کەمی ئاو کێشەی تەندروستی و ژینگەیی بۆ ژنانی ئاوارە لە ئیدلب دروست دەکات

ژنانی ئاوارە لە کامپەکانی باکووری سووریا بەدەست کەمیی ئاوی تەندروست و پاکەوە دەناڵێنن و ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی و ژینگەیی دەبنەوە، ئەمەش لە ئەنجامی بارودۆخی کەشوهەوا و ئەو دۆخەیە کە ژنانی ئاوارە تووشی دەبن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- دکتۆر یاسمین ئەلحەلەبی هۆشداریدا لە بەردەوامی کەمی ئاو لە کامپەکانی باکووری سووریا، کە بە کەمترین پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددی بۆ منداڵان و ژنانی ئاوارە و دانیشتوان بە گشتی، وتیشی: دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاوی پاک، پێش ئەوەی کامپەکە ببێتە ژینگەیەک بۆ گەشە سەندنی پەتا و نەخۆشییە درمیەکانی وەک کۆلێرا و تایفۆید و ئەوانی تر، پێویستییەکی سەرەکییە، چونکە بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپە ئابوورییەی کە دانیشتوانی کامپەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ناتوانن ئاوی پاک بکڕن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژانە زیاتر لە ٨ حاڵەتی ئەو ژنانە وەردەگرێت کە بەدەست نەخۆشییەکانی پێست و میزەوە دەناڵێنن، لەئەنجامی بەکارهێنانیان و خواردنەوەی ئاوێک کە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ ناگونجێت، ئەمەش هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە تەندروستیی و تووشبووەکان لە نێو دانیشتوانی کامپەکاندا.

 

عەدوییە ڕۆستەم، ژنێکی ئاوارەی ٣٧ ساڵە و نیشتەجێی کامپەکانی شارۆچکەی سنووری عەتمە لە باکووری ئیدلب، ڕۆژانە تەنها ١٠٠ لیتر ئاوی پاک وەردەگرێت، کە ئەمەش زۆر کەمترە لە پێویستی بەکارھێنانی بە بەراورد بە خێزانە پێنج کەسییەکەی، دەشڵێت: ئەو بڕە ئاوەی کە بەدەستی دەهێنێت بەشی پاککردنەوە، شۆردن، تەنانەت خواردنەوەش نییە لەم کەشوهەوا گەرمەدا، بەتایبەتی کە لە نزیک زبڵدانێکی تەنیشت کامپەکەی دەژین، کە پێویستییەکی زیاترمان بۆ پاککردنەوەی بەردەوام هەیە، ناچار بووم بچمە یەکێک لە بیرە کۆن و جێهێڵراوەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی پێویست، بۆ پاککردنەوە و شۆردن و خۆشۆردن، ئەمەش وایکردووە خۆی و کچەکەی تووشی نەخۆشییەکانی پێست ببن لە ئەنجامی ناتەندروستی ئاوی بیرەکە.

 

لەم دواییانەدا "حکومەتی ڕزگاری" سەر بە "دەستەی تەحریر شام" ڕێگری لە خاوەن بیرە تایبەتەکان کرد کە ئاو بەسەر ئاوارەکان لە گوندەکانی ئیدلب دابەش بکەن، هەڕەشەی سەپاندنی سزای داراییشی بەسەر خەڵکدا دەکرد کە بڕیارەکە پێشێل بکەن، ئەمەش لەپێناو قۆرخکردنی بازاڕە بۆ فرۆشتنی ئاو بە ئاوارەکان، کە ئازاری ئاوارەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە گەورەتر دەکات.

 

نوها زەیدان، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە لە کامپەکانی شارۆچکەی کلی لە باکووری ئیدلب ئاوارە بووە، دوای ئەوەی ڕێکخراوی بەرپرسیار لە دابینکردنی ئاوی کامپەکە لە ئەنجامی گواستنەوەی چالاکییەکانی وەستا، پەنای بۆ کڕینی ئاو بردووە، دوای ئەوەی تێبینی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە تەندروستییەکانی وەک سکچوون، هەوکردنی جگەر، کۆکە و چەندین نەخۆشی دیکەی کردووە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئاوی پیس و ناپارێزراو لە کامپەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش وای لێکردووە تێچوونەکانی لە ئەستۆ بگرێت.