"بەرپرسیارێتی هەر تاکێکە ڕێگری لە بە کاڵاکردن و قومارکردن بە ژنەوە بکات"

دانیا وریا، چالاکوان دەڵێت، لەپێناو بەدەست هێنانی پارە ژنەکانی خۆیان وەک کاڵا لەنێوان یەکتری دەگۆڕنەوە و قوماری پێوەدەکەن، بێ گوێدانە بەهای ئەخلاقی و ئاینی، چونکە بە هەموو شێوازێک دژی بنەماکانی مرۆڤ بوونن.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ژنانی کۆیە هەڵوێستی خۆیان دژی قومارکردن بە ژنانەوە دەخەنەڕوو، کە لە باشووری کوردستان بەربڵاوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنان، ئاماژە بەوەش دەکەن قومارکردن بە ژنەوە، بە کاڵا کردنیانە کە دوورە لە بنەمای ئەخلاقی و مرۆڤایەتی.

 

دانیا وریا، چالاکوانی مەدەنی، خەڵکی شاری کۆیەیە و سەبارەت بە قومارکردن بە ژنەوە دەڵێت: قومارکردن بە ژنان واتا بە کاڵاکردنی ژنان، بە کارێکی دوور لە بەها ئەخلاقیەکانی دەزانم، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەبینین ژنان لە سەر مێزەکانی قومار کردن وەک کاڵایەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە قومارخانەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها لە پشت ئەو قومارخانانەوە کەسانی دەسەڵاتدار هەن، هەم لە بەڕێوەبرنی شوێنەکان، هەم ئەو کەسانەی قومار دەکەن دەسەڵاتدارن، بەهۆیەوە ژنان ناتوانن سکاڵا بکەن، چونکە هەڕەشەیان لێدەکەن و بە کوشتنی خۆیان یاخود منداڵ و خانەوادەکانیان بێدەنگیان دەکەن.

 

دانیا وریا باس لە مەترسییەکانی قومارکردن بە ژنانەوە دەکات، کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان لە کۆمەڵگەدا، لەکاتێکدا ژنان یەکێکن لە بنچینەکانی کۆمەڵگە، ئەو بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێنمەوە، یەکێک لەوانە بێکاری گەنجەکانمانە، کە بووەتە هۆی ئەوەی پەنا بۆ قومارخانەکان ببەن و لەپێناو بەدەست هێنانی پارە ژنەکانی خۆیان وەک کاڵا دەگۆڕنەوە لەنێوان یەکتری و قوماری پێدەکەن، بێ گوێدانە بەهای ئەخلاقی و ئاینی، کە تیایدا ژن بەها و پیرۆزی خۆی هەیە و قومارچییەکانیش بە هەموو شێوازێک دژی بنەماکانی مرۆڤن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کردنەوەی یانە شەوانەکان کرد، کە ئەویش ڕێگەیەکی دیکەیە کە کاریگەری خراپی بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و خیانەتی هاوژینان لە هەرێمی کوردستان، وتیشی: خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وایکردووە گەنجان هەڕەشە لە کچ و ژنان بکەن، کە ئەگەر بێت و کاتیان لەگەڵدا بەسەر نەبەن و پارەیان نەدەنێ، وێنە و ڤیدیۆیان بڵاودەکەنەوە، بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەگەر ژنێک هەڕەشەی لێبکرێت یان بکوژرێت تەنها ژنان پارێزگاری لێدەکەن و پیاوسالاری تاوەکو ئێستاش هەر ماوە کە پیاوان پارێزگاری لە ژنان نەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دانیا وریا باسی لەوەکرد، کە چەندین هۆکاری دیکە هەیە کە کۆمەڵگەی بەرەو داڕمان بردووە و شیرازەی خێزانی تێکداوە، وتیشی: ڕێژەی تەڵاق لە دادگاکاندا بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، چارەسەرییەکان بۆ ئەم دۆخە داخستنی قومارخانەکان و کافتریاکان و یانە شەوانەکانە، داخستنی ئەو سایت و کەناڵ و بەرنامانەیە کە شتی نەشیاو بڵاو دەکەنەوە، ئەمە تەنها بە لایەنێک ناکرێت، بەڵکو دەبێت حکومەت و دامودەزگای فەرمی و نافەرمی، ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانیەوە و ڕێکخراوەکان و هەر کەسێک خۆی بەبەرپرسیار بزانێت لە شوێنی خۆیەوە کاری لەسەر بکات، بۆ ئەوەی یاری و قومار بە ژنان نەکرێت و نەکرێنە کاڵا، چونکە ژن پیرۆزە.