"لەسەر سنوری باشوورەوە تا باکووری کوردستان بووەتە زیندانێکی کراوە بۆ کوردان"

لە وڵاتێکدا کە بست بە بستی بکرێتە وێنەی سەرۆکێکی داگیرکەر و ئاڵای وڵاتێکی فاشیت، کە لە هەر چەند مەترێک خاڵی پشکنین هەبێت و زرێپۆش شەقامەکانی تەنیبێت، ئەوە چەشنی زیندانێکی کراوەیە بۆ خەڵکەکەی.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- لەوەتەی مرۆڤ هەیە، تێکۆشان بەدوای ئازادیدا هەبووە و لە بەرامبەر ئەو تێکۆشانەدا زیندان هەبووە، مرۆڤی کورد هێشتا لەناو بێدەرەتانی ئەو چارەنووسەدایە، جگە لە چەشتن و تاقیکردنەوەی هەموو جۆرەکانی زیندانیکردن، زەوتکردنی ئازادی لە دەرەوەی زیندان هەیە، لە کۆڵانەکاندا و لە شەقامەکاندا ئازادی لە کورد دەسەندرێتەوە، زیندان تەنها بەو واتایە نایەت کە کەسێک کەلەپچەی بکرێتە دەست و ببرێتە نێو چوار دیوارەوە و دەرگای لەسەر قوفڵ بکرێت، بەڵکو کاتێک نەتوانیت هەناسەیەک بە ئازادانە هەڵبکێشیت، کاتێک کوچە و کۆڵانەکانی بە زرێپۆش لێگیرابێت، ئەوە زیندانە.

 

دەوڵەتی تورک هەموو شوێنێکی کردووەتە زیندان

دەوڵەتی تورک کە دەستگیرکردن و خستنە زیندانی هەرکەسێک کە گۆشی بیری ئازادی و دیموکراتی بێت، کردووەتە پیشەی خۆیی و لە مێژووی خۆیدا بە هەزاران کەسی ئازادیخواز و کوردی خستووەتە زیندان، لە زینداندا مافەکانیان پێشێل دەکات و بەجێیان دە‌هێڵێت بۆ مردن، ئەو دەوڵەتە فاشیستە بەوەوە ناوەستاوە، بەڵکو ویستی ئەوەیە تەواوی وڵاتەکە بە تایبەت باکووری کورستان ببێتە زیندان، ئەو دەیەوێت ئازادی لەوانەی دەرەوەی زیندانە ڕاستەقینەکەش بسەنێتەوە.

 

ژنانی باشووری کوردستان کە لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل-ەوە سەردانی باکوور کوردستان هەردوو شاردی ماردین و ئامەدیان کردووە، باس لە ڕەفتاری پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ئیراهیم خەلیل دەکەن و پێیان وایە کە شارەکانی باکووری کوردستان بە مەبەست وەک زیندانێکی کراوەی لێکراوە بۆ خەڵکەکەی و بۆ ئەوانەشی کە سەردانی دەکەن.

 

ئیبراهیم خەلیل ناوەندی زیندانەکەیە و سوکایەتی دەکرێت

ژنێکی باشووری کوردستان، بە ناوی خوازراوی "نەسرین" کە لەڕێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەشتی کردووە و نایەوێت ناوی بهێندرێت، ئاماژەی بەوەکرد کە لەو سنورەدا لەلایەن کارمەند و پۆلیسە تورکەکانەوە سوکایەتی بە گەشتیاران دەکرێت و وتی: "کە دەگەیتە سنوری ئیبراهیم خەلیل و خاکی باشووری کوردستان جێدەهێڵیت وردە وردە هەست بەوە دەکەیت کە ئیتر مەترسیت لەسەرە، ژمارەیەکی زۆر پۆلیسی تورک لەناو شوێنی پشکنینی جانتای گەشتیاران دانیشتوون، جگە لەوانەی کە لە کاردان و پشکنین دەکەن، ئەوانەی تەنها دانیشتوون ژمارەیان نزیکەی ١٠ پۆلیس دەبێت، بۆت دەردەکەوێت کە ئەمانە بۆ کاری چاودێری و تایبەت دانراون، لە گەڵیشیدا سوکایەتی بە گەشتیاران و بە تایبەت کورد دەکەن، من لەو شوێنەدا سوکایەتییم پێکرا، چونکە ئەوان فاشیستن و هەر بەو شێوەیە پەروەردە کراون و گەورە بوون".

