ئەڤین عەزیز: پرسی ژن سیاسییە و پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە

ئەڤین عەزیز توێژەری بواری جێندەر-ڕەگەز، هەڵسەنگاندن بۆ پرسی ژن و توندوتیژییەکان دەکات و دەڵێت: پرسی ژن پرسێکی سیاسییە و ئەوەی دەبێت ژنی کورد ڕزگار بکات، ئەم جۆرە ڕێکخراوانە نین، بەڵکو خودی ژن خۆیەتی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٥ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، ئەم ژمارەیە تەنها لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا گەشتووەتە ٦٤ ژن کە کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، بەمەش دەردەکەوێت، تا دەچێت کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە و هەڵمەتە هۆشیارییەکان و کاری ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ نەیتوانیوە دەرئەنجامی ئەرێنی بەدەست بهێنێت.

 

ئەڤین عەزیز، توێژەری بواری جێندەر-ڕەگەز، هەڵسەنگاندنی بۆ زیادبوونی ئاماری کوشتنی ژنان کرد و بە کێشەیەکی سیاسی، کە پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە، لە قەڵەمدا و وتی: ڕێکخراوەکانی ژنان بەهۆی حزبی بوون و ناهۆشیارییان دەربارەی ڕەگ و ڕێشەی کێشەی ژنان، نەیانتوانیوە کاریگەرییان هەبێت.

 

"ژن نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کێشەی ژن بکاتە کێشەیەکی قوڵی سیاسی"

ئەڤین عەزیز، توێژەری بواری جێندەر، دەربارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە تەنها لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، وتی: لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کێشەی ژن بکاتە کێشەیەکی قوڵی سیاسی، تا ئێستا لە ماوەی ئەم ٣٢ ساڵەدا هەر حکومەتی خۆبەخۆ هەیە، دەیان ڕێکخراو هەن و سەنتەری جێندەری هەیە، بەڵام تا ئێستا تیۆرییەک نییە بۆچی پیاوان توندوتیژی بەکاردەهێنن بەرامبەر بە ژنان، کە ئەمەش چەندین هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە.

 

ئاماژەی بەوەدا، ژنانی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕەفتاری پیاوان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بخاتە ژێر پرسیارەوە، کە بۆچی پیاوان بەو شێوازە ڕەفتار دەکەن بەرامبەر بە ژنان و منداڵان تەنانەت هاوڕەگەزەکانی خۆشیان، وتیشی: توندوتیژی بە هەڵواسینی وێنەی کوژراوەکان لەناو گەلەرییەکدا ناخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەو کڕوزانەوەیە ناکرێت کە ژنان داوای دەکەن لە بەرامبەر هەبوونی توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان، چونکە ئەو شێوازە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی پیاوسالارییە لەناو کۆمەڵگەدا چونکە لە فکری فێمێنستییەوە دوورە.

 

"هەر توندوتیژییەک بکرێت ئامانجێکی لە پشتەوەیە"

ئەڤین عەزیز، باسی لەوەکرد، گومانی تێدا نییە ڕەفتاری هەر کەسێک سروشتی خۆی نییە، بەڵکو هۆکارگەلێکی تایبەتی لە پشتەوەیە، بۆ ئەوەی تێبگەی لەوەی بۆچی پیاوان بەو شێوازە ڕەفتار دەکەن، پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت، لە بواری ئەکادیمیادا بەدواداچوونی بۆ بکرێت، دەشڵێت: من پێم وایە کاتێک پیاوێک توندوتیژی و لێدان بەکاردەهێنێت لەگەڵ ژنەکەیدا، گومانی تێدا نییە نادڵنیایە لە پیاوەتی خۆی، نادڵنیایە لە هێز و تواناکانی، بەڵام لە کۆمەڵگەی باشووردا تا ئێستا ژنێکی ئەکادیمی نییە بتوانێت کێشەکانی ژنان وەک خۆی شرۆڤە بکات، نەک تەنها ژنان بەڵکو هیچ کەسێکی ئاکادیمیای نییە لەسەر پرسی ژن قسە بکات، تەنانەت ئەو ژنانەی کار دەکەن بۆ کێشەکانی ژنان و لە هەوڵدان ناو ماڵی خەڵکی چاک بکەن، بەڵام خودی خۆیان ماڵەکانیان پڕیەتی لە کێشە و توندوتیژی جۆراوجۆر، کاتێک ژنان نەزانن کە بۆچی پیاوان بەو شێوازە ڕەفتار دەکەن و توندوتیژی ئەنجام دەدەن، بێگومان ناشتوانن چارەسەری بکەن.

