عێراق... توندوتیژی دژی ژنان بەڵایەکە کە چەندین نەوە دەگرێتەوە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی عێراق ئاشکرایان کردووە کە ڕێژەی بەرزی توندوتیژی خێزانی لە سەرتاسەری وڵات تۆمارکراوە، چالاکوانانیش داوای دەرکردنی یاسای پاراستنی خێزان لە توندوتیژی دەکەن.

ڕاما شاهین

 

بەغدا- توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنی پێگەی ژنان و بەهێزکردنیان لە عێراق، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و تێگەیشتنی قووڵ لە فاکتەر و هۆکارە بنەڕەتییەکان، ژنان و بڕیاردەران و داڕێژەرانی سیاسەت بانگەشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن.

 

زاڵبوونی دابونەریتی خێڵ بەسەر سیستمی یاسایی لە عێراقدا، هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و سەرهەڵدانی هەڵاواردن و نایەکسانییە، کە بووەتە بەشێك لە میراتی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگەکە، هەموو ئەم هۆکارانە ڕێگری دەکەن لە خستەڕووی حاڵەتەکانی توندوتیژی و تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت.

 

جەنات ئەلغازی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە عێراق باس لەوەدەکات هیچ یاسایەک نییە کە ژنان لە توندوتیژی خێزانی و دەسەڵاتی خێڵەکی کۆمەڵگەی عێراقیی بپارێزێت.

 

جەنات ئاماژەی بەوەدا ڕێژەی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە زیادیکردووە، ژنانی عێراق هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان و دەستبەردارنەبوونیان و پێداگری لەسەر وەرگرتنی مافەکانیان و یەکسانی لەنێوان ڕەگەزەکاندا دەکەن، بۆیە پیاوان کوشتنی ژنانیان بە ناوی شەرەف زیادکردووە، جگە لەوە نەبوونی پەروەردە، و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە کە جیاوازی دەکات لە نێوان کچان و کوڕان سەبارەت بە ماف و ئەرکەکان هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنانن.

 

ڕوونیشیکردەوە، زۆرێک لە دەقە یاساییەکان کە لە بەرژەوەندی پیاوان و خێڵەکانن، مافەکانی ژنان زەوتدەکەن، بەتایبەتی یاساکانی باری کەسی، دەشڵێت: توندوتیژی خێزانی تا ئێستاش مەترسییەکی گەورەی لە بەردەم ژنان و کچانی عێراق دروستکردووە و ئەو پێشێلکاری و کردەوەیانە لە سیستەمی پیاوسالاریدا کاریگەری خۆی لە دابونەریت کۆنەپارێزەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

ژنانی توندوتیژیلێکراو شوێنێکی پارێزراویان نییە

خەنات ئەلغازی باسی لەوەکرد، ناوەندێکی پارێزراو بۆ ژنان نییە و لە عێراقدا تەنها یەک ناوەندی پاراستنی ژنانی توندوتیژیلێکراو هەیە، ئەو ناوەندەش بێ ئامێر و خزمەتگوزارییە، تەنها ٤٠-٥٠ ژن وەردەگرێت، وتیشی: حکومەتی عێراق بە مەبەست پێداویستی بۆ ماڵی پارێزراوی ژنان دابین ناکات، تا ژنان بەرگەی توندوتیژی لە ناو ماڵەکانیاندا بگرن.

 

جەننەت ئەلغازی هەوڵدەدات یارمەتی ژنان بدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی خێزانی، بەو پێیەی خۆی بووەتە قوربانی توندوتیژی خێزانی لەلایەن خێزانە خێڵەکییەکەیەوە، کە پێی وایە شەرمەزاری بەسەریاندا هێناوە، سەبارەت بەو سەختییانەی کە لە کارەکانیدا لە ڕێکخراوەکەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەڵێت: زۆر سەختی هەیە کە لە کاتی کارکردنماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە، چونکە کۆمەڵگە سروشتی کارەکانمان قبوڵ ناکات. سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ڕێکخراوەکە تۆمارکرا و داوای داخستنی کرا، دوای ئەوەی ڕێکخراوەکە ژنانی لێدراوی داڵدەدا و ژنێکی لە کوشتن ڕزگار کرد کە بە بیانووی شەرەف هەوڵی کوشتنی درا، تەنانەت داوای لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانانەش کرا کە لەو ڕێکخراوەدا کاردەکەن بە بیانووی ئەوەی داوای ڕووتی دەکەن، چونکە ئەوان تەنها وەک جەستە سەیری ژنان دەکەن.

 

ئەو چالاکوانە، داوا لە ژنان دەکات کاتێک تووشی توندوتیژی دەبن، بەربەستی ترس بشکێنن و ئاشکرای بکەن کە ڕووبەڕووی چی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن.

 

 

ژنانی توندوتیژ پەنا بۆ بنکەکانی پۆلیس دەبەن، بەڵام بەبێ پاراستنن

سامیە ئیسماعیل، ناوی خوازراوی یەکێک لەو ژنانەیە کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە توندوتیژی بەرامبەرکراوە، وتی: سەرەتا هەوڵیداوە پەنا بۆ پێنج بنکەی پۆلیس ببات بۆ پاراستنی، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون هاوکاری و پاراستنی بۆ بکەن، بۆیە ئەو ژنە ناچار بوو بگەڕێتەوە ماڵەوە و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی ببێتەوە.

 

سامیە باسی لەوەکرد کە بەهۆی ئەوەی ژنە توندوتیژی بەرامبەر کراوە، ڕێگری لێکراوە لە ماڵەوە بچێتە دەرەوە، "ژیانم بۆ باشتر گۆڕا دوای ئەوەی پەنام بردە بەر ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزگارییان بۆ مسۆگەر کردم، هەرچەندە تا ئێستاش ژیانم لە مەترسیدایە، چونکە تەنها ماوەیەکی کورت تێپەڕیوە بەسەر دەرچوونم لە ماڵەوە.