قومارکردن، یارییەکی نوێ بە ژن و خێزانەوە

قومارکردن بۆ بەلاڕێدابردنی هۆشی مرۆڤ و بێ ئاگاکردنیان لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی ماددی پەرەی پێدرا، ئێستا لە باشووری کوردستان گەشتووەتە ئەو ئاستەی کە پیاوان قومار بە ژن و کچ و خێزانەکانیانەوە بکەن و وەک کاڵایەک مامەڵەیان پێوە بکەن

شنیار بایز

 

سلێمانی- قومارکردن، یەکێکە لەو یاریانەی دەسەڵاتداران و بازرگانەکان لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و موڵکی زیاتر ئەنجامی دەدەن و یارییەکی سەرمایەدارییە بۆ بەلاڕێدابردنی هۆشی مرۆڤ و بێ ئاگاکردنیان لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی ماددی، ئەم یارییە بە گشتی مەترسیدارە، بەتایبەت ئەگەر لە دۆخی قەیرانی ئابووریدا ئەنجام بدرێت و کەسانی ئاسایی کۆمەڵگە تێوەی بگلێن، چونکە هیچ سەرمایەیەکیان نییە و ناچارن مامەڵە بە مرۆڤەوە بکەن لە پای ئەو قەرزەی دەکەوێتە سەریان لە دۆڕانێکدا.

 

لە باشووری کوردستان قومارکردن تەشەنەی سەندووە و ئەوەی بووەتە جێی سەرنج قومارکردنە بە ژن و کچ و خێزانەوە، کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگە و چەندین کەیسی هاوشێوە هەیە، کە کاتێک پیاوێک لەسەر مێزی قومار دەدۆڕێت، کچ و ژن و ئەندامانی خێزانەکەی دادەنێت لەپای دەرچوون لەو دۆڕانەی هێناویەتی، بەمەش ئەو یاریە هۆکارە بۆ بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤێکەوە، بەوەی وەک کاڵایەک مامەڵە بە ژنانەوە دەکرێت.

 

سیستمی سەرمایەداری ڕەوایەتی زیاتر بە ئەنجامدانی قومار دەدات

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، دەربارەی ئەنجامدانی قومارکردن بە ژنانەوە لەلایەن پیاوانەوە ڕوونیکردەوە، قومارکردن ڕەفتارێکی تا بڵێی نەشیاو و خراپە، ئەو کەسانەی دەیکەن ئامانجیانە بە بێ هیلاکبوون بڕێک پارەی زۆریان دەستبکەوێت، قومارکردن لە مێژە بوونی هەیە و پیاوان ئەنجامیان داوە، بەڵام سیستمی سەرمایەداری گرنگی بەم بابەتە دەدات و بەهۆی ئەم سیستمەوە قومارکردن زیاد بووە و وڵاتانی سەرمایەداریی برەوی پێدەدەن، ئەو پیاوانەشی قومار دەکەن بە ژنەکانیانەوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەک کاڵایەک مامەڵە بە ژنەکانیانەوە دەکەن، لە پاش لەدەستدانی خانوو و پارە و تەواوی داهاتیان هەڵدەستن بەوەی قومار بە ژنەکانیانەوە بکەن.

 

"قومارکردن و مامەڵەکردن بە ژنانەوە لوتکەی ناشرینکردنی مرۆڤە"

کەژاڵ عەبدولقادر ڕوونیکردەوە لەم سەردەمەی ئێستادا کە جیهان پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و لە ڕێی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشیاری بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە بەر بەم حاڵەتانە بگیرێت، چونکە ئەوەی لەم نێوەندەدایە مرۆڤێکە و وەک کاڵایەک مامەڵەی پێوەدەکرێت، قومارکردن کاریگەری خراپ لەسەر ژنان دروست دەکات، کاتێکیش بابەتەکە دەبێتە مامەڵەکردن بە ژنێکی ئەو خێزانەوە ئیتر دایک بێت، کچ بێت یاخود خوشک جیاوازی نییە و لە کۆتایدا کاریگەری دەخاتە سەر خێزانەکە، چونکە ژنان پەروەردەکارن و خێزان و کۆمەڵگە لەسەر دەستی ئەوان پەروەردە دەکرێت، بەمەش نەک تەنها ئەو خێزانە، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.

 

"دەسەڵاتداران وەک بازرگانییەک لە قومارکردن دەڕوانن"

ئەو داکۆکیکارەی مافی ژنان باسی لەوەکرد، هیچ کام لە ئەندامی خێزانەکان حەز بەوە ناکەن لە پای پەیداکردنی پارە و داهات، بە قومار دۆخی ئابووریان باشبێت، چونکە لێیان دیارە ڕۆژێک دێت یاری بەو ئەندامانەی خێزانەشەوە دەکرێت، وتی: بەشێک لە هۆکاری دەستپێکردن و یاریکردنی قومار خراپی دۆخی ئابووریە، لە کاتێکدا کەسانی هەژاریش هەن کە قومار ناکەن، بەڵکو کەسانی باڵا دەست و کەسانی دەوڵەمەندی شارەکەن و لەپێناو خولیای خۆیان ئەنجامی دەدەن".

 

ئاماژەی بەوەدا، ژنان لە قوماردا پشکی زیاتری زەرەریان بەردەکەوێت، چونکە بەشێکی یارییەکان لەسەر ژن و کچەکان دەکرێت و وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو خێزانە هەڵوەشێتەوە و کێشە بۆ خێزانەکە دروست ببێت، هەر ژنێکیش قوماری لەسەر نەکرێت و تەنها هاوژینەکەی قومارچی بێت دووبارە مەترسی لەسەر ژیانییەتی، چونکە بەردەوام هەست دەکات ڕۆژێک دێت ئەمیش قوماری پێوە دەکرێت، یاخود مەترسی ئەو کەسانەی لەسەرە کە قومار لەگەڵ هاوژینەکەی دەکەن و لە کاتێدا هاوژینەکەی دۆڕاندوویەتی.

 

"دەبێت لە ڕێگەی چالاکی و یاساوە ڕێگری لە قومار بکرێت"

کەژاڵ عەبدولقادر بە پێویستی دەزانێت هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنانی داکۆکیکار بێنە دەنگ لەسەر مافەکانی ژنان و بە کاڵاکردنیان، چالاکی لەسەر ئەنجام بدرێت و بکرێتە یاداشتنامە و پێشکەش بە دادگا و سەرۆکی هەرێم بکرێت، چونکە ئەوانن توانای ڕاگرتنی ئەم حاڵەتانەیان هەیە، هەروەها خودی یاسا بۆ خۆی حکوم بکات بەسەر ئەو کەسانەی قومار دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی قومار بە جەستەی مرۆڤێکەوە دەکەن، چونکە ئەم حاڵەتانە بەری پێنەگیرێت دەرەنجامێکی خراپی دەبێت بۆ کۆمەڵگە و خێزانەکان.