"هونەرەکەم نیشان دەدەم، تەنانەت ئەگەر بکوژرێم!"

لەگەڵ ڕاگەیاندنی داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و چالاکییەکانی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان، بوونی ژنان لە کابول زۆر سنووردار بووە، سەبارەت بە فشارەکانی سەر ژنان، (ب، غ) دەڵێت: ئەگەر هەناسەمان بەدەست تاڵیبان بووایە، ڕێگەی نەدەدا هەناسە بدەین.

بەهاران لەهیب

 

کابول- لەگەڵ ڕاگەیاندنی داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و چالاکییەکانی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان، بوونی ژنان لە کابول زۆر سنووردار بووە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و دامودەزگاکانی ژنان هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی نهێنی کەشێکی پەروەردەیی بۆ کچان لە ماڵەکانیاندا دابین بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەربازانی تاڵیبان لە هەندێک پارێزگادا دەوری شەقامەکان دەدەن، ئەگەر لە هەر شوێنێک گردبوونەوەی کچان یان ژنان هەبێت، بێ مۆڵەت چوونە ژوورەوە و بە هەڕەشەی دەمانچە هەمووان بڵاوەیان پێدەکرێت، ئەو دۆخەش زۆربەی کات ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ژنان دەبێتەوە.

 

هێز و خەڵکی دیموکرات باس لەوەدەکەن، بە سنووردارکردنی ژنان زیاتر لە جاران ڕووی تاڵیبان دەرکەوتووە و هەندێکیان لە بەرژەوەندی خۆیان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە تاڵیبان دابەش ببێت بەسەر دوو گروپدا: میانڕەو و ڕادیکاڵ، بەڵام هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە، هەموویان بیری دژە ژنیان هەیە و لەلایەکی دیکەوە ئەمریکی و پاکستانییەکانیان سیاسەتیان بۆ دادەنێن.

 

(ب، غ) ژنێکی دانیشتووی کابولە، دەڵێت: من ناترسم لە ماڵەوە دەربچم و لە ئێستادا دۆخێکی ئابوری باشم نیە، بەو داهاتەی بەدەستم هێنابوو، بژێوی خێزانە چوار کەسیەکەمم دابین دەکرد، هاوسەرەکەم یەکێک بوو لە سەربازەکانی حکومەتی پێشوو، بەڵام کاتێک تاڵیبان هات ناچار بوو ئەرکەکەی بەجێبهێڵێت، بۆیە منیش لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن کارێکم دۆزیەوە.

 

(ب، غ) جگە لە کێشەکانی خۆی، بۆ دۆخی هەزاران ژنی دیکەش نیگەرانە و بێزاری دەردەبڕێت، دەڵێت: ژن و کچانی وەک من جگە لەوەی کار و پارچە نانەکەیان لەدەستداوە، ئازادیشیان لەدەستداوە، هەندێکجار ئێمەی ژنان بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێین ئەگەر تاڵیبان کۆنترۆڵی هەناسەدانمانی هەبووایە، ئەوا ڕێگەیان پێنەدەدا هەناسە بدەین.

 

ئەم ژنە چاونەترسە، وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانی، ئامادە نییە بەرامبەر هەموو ستەمکارییەکانی تاڵیبان خۆی بەدەستەوە بدات و دەڵێت: تاڵیبان دەوریەی شەقام و کۆڵانەکانی پشتەوەی شارەکە دەکەن بۆ ناسینەوە و بلۆککردنی ماڵی کچەکان و قەدەغەکردنی سیمینار و کۆبوونەوەکان، بەڵام من ئامادەم، هونەرەکەم دەخەمە بەردەستی کەسانی تر، تەنانەت ئەگەر بکوژرێم.