ڕۆژنامەنووس مەهناز قزڵو: پێویستە میدیاکانی ئێران ڕاستییەکان بە جیهان بگەیەنن

ڕۆژنامەنووس مەهناز قزڵو ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران هەمیشە ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات و دەستبەسەریان دەکات، وتیشی: پێویستە میدیاکان ڕاستییەکان بۆ جیهان ڕابگەیەنن، لەم ڕووەوە ئەرکی زۆر لەسەر میدیای ئۆپۆزسیۆنە.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە بیانووی نبەستنی حیجابی شەرعی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، ئەو چالاکییانەی بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و بە خێرایی بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوبوونەوە، گۆڕا بۆ سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕژێمی ئێران ئەو کەسانەی کردە ئامانج کە پشتیوانی ڕاپەڕینیان دەکرد، بەتایبەتی ژنانی چالاکوان، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و خوێندکاران، ئەم دۆخەش تا ئێستا بەردەوامە.

 

ڕۆژنامەنووس مەهناز قزڵو، ئەندامی بزووتنەوەی ژیانی ئازاد باسی لە سەرهەڵدان و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان کرد و وتی: ژنان لە ساڵی ١٩٥٧ەوە دژی "حیجابی ناچاری" ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، داخوازییەکانی ژنان بۆ ئازادی لە مێژووەوە تا ئێستا بەردەوامن، بۆیە بەردەوام سەرهەڵدانەکان هەنگاوی گەورەتر و گۆڕانکاری زیاتری تیا ئەنجام دەدرا.

 

مەهناز قزڵو ڕوونی کردەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە جیهاندا دەنگی دایەوە و وتی: لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەوەندە وابەستەی سیستەمی پیاوسالاری و گرێدراوە پێوەی، بۆ یەکەمجار دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترێتەوە، ئەمەش سەرچاوەی خۆی لەو سەرهەڵدانەوە دەگرێت کە دژی هەموو کۆیلایەتی و پیاوسالاری و چەوساندنەوەیەکە، چونکە بناغەی دروشمەکە و ڕاستینەی کۆمەڵگەش دەریدەخەن، ئازادی ژن لە کۆمەڵگە و نەهێشتنی هەڵاواردن، ئازادی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت.

 

"پیاوانیش ئازاد نین"

مەهناز قزڵو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە نەک تەنیا ژنان، بەڵکو پیاوانیش لە ئێران ئازاد نین و وتی: ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە، هەموویان لە زینداندان، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا زۆرن، هەمیشە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان بلۆک دەکرێن و بێدەنگ دەکرێن، ئازادی ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە ڕێساکانی دیموکراسی، بەڵام لەوەتەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاتووەتە سەر دەسەڵات، بەردەوام ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کراوە و هەوڵی ڕێگری لە ڕەوتی هەواڵەکان دراوە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان تەنها لەسەر ڕاپۆرت و پرسیارکردن لە ئەنجامەکانی شۆڕش دەستگیرکراون، پرسیارکردن مافی هاوڵاتییە، پێویستە ڕۆژنامەنووسان پرسیار بکەن و هۆشداری بدەن و بەدواداچوون بکەن و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن.

 

"دەبێت میدیا ڕاستییەکان بۆ جیهان ڕابگەیەنێت"

لە درێژەی قسەکانیدا، مەهناز قزڵو ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لە سەرهەڵدانەکان و وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێناسەی ڕوون و ستانداردی نێودەوڵەتیمان نییە سەبارەت بە میدیاکان، ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە پێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات نەک بە پێی بەرژەوەندی گەل، پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێران پتەوتر بکەین و کار بۆ کۆمەڵگەیەکی زیرەک بکەین، بەم واتایە پێویستە میدیاکان ڕاستییەکان بۆ جیهان ڕابگەیەنن، چونکە ئەو ئەندامانەی ڕۆژنامەگەری کە لە ڕژێمەوە نزیکن دەتوانن جەماوەر بەلاڕێدا ببەن و هەندێک ڕەهەند و لایەنگری نیشان بدەن و هەڵسوکەوتەکان پێچەوانە بکەنەوە، بۆیە ئەرک و کاری میدیای ئۆپۆزسیۆن زۆرترە.