جەواهیر عومەر لە ساڵی هەشتاکانەوە سەرقاڵی دروستکردنی هەڕشتەیە

جەواهیر عومەر فەرەج، ژنێکی دانیشتووی شاری کۆیەیە و وەک خۆی دەگێڕیتەوە، لە ساڵی هەشتاکانەوە سەرقاڵی دروستکردنی هەڕشتەیە و خواستێکی زۆری خەڵکی لە سەرە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- هەڕشتە، جۆرە نانێکی وردی دروستکراوی کوردەوارییە، لەگەڵ دارچین و بیبەر و چەند کەرەستەیەکی دیکە تێکەڵ دەکرێت و لە دروستکردنی خواردندا بەکاردەهێنرێت، کە تام و بۆنێکی جیاواز دەبەخشێتەوە خواردنەکە.

 

جەواهیر عومەر فەرەج، ژنێکی دانیشتووی شاری کۆیەیە لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە ساڵی هەشتاکانەوە سەرقاڵی دروستکردنی هەڕشتەیە و وەک خۆی باسی دەکات، خەڵکێکی زۆر خواستیان لەسەر خواردنی هەڕشتەیە و بە تایبەت بۆیان دروستدەکات.

 

لەم دۆسیەیەدا جەواهیر فەرەج، باس لە دروستکردنی هەڕشتە و شێوازەکانی دەکات، کە هەندێک کەس حەزیان لێیە بیبەر بکرێتە ناو هەویرەکەی و هەندێک کەسی دیکە بە دارچینی حەزیان لێیە، جەواهیریش دروستی دەکات و بۆیان دەنێرێت، وتیشی: خەڵک زۆر خواستیان لەسەرە، ماوەیەک دەستبەرداری بووین و دروستمان نەکرد، بەڵام تازە دەستمان پێکردووەتەوە و بۆ فرۆشتنیش لە بازاڕی شاری کۆیە دەیفرۆشین و هەندێکیش دەنێرین بۆ هەولێر، یاخود دێن و لێرە لێمان دەکڕن.