مامۆستایەک: پێویستە مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران پاڵپشتمان بن

بایکۆتی مامۆستایان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان دژی پێنەدانی مووچە و دانەمەزراندن بەردەوامە و مامۆستایەکیش دەڵێت: ئەم بایکۆتەی ئێمە شۆڕشێکە دژی گەندەڵی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ماوەی سێ مانگە مووچە تەنها یەک مووچە دابەشکراوە و مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو بایکۆتی هۆڵەکانی خویندنیان کردووە، هەرچەندە بایکۆتی مامۆستایان زیان لە کەرتی خوێندن و پێشکەوتنی قوتابی دەدات، بەڵام حکومەت بێدەنگە و داواکاری مامۆستایان جێبەجێ ناکات و جگە لەوەش بە هەڕەشەی لابردنیان لە قوتابخانەکان مامۆستایان بێدەنگ دەکات لەوەی داوای مافی خۆیان بکەن و بڕیاری گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن دەدات.

 

"هەڕەشەی دەرکردنمان لە قوتابخانە وای کردووە واز لە بایکۆت بهێنین"

نەسرین ئەحمەد، مامۆستا ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەکو مامۆستای دامەزراو هەر لە ٢٠١٦ەوە بایکۆت دەکەین و بەهۆی هەڕەشەوە بایکۆت دەشکێنین، دەبوو ئێمە هەر لەو کاتەوە بەردەوام بووینایە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانەوە بایکۆتمان شکاند، چونکە کاتێک نووسراو بۆ بەڕێوبەری قوتابخانەکان دەهات، دەوترا ئەگەر مامۆستایانی دامەزراو نەیەنەوە هۆڵەکانی خوێندن مامۆستای وانەبێژ دەچێتە جێگەیان، لە ئێستاشدا ئێمەی مامۆستای دامەزراو و وانەبێژیش داوای مافی خۆمان دەکەین و داوای ئەو مووچە خواراوانە دەکەین کە بە مەبەستی پاشەکەوت لێمان بڕاوە، هەرچەندە ئەوە هیچ پێی ناوترێت پاشەکەوت، بەڵکو مووچەکانمان دزراوە، چونکە کاتێک پێی دەوترێت پاشەکەوت کە من پێویستم پێی هەبوو حکومەت بێت بە هانامەوە.

 

"قوتابی لە ٢٠١٣ەوە مافی خوراوە"

نەسرین ئەحمەد ڕوونی کردەوە، ئێمە ستەمێکی زۆرمان لێ دەکرێت بۆیە بایکۆت دەکەین، چونکە بایکۆت شۆڕشێکە دژی ستەم و گەندەڵی، چەندین ساڵە دامەزرادن و پلە بەرزکردنەوە وەستاوە جگە لەوەی خانەنیشینکردنی مامۆستایانی هەرێم لە بەغدا جیاوازە، قوتابیش هەر لە ساڵی ٢٠١٣ەوە زیانی بەرکەوتووە، کاتێک دامەزراندن ٩ ساڵە وەستاوە کەچی ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر خوێندکار زانکۆ و پەیمانگا تەواو دەکەن و کاریان نییە، ئەگەر حکومەت ناتوانێت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگا دابمەزرێنێت کەوایە بۆچی قوتابی ١٢ ساڵ بخوینێت و لە کۆتایدا بەرهەمێکی نەبێت.

 

وتیشی: لە ئێستاشدا قوتابی سارد بووەتەو لە خوێندن، چونکە پێشتر قوتابی بۆ ئامانجێک دەیخویند کە دوای تەواوکردنی کارێک بکات، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە هیچ ئامانجێکیان نییە کە لە ڕێگەی خوێندنەوە پێی بگەن کە دەبینێت چواردەوری دانامەزرێن و کاریان نییە، حکومەتیش خۆی بێدەنگ کردووە لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی میلەتگەل لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵک ئیشێكی تری گرتووەتە دەست، بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لەو مووچە خوراوەی و حکومەت لای نەبات لەسەر کارەکەی.

 

"فەسڵکردن مامۆستایانی بی دەنگ کردووە لە داواکارییەکانیان"

نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، دەرچوونی بڕیاری دەرکردنی مامۆستایان وای کردووە مامۆستا ترسێکی لا دروست ببێت لە داواکردنی مافەکانی خۆی، لە کاتێکدا من وەکو مامۆستایەک قوتابی فێر دەکەم داوای مافی خۆی بکات، چۆن دەبێت لە بەرامبەر زەوتکردنی مافەکانی خۆمدا بێدەنگ بم، کەواتە نابێت قسەیەکی ناڕاست بۆ قوتابیەکانم بکەم، قوتابی لە ماڵەوە نەخوێنێت لەوە باشترە من باسی بابەتی مافی مرۆڤ و مافی قسەکردنی بۆ بکەم کە هیچیان جێبەجی ناکرێت.

 

دەشڵێت: ئەگەر مامۆستایان یەکدەنگ و یەکگرتوو بوونایە دەمێک بوو کێشەکان چارەسە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا کە بایکۆتمان ڕاگەیاندووە بەشێک لە مامۆستایان دەڕۆنەوە هۆڵەکانی خوێندن لە کاتێکدا هیچ بڕە پارەیەکی پێ نییە و مووچەی پێ نەدراوە، ئێمەش تەنها داوای مافی خۆمان و مووچەکانمان دەکەین کە بژێوی ژیانمانی لەسەرە، بەڵام حکومەت بێ هەڵوێستە.

 

لە کۆتاییدا ئەو مامۆستایە وتی: بایکۆتی مامۆستایان چەند زیانی بۆ قوتابی هەیە، دوو هێندە زیانی بۆ قوتابیانی چینی هەژار و مامناوەند هەیە، چینی باڵادەست لە هەر قوتابخانەیەک بیانەوێت دەتوانن بخوێنن، تەنها بینینی ئەو دیمەنە دەروونی قوتابیانی چینی هەژار دەڕوخێنێت، ئێمە دەبوو لە ئێستادا ئەو جیاوازییە چینایەتییە کەم بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە زیاتر بووە و هۆکاری سەرەکیشی حکومەتە، بۆیە دەبێت مامۆستایان بە دامەزراو و وانەبێژ و قوتابی و دایک و باوکیان بە یەکدەنگ داوای مافەکانمان بکەین و تا بەدەستی نەهینێن، بایکۆت نەشکێنین، ئەگەر ئەم دۆخەش چارەسەر نەکرێت قەوارەی هەرێم و دۆخی تاک لە کۆمەڵگەدا بەرەو خراپبوون دەڕوات.