یەکەم ژنە بەڕێوبەرە لە بەڕێوبەرایەتی خانوبەرەی میری گەرمیان

سەرەڕای ئاستەنگییەکان، وازی نەهێنا لە کار کردن و توانی پۆستی بەڕێوبەری بەدەستبهێنێت لە بەڕێوبەرایەتییەک.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- ژنان کە بە بەشێکی کۆمەڵگە دادەنرێن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێ دەستیان دیارە، تەنانەت لە پۆست و بڕیارە سیاسیەکاندا گرنگی بە ڕای ژن دەدرێت، بە تایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئازادی ژن تیایدا دەستەبەرکراوە، بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگە ژنان هەرچەدە توانایان هەبێت، بە هۆی ڕێگری و دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زۆرجار ژنان ناتوانن کاربکەن و توانای خۆیان دەربخەن.

 

هێرۆ فایەق ڕەشید، ژنێکی دانیشتووی قەزای کەلارە، لە ساڵی ١٩٨٧ لەدایکبووە، بڕوانامەی لە کاڕگێڕی کاردا هەیە و لە ئێستادا بەڕێوبەری خانوبەرەی میری گەرمیانە، یەکێکە لەو ژنە بە توانا و چاونەترسانەی کە چەندین پۆستی حکومی وەرگرتووە بەهۆی ئەوەی کە پشتی بە تواناکانی خۆی بەستووە و هیچکات ڕێگرییەکانی ژیانی وای لێنەکردووە واز لە کارکردن بهێنێت، چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە لەبەر دڵسۆزی بۆ کارەکەی و بۆ ئاژانسی نوژنها باسی ئەزمونی خۆی کرد.

 

"تاکە ژنم کە پۆستی بەڕێوبەرم وەرگرتبێت لەم بەرێوبەرایەتیە"

هێرۆ فایەق باسی لە قۆناغەکانی خوێندن و کارکردنی خۆی کرد و وتی: من دەستمکرد بە خوێندن و قۆناغەکانی خوێندنم بە سەرکەوتووی تێپەڕاند، لە ساڵی ٢٠١٠-٢٠١١ خوێندنی پەیمانگام تەواو کرد و بڕوانامەی کاڕگێڕی کارم بەدەستهێنا، دوای شەش مانگ لە تەواوکردنی خوێندنەکەم دامەزرام و دەستم کرد بە کارکردن، بۆ ماوەی ساڵێک کاری لێپرسراوی خۆیەتیم کردوە، دواتر پۆستی جێگریم وەرگرت و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا بووم، دوای خانەنیشین کردنی بەڕێوبەری پێشتر لە ساڵی ٢٠٢١من پۆستی بەرێوبەرم وەرگرت کە تاکە ژنم لە بەڕێوبەرایەتی خانوبەرەی میری گەرمیان ئەو پۆستە وەربگرم و تا ئێستا بەردەوامم لە پۆستەکەم.

 

"ڕێگری زۆر هاتووەتە بەردەمم لە کارکردندا"

هێرۆ فایەق ئاماژەی بەوەکرد، کە پێش ئەوەی لە پۆستە حکومیەکاندا بەشداری بکات کاری ڕێکخراوی کردووە و وتی: ئەندام بووم لە یەکێتی ژنان، لە ئێستاشدا هەر بەشداری دەکەم لە هەندێک ئیشیاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم پۆستەم مەژغوڵی کردووم وەک پێشتر ناتوانم بەشداریان لەگەڵدا بکەم، بەڵام هەمیشە هاوکاریان دەکەم.

 

هێرۆ فایەق ئەوەشی خستەڕوو، کە هەر لە سەرەتای خوێندمەوە تا ئێستا ڕێگری زۆر هاتووەتە بەردەمی، وتیشی: بەڵام بەهۆی هەوڵدانی خۆم و پشتگیریکردنی خێزانەکەم و ئەو باجانەی کە هەمبوو لە وەزارەتی دارایی توانیم بەردەوام ببم و چەندین پۆست وەربگرم و ببم بە بەڕێوبەر.

 

"لە بەرێوبەرایەتیەکەم ژمارەی ژنان زیاترە"

هێرۆ فایەق ڕوونی کردەوە، کە ئەو هاوڵاتیانەی ڕوو لە بەرێوبەرایەتیەکەی ئێمە دەکەن بۆ پێدانی زەوی و پڕۆژەی پیشەسازیە، ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی ئیشەکانیان بۆ دەکەین و هاوکاریان دەکەین، ئێمە پێش ئەوەی ئیشەکانیان بۆ بکەین ڕێزێکی زۆر لەو هاوڵاتیانە دەگرین کە دێن بۆ ئێرە، چونکە ڕێزگرتن لە پێش هەموو شتێکەوەیە، "ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی لیژنەوە سەردانی پڕۆژەکان دەکەین و پرۆژەی زۆر باشمان هەیە و داهاتی بەڕێوبەرایەتیەکە زیاتر بووە لە چاو ساڵانی ڕابردوودا، کەمترین ئیهمالی هەیە و ژمارەی ژنانیش زیاترە لەم بەڕێوبەرایەتیە بەراورد بە بەڕێوبەرایەتیەکانی تر".

 

"ئێمە بە پێی یاسا هاوکاری هاوڵاتیان دەکەین"

هێرۆ فایەق وتیشی: کە کێشە زۆر دروست دەبێت بە تایبەتی کێشەی عەشایەری لەسەر زەوی و زار بە تایبەت ئەو زەویانەی کە لە دەرەوەی سنوری شارەوانین و زەویە بەردەڵانیەکان کە دەگڕینەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەڵام خۆشبەختانە لەوەتەی دەست بەکار بووم لەم بەڕێوبەرایەتیە هیچ کێشەیەکی یاسای دروست نەبووە و کێشەی هاوڵاتیانمان چارەسەر کردوە، کاتێک کە کێشەیەک دەبێت بانگی ئەو خاوەن پڕۆژانە دەکەین کە بەڵێنامەیان پڕ کردوەتەوە لای ئێمە و هەر لە بەڕێوبەرایەتیەکەی خۆمام بەشی یاسایمان هەیە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەین.

 

"بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگەوە ژنان کەمتر بەشدارن لە پڕۆژە پیشەسازیەکاندا"

هێرۆ فایەق وتیشی:  ژنان بە ڕێژەیەکی کەم بەشدارن لە پڕۆژە پیشەسازیەکاندا، بەڵام ئەگەر ژنان هەر پڕۆژەیەکیان داوا کرد لە لایەن ئێمەوە هاوکاریەکی زۆریان دەکرێت، هۆکاری ئەوەی کە ژنان کەمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پڕۆژەکان پیشەسازیانەن و دەبێت لەگەڵ دەرەوەدا پەیوەندیت هەبێت، بەڵام ژنیش هەیە کە بازرگانە و ژن هەیە پرۆژەی گەشتیاری پێشکەشکردوە.

 

هەروەها وتیشی" لە کۆمەڵگەدا بەهۆی هەندێک ڕێگری و دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری وای کردوە کە کارکردن قورس بێت بۆ ژنان، بەڵام ژنان دەبێت خۆیان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، هەروەها دەبێت زیاتر هەلیان بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئیشی خۆیان."

 

"ژنان بەتواناترن لە بەڕێوبردندا"

 هێرۆ فایەق ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەرمیان ژنان بەتواناترن لە پیاوان لە پۆستەکانی بەڕێوبردندا، چونکە ژنان بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان کارەکانیان جێبەجێدەکەن، ئەمەش وایکردووە کە خەڵکی زیاتر متمانە پەیدا بکەن، کاتێک دەچنە بەرێوبەرایەتیەک و دەبینن بەڕێوبەرەکە ژنە، لە ئێستادا جێگەی خۆشحاڵیە کە لە بەشێک لە بەرێوبەرایەتیەکانی گەرمیاندا ژنان بەڕیوبەرن.

 

هێرۆ فایەق لە کۆتایدا وتی: ڕێگرییەکان لە بەردەمی ژنان زیاترن، بەڵام نابێت گوێ بەو ڕێگریانە بدرێت، بەڵکو دەبێت ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و بەهێز بن بەرامبەر بە هەر ڕێگرییەک، منیش سەرەتا رێگری زۆرم هاتووەتە بەردەم، بەڵام کۆڵم نەداوە تا بە ئامانج گەشتووم و ژنانیش دەبێت کۆڵنەدەن.