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەسرین ئەوەی خستەڕوو لە ئیبراهیم خەلیل کاتێک لە سنووری باشووری کوردستانی هیچ وێنەیەکی زیندان نایەتە بەرچاوت، بەڵام لەگەڵ چوونە سنوری باکوور کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکدایە وێنەی زیندان یەتە بەرچاوت، وتیشی: "لە شوێنی پشکنینی جانتا ئەوەندە شیشی ستونی دانراوە، وەک زیندانی لێکراوە، بە ئاسانی پێیدا تیپەڕ نابیت، کە تێپەڕیش دەبیت بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت بگەڕێیتەوە، ئەگەر پێویستییەکیشت هەبێت، دەبێت قوفڵێکی گەورەت بۆ بکەنەوە کە پێیان داخستووە، من کاتێک تێپەڕبووم بیرم کەوتەوە کە پاسپۆڕتەکەم لە ئۆتۆمبێلەکەدا بیرچووە، بۆیە دەبووایە لەو دیوی شیشەکانەوە بگەڕێمەوە و بە ئاماژە پێم وتن  پاسپۆڕتەکەم بیرچووە دەبێت بیهێنم، بەڵام ئەوان بۆ ئەوەی سوکایەتی بەمن بکەن دەیانوت کە لە شوێنێکی تەسکی شیشەکانەوە کە تەنها جانتای پێدا تێپەڕدەبێت من بگەڕێمەوە، چەند جارێک وتم کە ئەو شوێنە بۆ من و بۆ مرۆڤ نابێت، کەسی پێدا ناچێت تەنها هی جانتایە، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی من لەوێوە تێپەڕببم، هەتا من هەنگاوێکم هەڵهێنایە ناو ئەو بۆشاییەوە تا تێبگەن من بەوێدا ناتوانم تێپەڕببم، بەڵام هەموو ئەو پۆلیسانەی لەوێدا کاریان تەنها دانیشتنە، دایانە قاقای پێکەنین و بە من پێکەنین، دواتر هاتن قفڵی دەرگاکەیان کردەوە، بەڕاستی من ئەوکات زیاتر تێگەیشتم کە ئەوان چەندە فاشیستن و ڕقیان لە خەڵکە بە گشتی و کورد بەتایبەت، ئەوان خۆپەرست و خۆبەشتزانن".

 

هەموو شوێنێک خاڵی پشکنینە و لەسەر شەقامەکان لەپڕ ڕاتدەگرن

ژیان، ناوی خوازراوی ژنێکی دیکەیە، لەسەر خواستی خۆی ناوی ناهێندرێت، لە گەشتەکەیدا بۆ باکووری کوردستان بوونی خاڵی پشکنین بێزاری کردووە و ئاماژەی بەوەکرد کە بەدەر لە چوونە ناو شار و شارۆچکەکانەوە کە خاڵی پشکنین هەیە، لەناو شارەکانیشدا و لە شوێنە گشتییەکان پۆلیس بێزارت دەکات، وتی: "لە خاڵی پشکنینەکاندا بەشێوەیەک لێکۆڵینەوە دەکرێت ترس بۆ خەڵک دروستدەکەن، جگە لەوە، لەناو شارەکاندا لە ئامەد کە من گەشتم بۆ کردووە لە پڕ لەسەر شەقامەکان ڕاتدەگرن و لێکۆڵینەوە دەکەن، ئۆتۆمبێلەکانیان ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئاسایی نییە، ئەوان بە زرێپۆش بەناو گەڕەک و شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە، بەڕاستی وێنەیەکی ناخۆش و ترسناک دێتە بەرچاوت وەک ئەوە وایە جەنگ بێت، لەناو بازاڕی سوری ئامەد هەموو ڕۆژێک لە بەیانی تا درەنگانی شەو زرێپۆش دەوەستێت، من ترسم لا دروستببوو، چونکە لە ژیانمدا بەو شێوەیە زرێپۆشم لە نزیکەوە نەبینیوە".

 

فڕۆکە لەیەک کاتدا بە ئاسمانی سلێمانی و ئامەدەوە بوو

ژیان وتیشی: "لە ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەم کاتێک کە لە ئامەد بووم و دوور بووم لە سلێمانی لە ڕێگەی هەواڵەوە زانیم شارۆچکەی ماوەت لە شارباژێری سلێمانی بۆردومان کراوە، لەگەڵ ئەوەدا تەواوی ڕۆژەکە لە ئامەد فڕۆکەیەکی ڕەشی دەنگ بەرز لە بەیانی تا ئێوارە دەسوڕایەوە و چەند جارێک نزم دەبووە و دەهات و دەچوو، دەنگێکی بێزارکەری هەبوو، کە هەواڵی بۆردومانی سلێمانیم زانی وتم بۆیە فڕۆکەش لێڕە دەسوڕێتەوە، کەواتە دەوڵەتی تورک لە ئاسمانەوە بەردەوام ترس دەخاتە دەڵی کوردەوە لە هەر پارچەیەک بێت، ئەوەی ئەمجارە لە گەشتەکەم بینیم جیاواز بوو، چونکە دەوڵەتی تورک هەموو شوێنێکی کردووەتە مەیدانی جەنگ و زیندان، ئەو واز لە دژایەتی کورد ناهێنێت".

 

بە وێنە و ئاڵا شکستی خۆیان دەشارنەوە

ژیان و نەسرین ئاماژەیان بەوەکرد کە لە گەشتەکەیاندا ئەوەی لەسەر شەقامەکان بینویانە بوونی وێنەی ئەردۆغان و ئاڵای تورکیا بووە، بە جۆرێک بست بە بستی کراوەتە وێنەی ئەردۆغان، وتیان: "لە هەر وڵاتێک کە وێنەی سەرۆک بەو شێوەیە هەڵواسراو بەزر کرایەوە، واتای ئەوەیە کە وڵاتێکی زۆردار و شکستخواردووە، ڕاستە ئاڵا سیمبولی گەلانە، بەڵام تورک ئاڵاکەی بۆ دژایەتی گەلی کورد بەکاردەهێنێت، لە ئێستادا کە ئەو دەوڵەتە لە شکستێکی گەورەدایە، دەیەوێت بە ئاڵا و وێنەی ئەردۆغان بوونی خۆی بسەلمێنێت، کاتێک گەشتیار دەچێتە شوێنێک دەیەوێت هەوای ئازادی هەڵمژێت، نەوەک تەنها وێنە و ئاڵا بێتە بەرچاوی".

 

جێی ئاماژەیە دانانی وێنەی ئەردۆغان و ئاڵای تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان بە پلان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێت و مەبەستیەتی کورد بێزار بکات، هەروەها بەو ڕێگەیە دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە ئەو دەسەڵاتی بەسەر تەواوی باکووری کوردستان هەیە و ئەو شکستە گەورەیەی خۆی دەشارێتەوە کە بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ سەر خاکی کوردان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دووچاوی دەبێت.


بڕیاریشە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەش لە ئێستاوە پارتی دەسەڵاتدار کە ئاکەپەیە کەوتووەتە بانگەشە و هەڵواسینی لۆگۆ و وێنە، ئەو دەسەڵاتە زۆردارە هەرچی بیەوێت دەیکات و لە پێش هەموو هەڵبژاردنەکان بەم شێوەیە پێشێلکاری دەکات و گەل و خەڵک دەخاتە بێزارییەوە.