 

"ژن خۆی دەتوانێت ڕزگارکەری خۆی بێت"

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ئێستا هەیە لە باشووری کوردستان بە ناوی ڕێکخراوەکانی ژنان تەنها جۆرێک لە بازرگانیکردنە بە کەیسی خودی ژنەوە، ڕێکخراوی ژنان هەیە بە ملیۆن دۆلار هاوکاری نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بەڵام چالاکییەکانی تەنها هەڵواسینی وێنەی کوژراوەکانە، "بۆیە ئەوەی دەبێت ژنی کورد ڕزگار بکات ئەم جۆرە ڕێکخراوانە نین، بەڵکو خودی ژن خۆیەتی".

 

ئەڤین عەزیز وتی: بە هۆی ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان بێ ئاگان لە بابەتی زانستی جێندەر و نازانن چییە، بۆیە وشەی جێندەریان بچوک کردووەتەوە لە بابەتی هاوڕەگەزبازیدا، هەر ئەمەش وایکردووە و کاری ڕێکخراوەکان بوونەتە هۆکار کە حکومەتی عێراقی قەدەغەی وشەی جێندەر بکات لەناو عێراقدا، پێویستە هەمووان بزانن ڕێکخراوەکان بە ناوی جێندەرەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە، ئەمانە هەمووی کێشەی گەورەن لە کاری ڕێکخراوەکاندا، هەر بۆیە دۆخی ژن لە باشوور گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا.

 

"هەندێک لە ڕێکخراوەکان حزبۆکەن و بە ئەجێندای حزبەکەیان کار دەکەن"

ئەڤین عەزیز ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان باوەڕیان بەو کارانە نییە کە دەیکەن بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی ژن لەناو خودی کۆمەڵگەدا، خودی ڕێکراو دەبێت پێکهاتبێت لە ژنی ئەکادیمی یاخود ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و لە خودی کێشەی ژن تێبگەن، بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی لە ژێر چەتری حزبێکدا بنیادنراون، ئەوانە پێیان دەوترێت حزبۆکە، هەموویان کادری ئەو حزبەن و بەشێکن لە ئەجێندای حزبەکەیان.

 

دەشڵێت: ئەم جۆرە چالاکوانانە کار ناکەن بۆ پرسی ژن، بەڵکو کار دەکەن بۆ خۆیان بە ئامانجی وەرگرتنی مووچەیەک، تەنانەت ئەگەر بیاندوێنی حزبەکەیان بۆ گرنگترە لە پرسی ژن و کێشەکانی ژن، هەر بۆیە کێشەی ژن کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە و گرێدراوی دەسەڵاتە، سیاسەت دەتوانێت یەکسانی دەسەڵاتی ڕەگەزی فەراهەم بکات، ئەویش لە ڕێی ئایدۆلۆژیای فێمێنستەوە دەکرێت، بەوە دەکرێت کە ژنان هیچ ستەمێک قبوڵ نەکەن تەنها بەهۆی ئەوەی کە ڕەگەزی ژنن.

 

"پێویستە کار لەسەر ئەو پیاوانە بکرێت کە تەندوتیژی لە فکریاندایە"

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەڤین عەزین ڕوونیکردەوە، بەشی زۆری پیاوان پێیان وایە دەبێت تەنها لە ژنەکانیان بدەن و دەسەڵاتی خۆیان زاڵ بکەن بەسەریاندا، لێرەشەوە دەردەکەوێت تەنها ژنان قوربانی نین، بەڵکو پیاوانیش بە هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و باڵا دەستبوونی پیاو لە کۆمەڵگەدا بوونەتە قوربانی، چونکە سیستم و شێوازی ژیان وای لێکردوون.

 

لە کۆتایدا ئەڤین عەزین وەک ڕێگەچارەسەرییەک ڕوونیکردەوە کە پێویستە سەرەتا هۆکاری ئەنجامدانی توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنان بزانرێت، چونکە تا هۆکار نەزانرێت، ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، کێشەکە لای قوربانییەکە نییە بەڵکو لای ئەو کەسەیە کە توندوتیژی دەکات و بۆی هەیە چەندین جار دووبارەشی بکاتەوە، دەڵێت: چەنێک گرنگە ئیش لەسەر ئەو ژنانە بکرێت کە توندویژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەوەندەش گرنگە کار لەسەر پیاوانی توندوتیژیکار بکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت.