نەریتی دواکەوتوو: هاوسەرگیری لە بەرامبەردا

ژنانی ئیدلب کە لەژێر داگیرکاریدا دەژین، لەگەڵ ئەوەدا ڕووبەڕووی نەریتی دواکەوتووی هاوسەرگیری زۆرەملێ دەبنەوە، ئەم ڕاستییە کە لە ئیدلب بە شێوەیەکی بەرفراوان بوونی هەیە و دۆخی ستەمکاری لەسەر ژنانی ئیدلب نیشان دەدات

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- هاوسەرگیری لە بەرامبەر شتێکدا، لە هەندێک ناوچە ناوخۆییەکانی ئیدلب بەربڵاوە و زۆرێک لە ژنان بە هۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەکە دەبنە قوربانی ئەم هاوسەرگیرییە. هیچ ئامارێکی فەرمی و دروست نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەم هاوسەرگیرییەیان لە ئیدلب ئەنجامداوە. چالاکوانان دووپاتیان کردەوە کە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی خەڵک و خێزانەکان، چونکە توانای دابینکردنی خەرجییە قورسەکانی هاوسەرگیریان نییە، بۆیە ڕوو لە هاوسەرگیری بە بەرامبەر دەکەن.

 

"من بوومە قوربانی ئەم هاوسەرگیرییە کە منی لە سێ منداڵەکەم جیاکردەوە"

ڕەندا سلێمان تەمەنی ٢٨ ساڵە، لەبەرامبەر هاوسەرگیری براکەیدا هاوسەرگیری پێکراوە، دوای ٥ ساڵ لە هاوسەرگیری بەهۆی ئەوەی براكەی ژنەكەی بەجێهێشتووە، ئەو پیاوەی رەندای هێناوە بەبێ هۆ جێی دەهێڵێت و ڕێگە نادات سێ منداڵەکەی ببینێت.

 

رەندا سلێمان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئاگاداری مەترسییەکانی ئەم هاوسەرگیرییە نەبووە و وتی: خێزانەکەم ناچاریان کردم هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو گەنجە بکەم کە براکەم دەیەوێت لەگەڵ خوشکەکەیدا هاوسەرگیری بکات، بۆ ئەوەی هەردوولا توڕە نەبن، من بوومە قوربانی ئەم هاوسەرگیریە، کە منی لە هەر سێ منداڵەکەم جیاکردەوە و وەک ژنێکی جیابووەوە مامەوە، لە کۆمەڵگەیەکی بێبەزەییدا خێزانەکەم و براکەم کە گەورەترین ڕۆڵیان هەبوو لە تێکدانی ژیانم، بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕەتیانکردەوە منداڵەکانم بێنە سەردانم بکەن، من ٤ مانگە منداڵەکانم نەبینیوە."

 

"خێزانەکەم پێیان وتم ئەمە هاوژینتە و پێویستە تەحەمولی بکەیت هەرچییەک ڕووبدات"

شەیما تەیفور، بە ناچاری هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک کردووە کە ١٥ ساڵ لە خۆی گەورەترە، کە پێشتر هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە، شەیما وتی: لە بەرامبەر هاوسەرگیری براکەم لەگەڵ خوشکی پیاوێکدا، ناچار بووم هاوسەرگیری بکەم، ئەم هاوسەرگیرییە لە ژێر فشاری خێزانەکەمدا ئەنجامدرا، جیاوازی تەمەنی گەورەی نێوان من و هاوژینەکەم، جگە لە پێگەی کۆمەڵایەتی، کێشەی خێزانی و هاوسەرگیری زۆری بۆ من دروستکردم، هاوژینەکەم ئازاری دەدام، کاتێک بە خێزانەکەمم دەوت هاوژینەکەم سوکایەتیم پێدەکات، پێیان وتم 'ئەمە هاوژینتە و هەرچییەک ڕووبدات دەبێت تەحەمول بکەیت'، بۆیە ژن هیچ مافێکی لە کۆمەڵگەدا نییە."

 

"ژنان لە مافە ڕەواکانی هاوسەرگیری بێبەش دەکرێن"

هوەیدە عەرەفا، راوێژكاری دەروونی و كۆمەڵایەتییە، تەمەنی ٣٨ ساڵە، ئاماژەی بەوەدا بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیری بەرامبەر لە ئیدلب شتێكی نوێ نییە، بەڵكو بەهۆی شەڕی سوریا و دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە زیادی كردووە، وتیشی: زۆرێك کێشەی جددی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو ژنانەی کە قوربانی ئەم هاوسەرگیریەن دروستدەبێت، وەک پێشێلکردنی مافی ژنان، ژنان لە مافە ڕەواکانی هاوسەرگیری بێبەش دەکرێن، بەتایبەتی لە نەبوونی یاسا و ڕێساکان کە ژنان لە ئیدلب بپارێزن، هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە سنووردارکردنی ئەم هاوسەرگیریانە، لە ڕێگەی دیاریکردنی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کۆمەڵگە و کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەندیدار، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەکان".