چالاکوانێک: تا ئێستا لە جیاتی خاک، ژن شەرەفە

خەدیجە موسا، سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان باسی لە توندوتیژی دژی ژنان کرد و وتی: جێی داخە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەدا شەرەف خاک نییە، بەڵکو شەڕەف ژنە، تا ئێستاش دەرکەوتن و ئازادی ژن و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە زۆر شوێن قەدەغەیە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا بوونی هەیە و تەنها شێوازەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە پەردەپۆش دەکرێت و لێدان لە ژن و توندوتیژییەکان، بە ناوی ژن کەم ئەقڵە و دەبێ ئاقڵ بکرێت، ڕەوایەتی پێدەدرێت، بەڵام هەموو ئەم بۆچوونانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری باڵادەست و ترسی سیستم و پیاوانە کە ژنان بە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بگەن.

 

"توندوتیژی لە جیهاندا هەیە و کۆمەڵگەکاندا شێوازەکەی دەگۆڕێت"

خەدیجە موسا، سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لە هەرێمی ڕاپەڕین، باسی لەوەکرد، شێوازی توندوتیژی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕێت، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بە هەمان شێوە توندوتیژی بوونی هەیە، ئەوەی جێی داخە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی کوردیدا شەرەف خاک نییە، بەڵکو شەڕەف ژنە، تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەرکەوتن و ئازادی ژن و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە زۆر شوێن قەدەغە و هێڵی سورە، بۆیە کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی دنیادا و بە تایبەتیش تەشەنەسەندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ماوەیەکی کەمدا بەبێ هیچ هۆشیارییەک، توندوتیژی دژی ژنانی زیاد کردووە، وتیشی: لە کۆنیشدا توندوتیژی دژی ژنان هەبووە، وەکو ژن بە ژن، هاوسەرگیری گەورە بە بچوک، لەسەر لانک مارەکردن، ژن هەبووە ئاگای لێ نەبووە کاتێک بە شوو دراوە، دراوەتە کەسێک کە دوو تەمەنی خۆی هەبووە، ئێستا ئەوانە کاڵ بوونەتەوە، بەڵام واتای ئەوە نییە توندوتیژی کۆتایی هاتووە، بەڵکو تەنها شێواز و قۆناغی توندوتیژییەکە گۆڕاوە.

 

خەدیجە موسا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا زیاتری ژنان لە پرسی هاوسەرگیریدا بە ڕای خۆیەتی، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕادەربڕینی ئازادانە بۆ ژن قەدەغە کراوە، وتیشی: توندوتیژی سێکسی لە ناوەندەکاندا هەیە، ژن لە بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکاندا ئیهانە دەکرێت و قسەی پێ دەوترێت، ئەوە یەکێک لە خاڵە گرینگەکان چونکە لە ناخەوە ئازاد بە ژنان دەگەیەنێت، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی، خیانەتی هاوسەرگیری زیادی کردووە، ئەمە کاریگەری لەسەر ژن و پیاویش هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا هەمیشە ژن بووەتە قوربانی، ژن دەکوژرێت و ژن ئیهانە و سوکایەتی پێدەکرێت، زۆر جار هەیە ژنەکە ناکوژرێت، بەڵام پیاوەکە تەڵاقی دەدات و هیچ پەناگەیەکی نییە بۆی بچێت، چونکە لای ئێمە ماڵە باوان ئەگەر هەشبێت بەڵام زانیان لە سەر پرسێکی ئەخلاقی و خیانەتە، کە لە ٪٩٠ی بێ بەڵگەیە و تەنها گومانە، نایگرنە خۆی و شوێنێکی نابێت ڕووی تێبکات، بەداخەوە شوێنی داڵدەدانی ژنانیش وەک پێویست نییە لە کوردستاندا، چونکە ئەوەی بچێتە شوێنی داڵدەدانەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا دەبێت لەو شوێنانە پەروەردە هەبێت و جارێکی دیکە بتوانین ئەو کەسە بێتەوە ناو کۆمەڵگە و بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەچنە ئەو شوێنانە جارێکی دیکە شوناسیان بزر دەبێت و زۆربەیان خۆیان دەکوژن، زۆربەیان لەوێوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

 

"ژنان قوربانی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرن"

خەدیجە باسی لە دیاردەی هەڕەشەکردن لە ژنان کرد لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، کە بە ناوی خوازراوەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە ژنان دەکەن و داوای پارە دەکەن، وتی: لەم پرسەدا هەمیشە ژنەکە دەبێتە قوربانی، زۆر ژن بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە سکاڵا بکات و بە خێزانەکەی بڵێت، ناچار بووە خۆی بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا تۆڕی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەکات، یاسای توندوتیژی خێزانیمان هەیە، کە ئەگەر کاری پێبکرێت دەتوانرێت توندوتیژی کەم ببێتەوە و ژن تیایدا پارێزراوە، بەداخەوە یاساکانیش وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و کەمیان چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 

ئەو چالاکوانە باسی لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرد، کە پیاوان ئالودەی دەبن و ژنان دەبنە قوربانی کێشەی خێزانی، لەو بارەیەوە وتی: ئێستا باشووری کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، دۆخی ئابووری بووەتە کێشەیەکی تری کۆمەڵگە و خێزانەکان بەدەست نەبوونی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژن دروست دەکات، خێزان هەیە لێک هەڵوەشاوەتەوە، یاخود بەردەوام لە کێشەی خێزانیدا دەژین، خێزان هەیە منداڵی نەخۆشی هەیە و کرێچییە، هەموو ئەمانەش کاریگەری لەسەر ژن دروست دەکات، پێویستە ئەم دۆخە چاک بکرێت، چونکە تا چەندە وڵات پارێزراو و ئاسایش بێت و ئابووری باش بێت، هێندە ژنان کەمتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

"حوکمی عەشایەری و حزبی لە سەروو دادگا و کاری ڕێکخراوەکانەوەیە"

لەبارەی کاری ڕێکخراوەکانەوە، خەدیجە موسا وتی: ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕێگەی دادگا و چالاکی خۆراوجۆرەوە کار دەکەن، بەڵام دواجار ئەوەی بڕیار دەدات لە پشت ئێمەوەیە و دەسەڵاتی عەشایەری و حزبییە، بەڕاستی دەسەڵاتی حزبی و عەشایەری بەهێزترە لە ئێمە لە کوردستاندا، بەهێزترە لەوەی کە یاسایەک هەبێت و تایبەت بێت بەو پرسە، بۆیە زۆر جار دەستمان دەگرن و هەنگاوەکان دەوەستێنێن و دەمانگەڕێننەوە دواوە، دەیان کەیسمان هەیە تا وەزارەتی دادیش ڕۆیشتووین، بەڵام دواجار بە فەرمانێک کە بە تەلەفۆنێکی کەسێکی سیاسی و کەسێکی عەشایەری دەردەچێت و هەموو کارەکان ڕادەگرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان کار دەکەین بۆ هۆشیاری و لەسەرپێ وەستانی ژنان، تا ژن ئازاد بێت و بتوانێت کەسێک چالاک بێت لە کۆمەڵگە و خێزانی تەندروست هەبێت، بۆیە ئێمە وەکو ڕێخراوەکان و چالاکوانان پێویستە کار بکەین و کۆمەڵگە تێبگەیەنین، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کارێکی ناڕەوایە و ژنان مافی خۆیانە ئازاد بژین و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، داوای ئەوە بکات کە هیچ کەس بۆی نیە دەستی لێ بەرز بکاتەوە و هیچ پیاوێک بۆی نیە مافەکانی پێشێل بکات.