خەتەنە کردنی مێینە: ئازارێکی دەروونی بێدەنگ

ژنان هەمیشە قوربانی دەستی نەبوونی هۆشیاری و دابونەریتی کۆنن، کە لە بەشێک لە ناوچەکاندا ڕەوایەتی بە خەتەنە کردنیان دراوە و دواتریش ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و خێزانی دەبنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خەتەنە کردنی مێینە دیاردەیەکی نامرۆڤانەی کۆمەڵگەکانە، کە پێیان وایە هەر ژنێک لە منداڵیدا خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵکراو نیە، بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١١ بڕگەیەک لە یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی جێگیر کرا، ئەویش قەدەغەکردنی دیاردەی خەتەنکردن و سزادانی ئەو کەسانە بوو کردەوەکە ئەنجام دەدەن.

 

لە یاساکەدا هاتووە هەر کەسێک هانی ئەنجامدانی کردەوەی خەتەنە کردنی مێینە بدات. سەرپێچی دەکرێت بە ١ ملیۆن دینار تا ٥ ملیۆن دینار، هەر کەسێک کردەوەی خەتەنە کردنی ئەنجام دا یان بەشداری تێدا کرد سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ٢ ساڵ زیاتر نەبێت، سەرپێچییەکەشی لە ٢ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، هەرکەسێک کردەوەی خەتەنە کردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداری تیادا کرد، سزای بەندکردنی دەدرێت کە لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت، سەرپێچییەکەشی لە ٥ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

 

"خەتەنە کردنی مێینە لە چاو ڕابردوودا کەمی کردووە"

شۆخ محەمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی وادی ئاماژەی بەوەکرد، خەتەنە کردنی مێینە دیاردەیەکە هەر لە کۆنەوە هەبووە، کاتێک هاوژینەکانیان دەڕۆشتن بۆ جەنگ، ئەمەش پەرەی سەند بۆ وڵاتە عەرەبییەکانی تر و عێراقیش لێی بێ بەش نییە، بەڵام ئێستا ڕێژەی خەتەنە کردن لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەچاو ڕابردوودا کەمی کردووە، ڕێکخراوی وادی لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بە شێوەیەکی چڕ کار دەکات لە ناوچەکانی کوردستان، بە تایبەتی کاتێک لە باخچەیەکی بازیان کاریان دەکرد سەیریان کرد کۆمەڵێک منداڵی کچ چەند ڕۆژێکە ئامادە نابن، کاتێک پرسیار دەکەن دەزانن کە خەتەنە کراون، لە ناوچەی گەرمیانیش کاتێک تیمەکانمان کاریان دەکرد، کۆمەڵێک ژن باسی ئەوەیان دەکرد کێشەیان لە پەیوەندی سێکسییا هەیە و دواتر دەرکەوت هۆکارەکەی خەتەنە کردنە.

 

"بەشێک لە خەڵکی تەنها لە ترسی یاساکە منداڵە کچەکان خەتەنە ناکەن"

شۆخ محەمەد ڕوونی کردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕێکخراوی وادی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ڕاپرسییەکیان کرد لە ناوچەکانی گەرمیان و بالیسان و چەند گوند و ناوچەیەک لە کەرکوک، دەرکەوت لە ٪٤٢ی منداڵی کچ خەتەنە کراون، ڕێخراوی وادی لە ساڵی ٢٠١١ کاری زۆری کرد و ١٤ هەزار واژۆمان کۆکردەوە، تا لە یاسادا بەشێک هەبێت بۆ قەدەغەکردنی خەتەنە کردنی منداڵی کچ، دواتر پێشنیارەکە جێبەجێ کرا و ئێستا بەشێکە لە یاسای توندوتیژی خێزانی، کۆتا ئاماریش لەلایەن حکومەتەوە بڵاوکرایەوە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی خەتەنە کردن کەمبووەتەوە بۆ ٪١١.٣، زۆربەی خەڵکیش تەنها لە ترسی یاساکە منداڵە کچەکانیان خەتەنە ناکەن.

 

وتیشی: ئێمە لە ڕێگەی چەندین سیمینار و خولەوە هۆشیاریمان بڵاو کردووەتەوە و مامانەکانمان لە یاساکە ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر کاری خەتەنە کردنی مێینە بکات، ڕێگەپێدانەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و ڕێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بەڵام بەهۆی کەمی فەندەوە لە سلێمانی کەمتر دەتوانین کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە فەرمی ڕامانگەیاند گەرمیان هیچ دیاردەیەکی خەتەنە کردنی مێینەی تیادا نەماوە، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ گەرمیان کە پێشتر بە ڕێژەیەکی زۆر ئەو دیاردەیە هەبوو.

 

"بەهۆی خەتەنە کردنەوە ژنانی گەنج ترسیان هەیە لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی"

شۆخ محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ژنانی بەتەمەن هانی ژنانی تر نادەن منداڵە کچەکانیان خەتەنە بکەن، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئەو دیاردەیەش دەگەڕێتەوە بۆ یاساکە، هەروەها لە ڕێگەی تەلەفیزۆن و ڕاگەیەندنەکانەوە هۆشیاری زۆرمان بڵاوکردەوە، ڕاگەیاندنیش ڕۆڵێکی گەورەی هەیە بۆ گەیاندنی هۆشیارییەکان، ئەو چالاکیانەش تا ئێستا بەردەوامە، چونکە لە پێشتردا تەنانەت ژن هەبووە دوای ژیانی هاوژینیش خۆی خەتەنە کردووە لەبەر قسەی کۆمەڵگە.

 

دەشڵێت: خەتەنە کردنی مێینە کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری هەیە وەک کاریگەری ڕاستەوخۆ کە منداڵەکە لەو کاتەدا توشی خوێنبەربوون دەبێت، لە کاتی گرتنی منداڵەکەدا لەلایەن چواردەورەوە کاتێک خەتەنە دەکرێت، منداڵەکە زۆر جار پەلەکانی دەشکێت، زۆر جار بە گروپ منداڵە کچەکان خەتەنە دەکرێن بە هەمان گوێزان کە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی زۆری هەیە، بەهۆی ترسەوە توشی ڵاڵ بوون دەبن، لە دوای گەورەبوونیشیان کێشە لە سوڕی مانگانە و ژیانی هاوژینیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە زۆربەی ژنانی گەنج ئەترسن لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی.

 

"سوڵحی عەشایەری وای کردووە کەسانی تاوانبار لە خەتەنە کردندا بە سزا نەگەن"

شۆخ محەمەد جەختی کردەوە، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوداین و زۆربەی خەڵک هۆشیاریان نییە لەسەر خەتەنە کردن و بابەتەکانی تر، تەنانەت کەسانی شارەزاش لەو بوارەمان نییە بتوانێت قسە بکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگەکەمان پێویستی پێیەتی، هەرچەندە ئێمە نامانەوێت شتێک پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەین کە دوور بێت لە کولتوورمان، بۆیە زۆربەی کێشە خێزانییەکان پەیوەندیدارە بە خەتەنە کردنی مێینەوە لە منداڵیدا، بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە بە تەواوی پێویستە هۆشیارکردنەوەیەکی چڕ هەبێت و یاساکەش بە تەواوی جێبەجی بکرێت، لەوەی ئەو کەسانەی خەتەنە دەکەن سزا بدرێن، نەک بە سوڵحی عەشایەری بکرێت.