"لەبەر توانا هزریەکانم توانیم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم"

ڕەز تەمەنی ١١ ساڵە و توانیویەتی بەهۆی زیرەکییەکەوە ئاستێکی بەرز لە پرۆگرامی م"ماجیک ماس" لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پڕۆگرامی ماجیک ماس- magic math پرۆگرامێکی نیشاندانی ئاستی زیرەکییە لەسەر ئاستی عێراق و لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە پێشبڕکێکەدا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشدارییان کرد و پێنج منداڵی هەڵەبجە توانیان پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.

 

ڕەز مەنزەر، یەکێکە لە پێنج یەکەمەکەی پێشبڕکێکە و تەمەنی ١١ ساڵە، ڕەز خوێندکاری پۆلی شەشە و لە زاری کەسوکاریەوە، بە نەخۆشی شێواوی جومگەوە لەدایکبووە، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبووە لە بەردەم هەوڵ و سەرکەوتنەکانی و هەرگیز وا خۆی پیشان نەداوە کە منداڵێکە و پێویستی بە یارمەتییە.

 

ڕەز خۆی دەڵێت: دەرچووم بۆ قۆناغی شەش و دانیشتووی هەڵەبجەم، بەشداری پرۆگرامی ماجیک ماس بووم، چونکە حەزم لێی بوو، هەستیشم دەکرد مێشک و هزرم باشە و توانیم خەڵاتی یەکەم بەدەستبهێنم.

 

ڕەز سوپاسی خانەوادە و هاوڕێ و منداڵانی هاوڕێی دەکات و ئومێدەوارە بتوانێت بەردەوام بێت و زیاتر کار لەسەر هزر و مێشکی بکات.