هەوار محەمەد: شۆڕشی ژینا درێژکراوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە

ژنانی ڕۆژنامەنووس توانیان کارێک بکەن دەنگی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بگاتە تەواوی جیهان، هەر ئەمەش بوو وایکرد ژنان لە جیهانەوە دروشمیان دەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵێک بەسەر شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی سیستمی دیکتاتۆری و مەلایی ئێراندا تێپەڕ دەبێت،  ئەم شۆڕشە بووە دەنگی ئازارەکانی ژن لە سەرتاسەری ئێران و جیهاندا، بووە شۆڕشێک لەپێناو نەهێشتنی دەسەڵات و لەناوبردنی هەقڵیەتی پیاوسالاری، هەروەها بووە هیوا بۆ ژنانی کورد، ئێران و جیهان و تا ئێستاش دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئاسماندا دەنگ دەداتەوە.

 

"شەهیدبوونی ژینا تەقینەوەی زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ڕژێمی ئێرانە بەرامبەر بە ژنان"

بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم شۆڕشە و زیاتر تەشەنە سەندنی میدیا و ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە، هەوار محەمەد، هەڵسەنگاندن لەسەر شۆڕشی ژینا و کاریگەری ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکات.

 

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی شۆڕشی ژینا ئەمینی باسی لەوەکرد، ڕاستە ئەو شۆڕشە لە ئەنجامی شەهیدکردنی ژیناوە سەرهەڵدەدات، بەڵام لە بنەڕەتدا تەقینەوەیەکی ژنانی ئێران و گەلی کورد و گەلانی دیکەی ژێردەستەبوو لە ئێران، لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی ڕژێمی ئێران دژی گەلی ئازادیخواز بەڕێوەی دەبات، وتیشی: نەک تەنها ژینا بەڵکو لە دوو هەفتە بەر لە شەهیدبوونی ژینا، ژنێکی دیکە بە ناوی شلێر ڕەسوڵی لەبەرامبەر ئەوەی دەستدرێژی کرابووە سەر خۆی لە بینایەکەوە هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری لەنێوان ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ دروست کرد، بۆیە شەهیدکردنی ژینا درێژەپێدانی ئەو زوڵم و ستەمە بوو، کە بە درێژایی چەندین ساڵە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە ئێران  و بەتایبەت گەلی کورد.

 

"جێبەجێکردنی سیستمی دیکتاتۆری ئێران هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشە"

هەوار محەمەد ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی ئێران سیستمێکی جێبەجێ دەکرد بەسەر گەلی فارس و تەواوی گەلانی دیکەدا کە تەواو سیستمێکی دیکتاتۆری بوو، بەوەی یەک زمان ئەویش زمانی فارسە، یەک نەتەوە کە نەتەوەی فارسە، یەک مەزهەب کە مەزهەبی شیعەیە، گومانی تێدا نییە لە سیستمی سەرمایەداریدا و لە باڵادەستبوونی دەوڵەتێک هەوڵی تواندنەوەی گەلانی ژێردەستە دەدرێت، جگە لەمانەش ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە، بەربەستبوو لەوەی ژنان بەشداری ئەو پێگانە بکەن کە دەبوو بیکەن وەک خێزان، سیاسەت و تەواوی دامودەزگا حکومییەکان.

 

هۆکارێکی دیکە لە سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی گەڕاندەوە بۆ خراپبوونی باری ئابووری کۆمەڵگەی ئێران، بەوەی چینی سەر دەست و ژێر دەستە دروست ببوو، تەنانەت بەربەست و ڕێگری دروست دەکرا بۆ گەلانی ژێردەستە لە دەستکەوتنی کار بەتایبەت گەلی کورد.

 

"دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە پێناو ژنێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بانگەوازی بۆ دەکرێت"

هەوار محەمەد باسی لەوەکرد ئەگەر بڕوانینە مێژووی ڕژێمی ئێران دەبینین چەندین شۆڕش تیایدا بەرپا بووە بەڵام هیچیان وەک ئەم شۆڕشە بەردەوام نەبوون چونکە ئەم شۆڕشە بە دەستپێکی ژنان و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی پێکرد، بەهۆیە ئەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕاستی ئەو ژیانە بوو کە گەلان لە ئێران تیایدا دەژیان، بۆیە توانرا بگاتە تەواوی جیهان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو دروشمە دروشمی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، لەناو ئەم دروشمەدا ژنان داوای ئازادی دەکەن بۆیە توانی دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبێت، بە هەموو چین و توێژێکەوە بەشداربوون لە وتنەوەیدا، بەم دروشمە ژنان پێشەنگایەتیان دەکرد، هەرچەندە هەوڵی جدی دەدرا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ ڕێگەگرتن لە وتنەوەی ئەو دروشمە و درێژەپێدان بە ناڕەزایەتییەکان.

 

"ئەرکی ژنانی ڕۆژنامەنووسە درێژە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بدەن"

دەربارەی ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئەو تێکۆشانە، هەوار محەمەد باسی لەوەکرد، ڕۆژنامەنووسان بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس توانیویانە ببنە دەنگێکی باش بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکان، گەیاندنی ئەو دەنگەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو داوای ئازادی دەکرد، بۆ ئەمەش چەندین ڕۆژنامەنووس توندوتیژی بەرامبەر کراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر، یاخود دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.

 

ژنان لەناو زیندانەکانیشدا درێژەیان دابوو بە تێکۆشان و شۆڕشی ژینا، لەناو زیندانەکانەوە دەنگیان هەڵدەبڕی و خەباتیان دەکرد، هەوار محەمەد لەو بارەیەوە وتی: شۆڕشی ژینا درێژکراوەی هەمان شۆڕش بوو کە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەری هەڵدا و توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆیە دەکرێت ئەو شۆڕشەی ژینا بە هەمان شێوە درێژەی پێبدرێت تا ئاستی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج.

 

لە کۆتاییدا هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەمووان بزانن شۆڕش و گۆڕانکاری بە ئاسانی نایەتە بەرهەم، بۆیە پێویستە تەواوی ژنان بە تایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەر جێگەیەک نا دادیەک دەبینن دەنگ بڵند بکەن، ئیرادەی ژنان بگەینن بە تەواوی جیهان، ئەرکی ژنانی ڕۆژنامەنووس تەنها وەستاندنەوە نییە بە ڕووی ستەمی دەوڵەت، بەڵکو هەوڵدانە بۆ بەردەوامیدان بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، کە ئەویش لە ڕێگەی دروستبوونی کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.