دایکان و باوکانی منداڵی ئۆتیزم لەگەڵ ڕاهێنەرانی ژندا ئاسودەترن

ئەو ژنانەی کە خوێندنیان تەواو کردووە، لە ڕێکخراوی لەنوێ ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکەن، بەمەش دایکان و باوکان زیاتر متمانەیان بە ڕێکخراوەکە پەیدا کردووە و منداڵە ئۆتیزمەکانیان لەلایەن ژنانەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- شێواز عومەر، چارەسەرکاری دەروونی و بەڕێوبەری ڕێکخراوی لەنوێ بۆ ڕاهێنان و شیاندنی ئۆتیزم و پەروەردەی تایبەت، باس لە ئەزموونی خۆی و دەستکردن بە ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکات، کە وەک ژنێک کاتێک خوێندنی تەواو کردووە لە بەشی دەروونزانی، ویستویەتی خزمەت بە کۆمەڵگە بکات لە ڕێگەی بڕوانامەکەیەوە، بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر ڕێکخراوێک دادەنێن کە منداڵانی ئۆتیزم لە خۆی کۆدەکاتەوە و چەندین ژنی دیکەش لەگەڵ خۆیدا دەستبەکار دەبن.

 

شێواز ئەگەرچی ڕێکخراوی لە شاری کۆیە داناوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەنتەر لە شارەکە، ڕێکخراوەکەیان شوێنی سەنتەری گرتووەتەوە، وتیشی: لە هەموو شارەکانی کوردستان سەنتەر هەیە بۆ منداڵانی ئۆتیزم، بەڵام بەداخەوە لە شاری کۆیە نییە و ئێمە ئیشوکارەکان بەڕێدەکەین لە جێگای سەنتەر.

 

لە ڕێکخراوەکەدا ئەو ژنانەی کە خوێندنیان تەواو کردووە، دەستبەکار بوون و وەک ڕاهێنەر کار دەکەن، شێواز عومەر دەڵێت: ژنەکان کەسانێکی بە سەلیقە و شارەزان و وەک ڕهێنەرێک کار دەکەن، لە داهاتوودا دەبنە پسپۆڕ و شارەزا و دەتوانن مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ دەورووبەر بکەن و خۆیان بگونجێینن لەگەڵیاندا.

 

شێواز عومەر ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕووی مادیەوە وەک هاوکاریەکی بچوک لە لە دایکان و باوکان وەردەگرن، تەنها بۆ ڕاهێنەرەکەیە کە بتوانێت هاتوچۆی پێبکات، وە هەنگاوێکە بۆ هێنانە دەرەوەی ژنان لە ماڵ و دەستکردنیان بە کارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان بە خۆبەخشی کاردەکەن لێرە، وتیشی: متمانەمان لە لای خاوەنی منداڵەکان دروستکردووە بەوەی کە، ژنان ڕاهێنان دەدەن بە منداڵەکانیان و پەروەردەیان دەکەن لەم ڕێکخراوەدا، ئەوانیش لەسەر هەمان شێوازی پەروەردە کردن دەڕۆن کە لێرە پێیان دەدرێت.

 

باسی ئەوەشی کرد، هەرچەندە سنوردارن بەهۆی بچوکی بینا و نەبوونی سەرچاوەی دارایی باش، ناتوانن هەندێک پێداویستی دابین بکەین، شێواز وتیشی ناتوانین دەستمان بگات بە گوندەکان و ناحیەکان، ئەگەر یەکێک بیەوێت منداڵەکەی بهێنێتە لای ئێمە دەبێت هاتووچۆ بکات، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیومانە سودێکی زۆر بگەیەنین بە کۆمەڵگە چەندین منداڵ لێرە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا لە ناوەندەکانی خوێندنن.

 

شێواز تیشکی خستەسەر ڕاهێنانەکان، بەوەی کاتێک لە ماڵێک منداڵی ئۆتیزم هەیە، پێویستە داوای هاوکاری بکەن و لە ماڵەوەش لەگەڵ ڕاهێنەرەکان بەردەوام بن، لە پەروەردەکردنی منداڵەکە، نابێت منداڵەکان بشکێننەوە و تووشی شەرمەزاریان بکەن.

 

لە کۆتایدا وتی: ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوکاریمان بکەن، ئێمە لە دوو ڕووەوە پێویستیمان بە هاوکارییە، یەکەم خێزانەکان کە باری داراییان خراپە و ناتوانن تێچووی ڕاهێنانەکان بدەن، دووەم شت کردنەوەی سەنتەرێکە لە شاری کۆیە، ئەگەر بێت و بکرێتەوە لە کۆیە ئەوا دەتوانین زیاتر لەو خزمەتەی ئێستا، خزمەت بە کۆمەڵگە بکەین و بەردەوام بین.