخانە بۆ ئەوەی توشی سترێس نەبێت، دایک و باوکیش دەبێت یارمەتیدەری منداڵەکانیان بن لە خوێندنەوەدا، چونکە ئەگەر منداڵ دایک و باوکی نەبینی بخوێننەوە، ئەویش حەزی بۆ خوێندنەوە نابێت، کەواتە دایک و باوک بڕیار دەدات منداڵەکەی ببێت بە خوێنەرێکی باش یان نا.

 

وتیشی: هەندێک قوتابخانە بەشێکیان تایبەت کردووە بە کتێبەکانی منداڵان لە ڕووی تەندروستی و زانستی و چەندین بابەتی ترەوە، کە ئەمە سوودێکی یەکجار زۆر بە منداڵ دەگەیەنێت لە کاتی پشووەکاندا بخوێنێتەوە، هیوادارم خوێندنەوە بکرێت بە ستانداردێک کە منداڵ جگە لە وانەکانی بابەتی تر فێر ببێت، دایک و باوک نابێت هەمیشە هەڵبژاردنی کتێبەکان بەخەنە دەست منداڵەکانیان، چونکە هەندێک جار منداڵ حەزی بە بەرگی کتێبێکە، بەڵام لە ڕاستیدا ناوەڕۆکەکەی بۆ منداڵ باش نییە، یان نابێت بەس بۆ ئەوەی منداڵەکە بخوێنێتەوە گۆڤارێکی بۆ بکڕیت و پێی بدەیت، بەبێ ئەوەی بزانی چی لەناویدا هەیە.

 

"کتێبی قۆناغەکانی سەرەتای خوێندن جیاوازی ڕەگەزی نیشان دەدات"

ڕەیان مەولود ئەوەشی خستەڕوو، زۆرجار کتێب و بابەتەکان بە منداڵان جیاوازی ڕەگەزی تێدا باس کراوە و ژنانی ئەرکدار کردووە بە ئیشەکانی ماڵەوە و پیاوانی ئەرکدار کردووە بە ئیشی دەرەوە، بەتایبەتی لە کتێبەکانی قۆناغی سەرەتای خوێندندا، ئەویش کاریگەری کۆمەڵگەیە بەسەرمانەوە، ئەمەش دوو لایەنی هەیە، لایەنە ئەرێنیەکەی ئەوەیە منداڵ فێر دەکات لەسەر ئەرکەکان، لایەنە نەرێنیەکەی وا لە منداڵ دەکات وا بزانێت دایک تەنها ئەرکەکانی لە ماڵەوەیە، لە کاتێکدا دەبێت ئەوە نیشانی منداڵ بدرێت و فێر بکرێت کە ژنان هەم ئەرکیان هەیە هەم ماف.

 

دەشڵێت: هۆشیاری خێزانەکان تا ڕادەیەک باش بووە بەس زۆر نا، چونکە ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیایە، خێزانەکان لە ئێستادا زیاتر بیریان لای ئەوەیە چۆن ڕەسمێک بگرن و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی بکەنەوە، نەک بڕۆنە شوێنێک و کتێبێت بخوێننەوە تا منداڵەکانیشیان لێیانەوە فێر بن، چونکە منداڵ ئەگەر نەیبینی ژینگەکەی خوێنەرە نازانێت خوێندنەوە چیە، کتێب کارەکتەرێکی بێدەنگە منداڵ فێر دەکات چی بکات، خێزانەکان دەیانەویت منداڵەکانیان هۆشیار بن بێ ئەوەی ماندوو بن لەگەڵیان کە ئەمەش شتێکی هەڵەیە.

 

"چیرۆک خوێندنەوە دەروونی منداڵ ئارام دەکاتەوە"

ڕەیان مەولود لە کۆتایدا وتی: ئاستی منداڵان لە ئێستادا بەرەو پێشەوە ڕۆشتووە، هەندێک منداڵ دەبینین لە کاتی پشووەکاندا خەریکی خوێندنەوە دەبن، داوا لە دایکان و باوکان دەکەم ئەگەر شوێنێکی بچوکیش بێت لە ماڵەکەیاندا دابینی بکەن بۆ کتێب، چونکە کتێب خوێندنەوە زۆر گرنگە بۆ منداڵ، شوێنەکانی تایبەت بە کتێب بگەڕێن و پێش ئەوەی بیدەن بە منداڵەکانیان خۆیان بیخوێننەوە، هەوڵ بدەن پێشخەوتنی منداڵەکانیان چیرۆکیان بۆ بخوێننەوە، چونکە وا دەکات منداڵکە خەوێکی ئارامی هەبێت و ڕێژەی زیرەکیشی زیاتر بێت و لایەنی دەروونی ئارام بێت، جیهانی خوێندنەوە جیهانێکی بێ دەنگە بۆ دروستکردنی منداڵێکی پێشەنگ.