"نازانم بۆچی تاڵیبان لە چەند پارچە کاغەزێکی دەستمان دەترسێت"

فایقە نیزام، خوێندکارێکی ناڕازییە و دەڵێت: هەمان ڕۆژ کە زانکۆکانمان داخران، ناڕەزایەتی لە هەموو ئەفغانستان لە پارێزگا جیاجیاکان سەریهەڵدا و ئێمەی کچانی غەزنی پەیوەندیمان بەیەکەوە کرد و بڕیارماندا کە نابێت دەستبەرداری خوێندن ببین.

بەهاران لاهیب

 

غەزنی- فایقە نیزام، دەرچووی قۆناغی دووەمە لە بەشی یاسا، بە داخستنی زانکۆکان ناچار بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی کە چوار کەسن، نانەواخانەیەک لە شاری غەزنی بکاتەوە، لە بواری کۆمەڵایەتیدا وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانی بێبەش بووە لە چالاکییەکان بەهۆی دەسەڵاتی دژە ژنی تاڵیبانەوە، چونکە هەموو ناوەندەکانی خوێندن بۆ کچان و ژنانی گەنج داخران، بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کچ و کوڕ و مامۆستایانی زانکۆ ناڕەزایەتیان دەربڕی کە نابێت ژنان لە خوێندنی زیاتر بێبەش بکرێن.

 

فایقە نیزام یەکێکە لە خوێندکارە ناڕازییەکان و دەڵێت: لەهەمان ڕۆژدا کە زانکۆکانمان داخران، ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئەفغانستان لە پارێزگا جیاجیاکان سەریهەڵدا و تاڵیبانیش هەموویان سەرکوت کرد، چەند کەسێکیان زیندانی کرد، ئێمەی کچانی غەزنی پەیوەندیمان بە یەکەوە کرد و بڕیارماندا کە نابێت خۆمان ڕادەست بکەین، بۆیە چووینە دەرەوە بۆ سەر ڕێگا و تەقەی ئاسمانییان لێکردین بۆ ئەوەی بڵاوە بکەین.

 

فایقە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نازانم بۆچی تاڵیبان لە چەند پارچە کاغەزێکی دەستمان و ئەو ژمارە کەمەی ئێمە کە دەچینە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاکان دەترسن، هەمیشە دەترسن و دەیانەوێت ژمارەی ئەو کچانە کەم بکەنەوە کە دەچنە دەرەوە، پرسیار دەکەم ئەگەر ڕۆژێک ملیۆنان ژن و پیاو بڕژێنە سەر شەقامەکان و چەکدار بن، چی دەکەن؟

 

لەو ڕۆژەوە فایقە و هاوڕێکانی بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئامانجی سەرەکیشیان ئەوە بوو کە، تاڵیبان یاسا دژە ژنانەکانیان جێبەجێ نەکەن، هەوڵیش دەدەن لە هەموو گۆشەکانی وڵاتەوە دەنگی خۆیان لە دژی تاڵیبان بەرز بکەنەوە، ئەگەر بچووکیش بێت، دواجار دەگۆڕێت بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری.