بەهار عەلی: ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی پڕ ئاڵنگاری بوو بۆ ژنان

ژنانی ڕێکخراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ کار و چالاکییەکانیان بەرز دەنرخێنن، لە پاڵ ئەوەشدا کەموکورتییەکانیان دەخەنە ڕوو لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژن لە ساڵی ئایندەدا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی پڕ تێکۆشان و توندوتیژی بوو بۆ ژنان، هەرچەند بەربەست و توندوتیژییەکان زیاتر بوون بۆ ژنان، ژنانی چالاکوان توانیان لە ئاستێکدا خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و دژی هێرش و تەشەرەکانی کۆمەڵگە ببنەوە، بەڵام بەس نەبوو بۆ کۆمەڵگەیەک کە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و حکومەتێکی دەسەڵاتداری چەقبەستوو بەڕێوەبچێت، بۆیە بەشێكی ژنان خۆیان بە درێژایی ساڵ ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستییانە لە ساڵی داهاتوودا زیاتر کار و چالاکییەکانیان بە ڕێکخستن بکەن و بتوانن شۆڕشی ژن بە هەمان شێوەی باکوور و ڕۆژئاوا بەرپا بکەن و دەنگی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو کوچەیەکی باشوور دەنگبداتەوە.

 

"٢٠٢٢ چەند ڕووداوێکی نەرێنی بۆ ژنان تێدابوو"

بەهار عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە، دەربارەی ڕەوشی ژنان و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا تایبەت بە نوژنها ڕوونیکردەوە کە ڕەوشی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوو لایەنی هەیە، ئەرێنی و نەرێنی، ئەوەی نەرێنی بوو زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنان بوو بەراوردکردن بە ساڵانی پێشووتر، هەروەها  بوونی هێرشێکی گەورە لەلایەن کەسانی ئیسلامی و کۆنەپارێزەوە، کە دەکرایە سەر چالاکوانان، ژنان و کەسانی داکۆکیکاری مافی ژنان بەربەستێکی بەردەم تێکۆشانی ژنان بوو.

 

یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان بریتیبوو لەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەلایەن پەرلەمانەوە هەوڵی بۆدرا هەموار بکرێتەوە، ئەوەش بۆ خۆی دوو لایەنی هەبوو، لایەنێکی دروستبوونی هێرشەکانی سەر ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان و بەرنامە و چالاکییەکەیان بوو، لایەکی دیکە بووە هۆی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لە کۆمەڵگە لەسەر پرسی ژنان، وتیشی: توندوتیژییەکانی سەر ژنان تەنها کاریگەریان نابێت بۆ سەر ژن، بەڵکو کاریگەری خراپ بۆ تەواوی کۆمەڵگە و بوارە جیاوازەکان دروستدەکات.

 

دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دانا، بەهار عەلی باسی لەوەکرد، دووبارە ئەم بڕیارە گفتووگۆی لە کۆمەڵگەدا نایەوە، زۆرینەی لایەنی نەرێنی بوون، بەڵام ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکان تەواو پێچەوانەی ئەو بڕیارەن و هەڵوێستیان وەرگرتووە و پەیوەندیان بە دامودەزگای هەرێم کردووە، کە نابێت لە هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت.

 

"دەستکەوتەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا"

لایەنی ئەرێنی ژنان لەم ساڵەدا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ڕێکخراوەکانی ژنان زیاتر کاری بەکۆمەڵیان ئەنجام دەدا، بەهار عەلی دەڵێت: بێگومان ئەمەش پلانی چەندین ساڵەی ڕیکخراوەکانی ژنانە کە بە یەکگرتووانە کاربکەن، لەسەر ئاستی هەموو کوردستان ژنان لە ڕێگەی دروستبوونی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان کاریان دەکرد، چەندین بەیاننامە و دروشمی تایبەتیان بەکاردەهێنا، سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان دەکرد، جگە لەمە لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش کار و چالاکییەکانیان درێژەپێدا، بۆ یەکەمجار بوو حکومەتی هەرێم پلانی جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان داڕشت، لەم لایەنەشدا ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو، بۆ یەکەمجار بوو حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان بە هاماهەنگی لەسەر پلانێکی ستراتیژی کارجکەن، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە هەرچەند ژنان توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت و مافەکانیان پێشێلبکرێت، لە لایەکی دیکەوە ژنان بە هێز و ئیرادەی خۆیان توانیویانە بەشداریان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بکەن، جگە لەوەش لە دامودەزگاکانی حکومەتدا ژنان بەشداری بکەن و بگەنە ئاستی بەڕێوەبەری وەک ئەوەی لە چەند بەشێکی زانکۆکاندا ژنان سەرۆک بەشن.

 

"پرسی ژن لەسەر ئاستی حکومەتدا لە پێشینەکانی کاری حکومەت نەبووە"

بەهار عالی ئاماژەی بەوەدا ڕەوشی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئاڵنگارییەکی گەورەدابوو، هەرچەندە هەندێک دامودەزگای حکومەت بە باشی لە بوارەکانی ژناندا کاریانکرد، بەڵام پرسی ژن لەسەر ئاستی حکومەتدا لە پێشینەکانی کاری حکومەت نەبوو، پێیوایە، ناکرێت تەنها یەک دامودەزگا کار بۆ ئەو پرسە بکات، بەڵکو دەبێت سەرجەم دامودەزگاکان پاڵپشتی پرسەکانی ژنان بکەن، هێرشە کۆنەپەرستەکان نەمێنێت، چونکە ئامانجیان بوو دەستکەوتی بزووتنەوەکانی ژنان لە سی ساڵی ڕابردوودا بگەڕێننەوە داوەوە.

 

وتیشی: هەرچەندە دامەزراوەی تایبەت هەبێت لە حکومەتدا بۆ ڕووبەڕووبونەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی و بەرز ڕاگرتنی پرسی ژن، بەڵام حزبە علمانی و نیشتیمانییەکانیش لە باشوور بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بوونەتە پاڵپشتی حزبە کۆنەپەرستەکان، جگە لەوەش فرە حزبی لە باشوور پرسی ژنی ون کردووە و هەمقوان بە یەک ئاڕاستە کاری تێدا ناکەن.

 

"نەبوونی دەزگای میدیایی بۆ بزووتنەوەی ژنان کاری ڕێکخراوەکانی ون کردووە"

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان کاربکەن و هەوڵبدەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، لە کۆمەڵگەدا بەردەوام دەکەونە ژێر هەڕەشەوە، دەکەونە بەر پرسیاری هاوڵاتیان کە ئایا ڕیکخراوەکانی ژنان چیان کردووە؟ لەم بارەیەوە بەهار عەلی دەڵێت: کەموکورتی هەن لە ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوەی ژنان، کە وایکردووە ئەو فکرەیە لای هاوڵاتیان دروست ببێت لەوانە نەبوونی دەزگایەکی میدیای تایبەت بە خۆیان، ئەو میدیایانەی کاریش دەکەن بۆ ژنان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری کاری بۆ دەکەن.

 

وتیشی: "ڕاستە ڕێکخراوەکان بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاری بڵاودەکەنەوە، بەڵام ڕەنگە هەڵمەتەکە نەگەیشتبێت بە هەموو کونجێک، هۆکارەکەشی کەمی سەرچاوەی دارایی و مرۆییە هەروەها بە گرنگ نەزانینی پرسی ژنە"، دەربارەی ئەو لایەنانەی هێرشدەکەنە سەر ڕێکخراوەکان و ژنان بەهار ڕوونیکردەوە ئەو لایەنانە ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە چەواشەکاری مەسەلەکانی ژناندا، لەپێناو چەواشەکردنی خێزان و ئەو ژن و پیاوانەی فکری پیاوسالارییان هەیە.

 

"لە باشوور هێزێک نییە بۆ یەکدەنگکردنی ژنان، بەڵام ژنانی چالاکوان بێ بەش نەبوون لە خۆبەڕێکخستن"

بەهار عەلیی چالاکوان باسی لەوەکرد تێکۆشانی ژنان و دەرخستنی چالاکییەکانی ژنان کۆمەڵێک میکانزمی تایبەتی هەیە وەک ڕژانە سەر شەقام، بەڵام لە باشوور بۆیە ئەو ڕێگایە نەبووەتە پرەنسیپی کاری ژنانی چالاکوان، چونکە هێزێک نییە بۆ یەکخستنی تەواوی دەنگی ژنان، بەڵکو ژنان بە کۆمەڵەی جیاواز چالاکی دەکەن، دەشڵێت: باشوور وەک باکووری کوردستان نییە کاتێک هەدەپە و تەڤگەری ژنان چالاکی بکەن تەواوی ژنان پاڵپشتیان بکەن، بەڵام ڕێکخراوەکانیش بە شێوەیەک کار دەکەن کە حکومەتیان ناچارکردووە بۆ دامەزراندنی چەندین دامەزراوە لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان".

 

ڕوونیکردەوە هەرچەندە ئەو هێزە گەورەیە بوونی نییە، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان بێبەش نەبوون لە خۆبەڕێکخستنکردن، توانیویانە وەک حزب و هێزە باڵادەستەکان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، لە ڕێی بە کۆمەڵ کارکردنی چەند ڕێکخراوێکی ژنان، لە ئێستاشدا هاوپەیمانی ژنانیان لە چوار پارێزگاکەی هەرێم دروستکردووە، کە دەبێتە هۆیەک بۆ پێداچوونەوەی کەموکورتییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان.

 

"حکومەتی عێراق و هەرێم هەوڵی بچوککردنەوەی ڕۆڵی ژنان دەدەن"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەهار عەلی ئاماژەی بەوەدا، هەموارکردنەوەی یاساکە لەسەر داوای ڕێکخراوەکانی ژنان نەبوو، بەڵکو پێیان وابووە بارودۆخی کوردستان و ئەو ململانێ سیاسییەی لە باشوور و حکومەتی هەرێم هەیە لە بەرژەوەندی ژنان نییە، "دۆخەکە گونجاو نییە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، چونکە دەیانزانی گوفتوگۆی نەرێنی دەربارەی دەکرێت".

 

وتیشی: "ماوەی یازدە ساڵە یاساکە دەرچووە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە مادەکانی جێبەجێناکرێن، بەڵام سیستمی خۆی وەرگرتووە، ئەگەر هەمواربکرێتەوە ترسی ئەوەمان هەیە هەندێک بنەمای بنەڕەتی بە پارێزراوی نەمێنێتەوە و ناوەڕۆکی یاساکە لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نەمێنێت"، لە پاڵ ئەم دەنگۆیە دەربارەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراقی ترسی لە هۆشیاربوونەوەی ژنان هەیە، دەربارەی ئەو دەستدرێژی و توندوتیژیانەی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتداران و باڵادەستانی عێراق پێیان وایە ژن پێویستە تەنها بەکاربهێنرێت و وەک مرۆڤ سەیری ناکەن، چونکە دەسەڵاتێکی چەقبەستوو، دواکەوتووی پیاوسالاریان هەیە، هەست بە بەرهەمداری ژنان ناکەن، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ بچوکردنەوەی ڕۆڵی ژنان.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان ئامانجیان بونیادنانی کۆمەڵگەیە"

لە کۆتایدا بەهار عەلی پێی باشە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێکخراوەکانی ژنان زیاتر یەکگرتوو بن، کاروچالاکیان زیاتر هەبێت، لە کارەکانیاندا هاماهەنگی زیاتریان هەبێت و بەرهەمی کارەکانیان نیشان بدەن، چونکە هەرچەند کار بکەن ئەگەر بەرهەمەکانیان نیشانی کۆمەڵگە نەدەن دەنگیان ناگات.