"کردنەوەی شوێنی قومارکردن دەرخەری ئەوەیە دەسەڵات لە پشت ئەم کارەوەیە"

دەسەڵات لە بری ئەوەی ڕێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەو کێشانەی ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە، خەڵکی بە یاری قومارەوە سەرقاڵ کردووە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: دەسەڵات لە پشت کردنەوەی قومارخانەکاندایە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-رژاک، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری لەبارەی تەشەنەسەندنی قومارکردن و بە تایبەت قومارکردن بە ژنان و خێزانەوە دا و بە مەترسی بۆ سەر ژن و کۆمەڵگەی لە قەڵەمدا، ڕایگەیاند، "کردەیەکی بەربڵاو کە دوورن لە بەها ئەخلاقیی و سیاسییەکان، ئەویش گۆڕینەوەی ژن و کچ و کوڕەکانیانە و لە قومارخانەکان قوماریان پێوەدەکرێت، کە دوورە لە بەها ئەخلاقی و ئاینییەکان و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی، گۆڕینەوەی ژنان لە کاتی دۆڕان و قومارکردن دا، تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر کۆمەڵگە و هەموو ژنان، ئەگەر بتوانن خێزانی خۆیان بفرۆشن و قوماری پێوە بکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئامادەن بست بە بستی ئەم خاکە و تەواوی کۆمەڵگەش بفرۆشن".

 

"قومارکردن دیاردەیەکی ناشرینە لە کۆمەڵگەکەماندا سەریهەڵداوە"

نەجیبە مەحمود، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لەبارەی قومارکردن بە ژنانەوە وتی: وەکو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە نیگەرانم لەو هەواڵەی کە ئەنجامدانی قومارکردن زیادی کردووە، ڕەنگە پێشتر هەبووبێ، بەڵام بەو ڕێژە زۆرەی ئێستا نەبووە، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی ئابووری کەسەکان و زیاتر ئەو کەسانە قومار ئەنجام دەدەن، کە خاوەنی ئابوورییەکی زۆر باشن و هەندێکیشیان هەژارن، کە لەوانەیە خەونێکی هەبێت و بیەوێت بە بەدەستهێنانی بڕێک پارە بەدیبهێنێت، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمە دیاردەیەکی ناشرین و قێزەونە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەریهەڵداوە.

 

"هەر کۆمەڵگەیەک کار لەسەر فکر نەکات دیاردەی ناشرینی وەکو قومارکرنی تیادا سەهەڵدەدات"

نەجیبە مەحمود ڕوونی کردەوە، زیادبوونی دیاردەی ئەنجامدانی قومارکردن کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە بە جێدەهێڵێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی حکومڕانی لەم هەرێمەدا، کۆمەڵگە بەرەو دواوە ڕۆشتووە و لێکهەڵوەشاندنی خێزانەکانی لێوە دروست بووە و لە ڕووی فکری و کولتووری و ئابووریەوە کاریگەری دروستکردووە، لە کۆمەڵگەیەکیشدا کە تیایدا کار لەسەر فکر نەکرێت دیاردەی ناشرینتری لەم شێوەی تیادا سەرهەڵدەدات و یەکەم کەسیش خێزانەکان باجەکەی دەدەن.

 

وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەرئەوەی تا ئێستا ژنان مافی خۆیان بەدەست نەهێناوە و لە ڕووی یاساییەوە پلە دوون، بۆیە بەشێکی زۆریان هەر لە ژێر دەستی پیاودا ماونەتەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە چاویان لە دەستی پیاوە، بۆیە ئەمە وای لێ کردوون هەندێکجار ئەو کارە ناشرینانەی پیاوان دەیکەن بەرامبەریان قبوڵی بکەن، چونکە هەرچەندە ئێستا ژنان هۆشیارییەکیان هەیە، ئەگەر ئەوەش قبوڵ نەکەن دەبێت ڕێگەی دادگا بگرنەبەر، بەڵام لێرە دادگاکان بێ لایەن نین، بۆیە دووبارە ژنان زەرەرمەند دەبن.

 

"لە قومارکردندا منداڵ زەرەرمەندی یەکەمە"

نەجیبە مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی قومار ئەنجام دەدەن زۆربەیان باڵادەستن و دەسەڵات پشتگیریان دەکات، ئەمەش ترسێک لای ژنان دروست دەکات کەوا هەست بکەن کۆمەڵگە پەنجەی خراپیان بۆ ڕابکێشێت، سەرەڕای ئەمانە نابێت ژنان ئەوە قبوڵ بکەن کە پیاوێک قومار بە ژیان و شکۆ و کەرامەتیانەوە بکات، ئەگەریش یاسا پاڵپشتیان نەکات گرنگە ڕای گشتی هەبێت بۆئەوەی کاریگەرییەک لەسەر دەسەڵات دروست بکەن، لەم جۆرە بابەتانەدا منداڵ زەرەرمەندی یەکەمە و کاریگەری دەروونی خراپی لەسەر بەجێدەهێڵێت، دەبێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و منداڵان لە کاتی سەرهەڵدانی هەر دیاردەیەکی نامۆی لەم شێوەدا بێنە دەنگ و چاکسازی لە کۆمەڵگەدا بکەن.  

 

"بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان شکۆی ژنان لەکەدار دەکەن لە خستنەڕووی بابەتی قومارکردن"

نەجیبە مەحمود جەختی کردەوە، ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان، ئێمە ڕاگەیاندنی سەربەخۆمان کەمە و بەشێک لەو ڕاگەیاندنانەی هەیە دروستکراوی دەسەڵات خۆیەتی، بۆیە زۆرجار هەواڵەکان وەکو خۆی ناگەیەنێت و تەنها لەبەر کۆکردنەوەی خەڵک لە خۆیان کار دەکەن، نەک ڕای گشتی و کارکردن لەسەر خاڵە جەوهەرییەکان، لە کاتێکدا ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە، بۆیە دەسەڵات بۆ شاردنەوەی ئەو دیاردە ناشرینانە ڕاگەیاندنی سێبەری دروستکردووە و بابەتێک بڵاودەکەنەوە کە شکۆی ژنانی تێدا دەشکێندرێت.

 

وتیشی: ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە قومارکردندا نابێت پشتگوێ بخرێن، بەڵکو دەبێت کاریان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە، دانەخستنی شوێنی قومارکردن و بازرگانی کردن بە ژنانەوە و کردنەوەی شوێنی زیاتری لەو شێوە وای لە خەڵک کردووە باوەڕ بکات، کە ئەم شوێنانە دەسەڵات بەڕێوەیان دەبات، چونکە دەسەڵات هیچ هەڵوێستێکی نییە.

 

"دەبێت زیانەکانی ئەم یارییە خەڵکی لێ ئاگەداربکرێتەوە"

نەجیبە مەحمود لە کۆتایدا وتی: بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستە کۆمەڵگەکەمان تێیکەوتووە دەبێت تاکەکان هۆشیار بکرێنەوە، دەبێت لە سیستەمی پەروەردەوە دەستپێبکەین کە چۆن تاکی بەهێز و خاوەن کەسایەتی دروستبکەین، ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی دەستی ئەم یارییە مامەڵەیەکی تەندروستیانەیان لەگەڵ بکرێت تا دەگەڕێنەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆیان و خەڵک لە زەرەر و زیانی قومارکردن ئاگادار بکرێتەوە.