لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان ئاستی توندوتیژی بەرزە

پارێزەر شیرڤان یاقوت، کە لە ناوچەی بوومەلەرزە کاردەکات، ئاماژەی بە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان کرد لە ناوچە چادرنشینەکان و وتی: کەمتەرخەمییەکی گەورە هەیە و ژنان ناتوانن دەستیان بە دادپەروەری بگات.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- حەوت مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان، ٦ی شوبات تێپەڕدەبێت، کە چەقەکەی لە مەڕەش بوو و ١١ پاریزگا زیانیان بەرکەوت، ملیۆنان کەس ناچاربوون کۆچ بکەن و هەزاران کەسیش ژیانیان لەدەستدا.

 

هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو شارانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هێشتا تووشی کێشەوگرفت دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و شوێنی حەوانەوە تا ئاوی خواردنەوە و جلوبەرگ. میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان لە شارە زیانلێکەوتووەکاندا بە شێوەیەکی کاریگەر کار ناکەن، هەروەها هیچ دەستێوەردانێک لە ڕووداوە توندوتیژەکاندا نەبووە، ئەو ژنە پەنابەرانەی کە بەرکەوتەی توندوتیژی بوون، ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە و پێیان دەگوترا "ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەیت، دیپۆرت دەکرێیتەوە."

 

ئازارەکان لە شاری سەمسور چەند هێندە زیاتر دەبن کە لە پێشەنگی ئەو شارانەدایە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی توندیان بەرکەوتووە، شیرڤان یاقوت، ئەندامی کۆمەڵەی هاوپشتی بۆ پێگەی ژنان، باسی لەوەکرد، هیچ وەڵامێکیان لەو ناوەندانە وەرگرتووە کە سکاڵای توندوتیژی دژی ژنانیان ئاڕاستەکردووە.

 

سەبارەت بە سەختی ژیان لە شارەکانی چادر و کابینەکان، شیرڤان یاقوت وتی: لەو شارانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاووڵاتییان لە شارەکانی چادر و کابینەکاندا نیشتەجێن و ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە، بەو پێیەی بە شوێنی گشتی دادەنرێت، تا ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی پاکوخاوێنی پەرەی پێنەدراوە، زۆرێک لە کابینەکان ڕووناکی و حەمامێکی جیاوازیان نییە و پەنجەمۆر لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوە وەردەگیرێت، لەو ناوچانەدا شوێنی ژیانی تایبەت بۆ ژنان یان منداڵان نییە و خەڵکەکەش لە ناوچە بچووک و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن لە ژیانیان، ئەمەش کێشەی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 

“توندوتیژی دژی ژنان پەردەپۆش دەکرێت”

شیرڤان یاقوت ئاماژەی بەوەشکرد، توندوتیژی دژی ژنان لەو شارانەی بوومەلەرزە تیایدا ڕوویداوە، نەوەستاوە و مامەڵە لەگەڵ توندوتیژیکاران نەکراوە، هەرچەندە لە ئێستادا لە قۆناغی باشتربووندایە بە بەراورد بە قۆناغی یەکەم، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە وەڵامی ئەو توندوتیژیانە بدەنەوە کە لەو ناوچانە ڕوودەدەن، هەروەها ئەو هێزە ئەمنییانەی کە لە یەکەم ڕۆژەوە لەناو شارەکانی چادر و کابینەکاندا ئامادەبوون بە هیچ شێوەیەک بەس نەبوون بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، ئەوان ڕێوشوێنیان لە بەرامبەر ڕووداوە توندوتیژییەکان نەگرتەبەر و بێدەنگ بوون و بەهۆی بێدەنگییانەوە ئەم حاڵەتە توندوتیژییانە زۆر زیادی کرد.

 

“هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە لە ژنانی پەنابەر دەکرێت”

شیرڤان یاقوت جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی پەنابەر لەم پرۆسەیەدا تووشی کێشەی جددی دەبنەوە، تەنانەت ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن بەهۆی مەترسیی "دیپۆرتکردنەوە" کە وەریدەگرن، وتیشی: فەرمانبەرانی وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی کە پاڵپشتی منداڵان و خێزانەکان دەکات، لە شاری چادرەکەی سەمسور کاریان دەکرد، کشانەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەستیان بە سەلامەتی نەکردووە و تەنانەت ئەم نموونەیەی کە ئێمە شاهیدی بووین، ڕادەی ئەو کەسانەمان پیشان دەدات کە دامەزراوە ئیداری و فەرمییەکان لە ناوچەی بوومەلەرزەدا پاسیڤ دەمێننەوە و ئەم پشتگوێخستنە توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە ژنانی لێدەکەوێتەوە، کاتێک ڕووداوی توندوتیژی بۆ ئاسایشی شوێنە گشتییەکان ڕاپۆرت دەکرا، بیستمان کە ئاسایش وتویەتی، “هیچ ڕوونادات، ئەوان دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکەن” کاتێک ژنان لە گروپە پەنابەرەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەلایەن بەرپرسانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت و دەڵێن "ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەیت، دیپۆرت دەکرێیتەوە" و هەر لەبەر ئەم هۆکارە ، بەبێ گوێدانە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ ژنانی پەنابەر، ژنان تەنانەت ناتوانن هیچ سکاڵایەکیش تۆمار بکەن.

 

بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە لە ئەستۆی دامەزراوە فەرمییەکان و دەسەڵاتی دادوەرییە

شیرڤان یاقوت باسی لە بەرپرسیارێتی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی دادوەری کرد و لە کۆتاییدا وتی: پێویستە کاری کاریگەر بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی قوربانییەکان، لەو خولە ڕاهێنانانەی کە پێشکەشمان کرد، ئەو شوێنانەمان دیاریکرد کە ژنان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن ئێستا کۆمەڵەکانی پارێزەرانی شارەکە داواکاری وەردەگرن، و ژنان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، بەڵام گەورەترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر دامەزراوە ئیدارییەکان و دەسەڵاتی دادوەری، چونکە دەتوانن کاریگەرترین ڕۆڵ بگێڕن لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ژنان، ئەوان هێزی جێبەجێکردنی یاسا و دادوەرین، بۆیە پێویستە ئەم دامەزراوانە بە باشترین شێوە کاربکەن و کاتێک بەرپرسیارێتیەکان بە باشی جێبەجێ نەکرێن، نادادپەروەری چەند هێندە دەبێت، بۆیە دەبێت میکانیزمێکی چاودێری دابنرێت لە شوێنی خۆیدا بۆ ئەوەی ئەم ئەرکانە باشتر ئەنجام بدات.