جیاکاری لە شۆفێری و توندوتیژی زارەکی ئاشکرا

ئەو ژنانەی کە حەز بە شۆفێری دەکەن، لە وەڵامی "ئایا تووشی توندوتیژی زارەکی بوویت لەلایەن پیاوانەوە؟" ئەزموونی ناخۆش دەگێڕنەوە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- نزیکەی هەموو ئەو ژنانەی کە شۆفێری دەکەن ئەزموونی هاوبەشیان هەیە لە سووکایەتی و تانەی زارەکی لەلایەن شۆفێرانی پیاوەوە، چونکە هەندێک لە پیاوان هەر کە زانیان شۆفێری بەردەمیان ژنە، هەوڵ دەدەن بە ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵبکوتنە سەریان، ئەمەش هەمان هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالارییە.

 

پێداگری و بەردەوامی پیاوان لەسەر تانەدان لە شۆفێری کردنی ژنان، بووەتە هۆی لەدەستدانی متمانەی ژنان بە فێربوون و کارامەیی لە شۆفێریدا، تا ئەو ڕادەیەی کە ژنان بەدوای ڕاهێنەری پیاودا دەگەڕێن بۆ فێربوونی شۆفێری، کە ئەمە وێنەی ژەنگاوی کۆمەڵگە پیاوسالارەکانە.

 

ژنانی شۆفێر وەها وەڵامی پرسیاری "ئایا تووشی توندوتیژی زارەکی بوویت لەلایەن پیاوانەوە"؛

ژنێکی گەنجی شۆفێر دەڵێت: کاتێک من زۆر ئاسایی شۆفێری دەکەم، هەندێک لە پیاوان دەست دەکەن بە گاڵتەکردن یان هۆڕن لێدان بەبێ پێویست، یان گاڵتەجاری کردن، بەڵام ئەوان نازانن ئەو کارەی دەیکەن چ کاریگەرییەکی تێکدەرانەی هەیە لەسەر دەروونی ژنان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە گاڵتەجارییەوە باس لە شۆفێری ژنان دەکرێت و لەوبارەیەوە وتی: بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شۆفێری ژنان خەڵک نوکتەی ڕەگەزی و گاڵتە بە شۆفێریمان دەکەن، کە بەشێکی گەورەی گاڵتەجاڕی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت.