تاڵیبان منداڵان دەڕفێنێت و فێری کردەی خۆکوژییان دەکات

تاڵیبان منداڵان دەڕفێنێت و دەیانخاتە قوتابخانە ئاینییەکانی پاکستان، لەو ڕێیەشەوە فێری کردەوەی خۆکوژی دەبن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تاڵیبان کچان و کوڕان لە فرۆشیارانی سەر شەقام و سواڵکەرەکان لە شاری کابول کۆدەکاتەوە، دەوترێت کۆکردنەوەی منداڵەکان بۆ دەرهێنانی بایۆمەتری و پێدانی بڕێک پارەی ٢٥٠٠ی ئەفغانییە پێیان، بەڵام منداڵانی سەر شەقامەکان لە تاڵیبان و ئۆتۆمبێلەکانیان دەترسن کە بە دەوری شاردا دەسوڕێنەوە بۆ کۆکردنەوەیان.

 

"دوو هاوڕێی منیان بردووە بەڵام هێشتا نەگەڕاونەتەوە"

شیما نسار منداڵێکە و دەڵێت: تاڵیبان بە هاوڕێکانمیان وتووە کە دەتانبەین بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر و دواتر مانگانە پارەتان پێدەدەین، درۆمان لەگەڵ دەکەن، دوو هاوڕێکەمیان برد بەڵام تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، خەڵک دەڵێن دەمانبەنە زیندان و زیانمان پێدەگەیەنن.

 

شیما بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت "منیش نامەوێت لەم کەشوهەوا ساردەدا لە ماڵ دەربچم، من باوکم نییە و دایکم ئیشکەری ماڵانە، من دەچوومە قوتابخانە، بەڵام ئێستا دایکم بێکارە، چونکە ئەو خێزانەی کە کاریان دەکرد پێیان گوترا ئەفغانستان بەجێبهێڵن و لێرە نەماون.

 

چاوە بێتاوانەکانی مەعسوم شامیا لەناکاو درەوشایەوە و وتی: زۆرجار توانیومە لە دەست تاڵیبان دەربازبم و ناتوانن بەو جلوبەرگ و دەستکێشانەی کە لەبەریاندایە بمانگرن، من و هەندێک لە هاوڕێکانم هەمیشە توانیومانە هەڵبێین، من و هاوڕێکانم زۆر پێدەکەنین، هەردوو جلەکانیان ڕێگرییان لێدەکات لە ڕاکردن و شەرم لە جلەکانیان دەکەن.

 

مەعسوم شامیا یەکێکە لەو هەزاران منداڵە کرێکارەی ئەفغانستان کە ژیانێکی سەخت و لە هەمان کاتدا منداڵانە دەژین، بۆلانی (جۆرێک لە خواردنی ئەفغانی کە بە هەویر و پەتاتە یان سەوزەی تر دروست دەکرێت)، کە دایکی لەماڵەوە بۆی دروستدەکات، لەسەر ڕێگاکانی کابول دەفرۆشێت.

 

کوڕێکی دیکە بەناوی زەبیح ئیبراهیم خەریکی فرۆشتنی شیرینییە، ئەو دەڵێت: "لە ماڵەوە خوشک و برا بچووکەکانم هەیە، من و باوکم کار دەکەین بۆ پەیداکردنی نان بۆ خێزانەکەمان، لەم چەند ڕۆژەدا تاڵیبان لە شەقامەکانن بۆ ئەوەی کچ و کوڕەکانمان لە شەقامەکان بڕفێنن، باوکم پێی وتم هەرکاتێک بینیت ڕابکە، چونکە چیتر نازانین لە ژیاندایت یان مردوویت، هەروەها گوێم لە قسەکانی باوکم گرتووە، هەڵدێم.

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دایکێکم ناسی کە منداڵەکانی و هاوەڵەکانیان بە زۆر لە ئۆتۆمبێلی تاڵیبان دابەزاند و ڕێگەی نەدا لەگەڵ خۆیان بیانبەن، "منداڵەکانمان دەگوازرێنەوە بۆ پاکستان بۆ فرۆشتنی هەر ئەندامێکی جەستە کە بەسوود بێت و پارەیان پێ پەیدا دەکەن، دەیانبەنە قوتابخانە ئاینییەکان لە پاکستان بۆ ئەوەی وەک خۆیان پەروەردە بکرێن، دوای چەند ڕۆژێکیش دێنەوە ئەفغانستان بۆ ئەوەی کردەی خۆکوژی بکەن و منداڵەکانی دیکەمان بکوژن.

 

دایکەکە بە توڕەییەوە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێمەی گەل نابێت بێدەنگ بین، ئەمڕۆ توانیم دە منداڵ ڕزگار بکەم کە لە ئۆتۆمبێلێکدا هەڵگیرابوون، کاتێک وازم لە بردنی منداڵەکانم هێنا، منداڵەکانی تر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە ژاوەژاوەکەم ڕابکەن، ئێستا دڵخۆشم و جگە لە منداڵەکانی خۆم، کەسانی دیکەشم ڕزگار کردووە.