"کولتووری کۆمەڵگە ژنان بە هۆکاری کێشە خێزانییەکان دەزانن"

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت وایکردووە لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەکدا پەنجە بۆ ژنان ڕابکێشرێت و ئەوان بکەن بە هۆکار، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: هۆکاری کێشەکان لەیەک تێنەگەشتنە نەک ژنان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان بەشێکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەموو مافێکیان هەیە، تا ئێستاش توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و بە هۆکاری کێشەکانیان دەزانن، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا کە کولتوور و دابونەریتی کۆن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری باڵی بەسەردا کێشاوە، تەنانەت لە کاتی جیابوونەوەشدا کە مافی هەموو تاکێکە، کۆمەڵگە هۆکاری جیابوونەوەکە دەگەڕینێتەوە بۆ ژنان، لەکاتێکدا کۆمەڵگە مافی فرە ژنی بە پیاوان بەخشیووە و لە هەمان کاتدا نابێت ژنان بێنە دەنگ لەسەر ئەوەش.

 

"لەیەک تێنەگەیشتن هۆکارە بۆ دروستبوونی کێشە خێزانییەکان"

لەیلا عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەکرد، هەر کێشەیەک کە ڕوودەدات لە نێوان دوو لایەندا، جا ئەگەر هاوژینی یەک بن یان خوشک و برا یان منداڵ و دایک و باوک بن، ناتوانرێت بڕیار بدرێت بەسەر کەسێکدا و تەنها یەک لایەن بکەن بە هۆکار، بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگەدا و لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم بڕیارە دەبڕێننەوە و ژنەکە دەکەن بە هۆکاری کێشەکە، چونکە وا دەزانن ژنان نابێت هەندێک شت بکەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لەیەک تێنەگەشتن و دانەنیشتن بۆ چارەسەری کێشەکان و وا دەکات کێشە خێزانییەکان زیاتر گەورە ببن، ئەو کەسەشی کەیسێک دەچێتە لای، نابێت تەنها گوێ لە یەک لایەن بگرێت، لە دادگاشدا لیژنەی ئاشتەوایی هەیە لە کاتی هەبوونی کێشەیەک لە نێوان دوو کەسدا گوێیان لێدەگرێت، بەم شێوەیە یەکسانییەک دروست دەبێت هۆکاری کێشەکە دەدۆزرێتەوە.

 

"کولتووری کۆمەڵگە وا دەخوازێت ژنان هەموو شتێک قبوڵ بکەن لە کاتی کێشەکاندا"

لەیلا عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، کولتووری کۆمەڵگە و بەشێک لە خێزانەکان هۆکارن بۆ ئەوەی ژنان بە هۆکاری کێشەکان دابنرێن، چونکە وا هەست دەکەن کاتێک کێشەیەک لە خێزانەکاندا ڕوودەدات هۆکارەکەی هەمووی ژنانە، یان کاتێک ژنێک لەبەر کێشەیەک دەیەوێت جیا ببێتەوە لە هاوژینەکەی دیسان ژنەکە بە هۆکاری کێشەکە دەزانن، چونکە کولتوورەکە وای کردووە ژنان دەبێت هەموو شتێک قبوڵ بکەن کە بەرامبەریان دەکرێت، ئەمەش زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەردەخات لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، کە پیاو هەر شتێک بکات ئاساییە، بەڵام بۆ ژن نابێت داوای جیابوونەوە بکات و داواکاری هەبێت و لە دەرەوە کار بکات.

 

وتیشی: ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کراوەتە قاڵبێکەوە و ئەگەر لەو قاڵبە دەرچوو دەبێتە هۆی کێشە، لەکاتێكدا زۆرجار پیاو هۆکاری سەرەکی کێشەکانن و ژنانیش هەقی خۆیانە ئەمەیان پێ قبوڵ نەکرێت، چونکە ژنان نایانەوێت منداڵەکانیان بکەونە ناو گێژاوەوە، بۆیە دەبێت بە ئەقڵیەتێکی ئازادانە بیر لە کێشەکان بکەینەوە، چونکە ژنیش هەموو مافێکی هەیە.

 

"تا ئێستاش جیابوونەوەی ژنان بە عەیبە دادەنرێت"

لەیلا عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ئێستا تا ڕادەیەک کۆمەڵگە پێشکەوتووە و ئاساییە ژنێک داوای جیابوونەوە بکات، پێشتر بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ژن نەدەدرا داوای جیابوونەوە بکات، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو دیاردانە نەماوە، ژنی وا هەیە تەنانەت ناتوانێت لای دایکی باسی خراپی ژیانی بکات و بڵێ ئاسوودە نیم لەگەڵ ئەو کەسەی دەژیم، بۆ چارەسەری ئەم کێشانەش دەبێت هەر لە سەرەتاوە کۆڕ و سیمینار بکرێت لە قوتابخانەکاندا، ئەوەیان پێ بوترێت کە هەردوو ڕەگەز کاتێک خێزان دروستدەکەن پێویستیان بە یەکترە و تەواوکەری یەکترن و دەبێت بەیەکەوە چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆربەی خێزانەکان بەوشێوەیە بیر ناکەنەوە.

 

هەروەها وتیشی: بەداخەوە دوای جیابوونەوەش پرسیارەکان ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و پێی دەڵێن بۆ جیابوویتەوە عەیبە و بۆ منداڵەکانت جێ هێشتووە، بەڵام ئەمە بۆ پیاوان نییە، کاتێکیش پیاو فرە ژنی پەیڕەو بکات، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەکی لێ ناکرێت، کە چەندێک کێشە بۆ ژنی یەکەم دروستدەکات، ئەمانەش زۆرجار وا دەکات ژنان تووشی نەخۆشی دەروونی ببن و زۆرجار منداڵەکانیان باجەکەی دەدەن.

 

"بەشێک لە پیاوان وادەکەن کۆمەڵگە خراپ پەروەردەکردنی منداڵ بگەڕێننەوە بۆ ژنان"

لەیلا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هەڵەکانی تری کۆمەڵگە ئەوەیە پەروەردەی منداڵ دەسەپێنن بەسەر دایکدا، لە کاتێکدا منداڵ بۆ ئەوە نەهاتووەتە بوون کە ببێتە هۆی ناخۆشی بۆ خێزانەکان، پیاوان کە بەرپرسیارن لە دروستکردنی منداڵ، دەبێت بەرپرسیاریش بن لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆی، لەکاتێکدا دایک ئەرکەکەی قورسترە بەرامبەر بەخێوکردنی، زۆرجار کاتێک پیاوان بە قسە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن منداڵیش فێر دەبێت و دواتر کۆمەڵگە دەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ژن-دایک خراپ پەروەردەی منداڵ دەکەن.