ژنان لە باشووری کوردستانەوە بانگەوازی لە درێژەدان بە شۆڕشی ژینا دەکەن

ژنان لە باشووری کوردستانەوە بانگەوازی بۆ درێژەدان بە شۆڕشی ژینا ئەمینی دەکەن، بە پێویستی دەزانن درێژە بدرێت بەم شۆڕشە لەپێناو نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵێک بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تێدەپەڕێت، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بە دەستی ڕژێمی ئێران دەستی پێکرد، دوای ساڵێک ژینا هێشتا لە دڵی ژنانی ئازادیخوازدا زیندووە، ژنان تا ئێستاش دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە و کردویانە بە دروشمێک بۆ پێشەنگایەتیان دژ بە زۆرداری سیستم و ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ژنانی باشووری کوردستانیش داوا دەکەن ئەم شۆڕشە ون نەبێت و ببێتە هۆکارێک بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش لە باشووری کوردستان.

 

"شۆڕشی ژینا بووە دەرخەری ئازارەکانی ژنان لە تەواوی جیهان"

چرۆ شوانی، پارێزەر دەربارەی شۆڕشی ژینا ئەمینی ڕوونیکردەوە، شۆڕشی ژینا ئەمینی ڕاستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریهەڵداوە، بەڵام بووەتە شۆڕشی ژنان لە تەواوی جیهاندا، شۆڕشێکە دەستی خستووەتە سەر برینی ژنانی هەموو جیهان، کاردانەوەیەکی گرنگی هەبوو، ڕاستی ئازارەکانی ژنانی دەرخست، ئەم شۆڕشە تەنها لە بەرامبەر سەرپۆشی زۆرەملێ ئەنجام نەدرا، بەڵکو دەرەنجامی سەرکوتکردنی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە لەسەر ژنان پەیڕەوی دەکات، ژنانی کورد پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشەیان کرد، چونکە هەرچەندە ئەم زوڵم و زۆرداریە دژی ژنانی ئێران و کورد بوو، بەڵام دۆخەکە بۆ ژنانی کورد زەحمەتتر بوو، بەهۆی ئەوەی سەر بە نەتەوەی کوردن، ئەمەش وایکرد ئەم شۆڕشە کاریگەری بکاتە سەر ژنانی باشوور و و تەواوی جیهان.

 

"سیستمی ئازادی و ئاینی لە باشووری کوردستان ژنی چەوساندووەتەوە"

چرۆ شوانی ئاماژەی بەوەدا، شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ژینا ئەمینی پێویستە لە باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت، چونکە بە ئێستاشەوە لە باشووری کوردستان لە ژێر ناوی ئازادیدا ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، دەشڵێت: ژنان کەوتوونەتە نێوان دوو سیستم، سیستمی ئاینی و ئازادی، کە هەردووکیان بوونەتە هۆکار بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان، بۆیە گرنگە ژنان خودی خۆیان بناسن و مێژووی خۆیان بناسن، بۆ ئەوەی بتوانن شۆڕش بەرپا بکەن و ببنە پێشەنگ.

 

لە کۆتاییدا وتی: وەک لای هەمووان ڕوونە هەر شۆڕشێک ژن پێشەنگایەتی بکات، دەبێتە شۆڕشێکی سەرکەوتوو، نمونەی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و ژینا ئەمینی هەن کە دەیسەلمێنن ژنانی کورد دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن و سەرکەوتووبن، توانیویانە گۆڕانکاری دروست بکەن، بەهۆی ئەوەی تێکەڵبوونی زمان، کولتوور، ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکان هەن، پێویستە یەکتر قبوڵ بکەن، ئەمەش بە هاتنە دی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە ژنان ڕووبەڕوو ببنەوە و ببنە یەکڕیز و یەک دەنگ تا شۆڕشێک بەرپا ببێت.

 

"ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو هێندە دەچەوسێندرێنەوە"

تەلار ئیوەر، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری سلێمانی، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، دەربارەی شۆڕشی ژینا ئەمینی ئاماژەی بەوەدا، لە مێژووەوە ژنان چەوسێندراونەتەوە و زوڵمیان لێکراوە بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژن بوونیان و بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەروەها هەبوونی حیجابی زۆرەملێ ژنان دوو هێندە دەچەوسێندرێنەوە، لەپای ئەم سیستمە شۆڕشی ژینا لە گۆڕستانی ئایچییەوە دەستی پێکرد، بوێرانە ژنان بەشداریان تێداکرد و بوونە دەستپێشخەر بۆ لەناوبردنی سیستمی زۆرداری کۆماری ئیسلامی ئێران، کاتێکیش ژنان لە ناوچەیەک دەنگ هەڵدەبڕن دژی زۆرداری، بێگومان کاریگەری دەخاتە سەر ژنانی دیکەی جیهان، بۆیە پێویستە ژنان زیاتر هۆشیار بن و بە ئاگا بن دژی زوڵم و زۆرداری.

 

"ژنان دەبێت شۆڕشی ژینا ئەمینی بکەنە هۆکار بۆ دەستپێکی شۆڕش لە باشوور"

تەلار ئیوەر باسی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرد کە دەبێت ژنانی باشووری کوردستان ئەزموونی لێوەربگرن و بیکەنە هۆکارێک بۆ دەستپێکردن بە شۆڕشی باشووری کوردستان دژی زوڵم و زۆرداری، دژی ئەو توندوتیژیانەی ڕۆژانە لەسەر ژنان جێبەجێ دەکرێت و بەهۆیەوە ژنان دەکوژرێن، وتیشی: دەستپێکردن بە شۆڕش دەتوانرێت لە ماڵ و خێزانەکانی خۆمانەوە بێت، بەوەی ڕووبەڕوو ببینەوە و چیتر چەساندنەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری قبوڵ نەکەین و درێژە بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بدەین.