ڕۆژنامەنووسانی دایک لە ئیدلب بۆ سەلماندنی خۆیان بەرەنگار دەبنەوە

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئیدلب بەرگەی چەندین سەختی دەگرن بۆ سەلماندنی خۆیان و توانای کارکردنیان لە پیشەی ڕۆژنامەگەریدا، کە تا ئێستاش لە چاوی کۆمەڵگەدا وەک پیشەی پیاوان سەیر دەکرێت.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دایکن، لە ئیدلب لە کاتی کاری ڕۆژنامەوانیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، ئەمەش لە ئەنجامی سەختی هاوسەنگی نێوان چاودێریکردنی منداڵەکانیان و ئەنجامدانی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیانە، کە وایکردووە دوو هێندە ئازار بچێژن لە نێوان بارودۆخی خراپ و مەترسیداری کارەکەیان.

 

دایکانی ڕۆژنامەنووس کاتیان بۆ منداڵەکانیان نامێنێتەوە

"بە دەستێک منداڵەکەم دەگرم، بە دەستەکەی تریش کامێراکە دەجوڵێنم"، ئەمە قسەی ڕۆژنامەنووس حەلا ئەحمەدی ٣٢ ساڵە، بەم قسانە کورتەیەک لە ئازارەکانی خۆی لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکە ڕۆژنامەوانییەکانیدا دەگێڕێتەوە، کە دوای ئەوەی منداڵێکی تازەی لەدایکبوو ناچارە بیباتە سەر کار لەگەڵ خۆیدا و چونکە پێویستی بە چاودێری و گرنگی پێدان هەیە و ناتوانێت لەگەڵ خوشک و براکانی لە ماڵەوە بیهێڵێتەوە.

 

حەلا ئەحمەد باسی لەوەکرد، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نەیتوانیوە کات لەگەڵ منداڵەکانی بەسەرببات و ئاگاداریان بێت، بەهۆی فشار و بارودۆخی سەختی کارکردنەوە، وتیشی: سەختی کارکردنی وەک ڕۆژنامەنووس یان پەیامنێر لە نەبوونی کاتی دەوامی دیاریکراو دایە، چونکە ناچارین، زیاتر لە نۆ کاتژمێر لە منداڵەکانم دوور بکەومەوە، هەندێکجار بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمە بچمە ناوچە دوورەکان، بۆیە ناچارم منداڵەکان لەلای باوکیان بەجێبهێڵم و بچم کارەکەم ئەنجام بدەم.

 

ئەو هەوڵە زۆرەکانی خۆی ناشارێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی کارەکانی لەگەڵ ئەرکی دایکایەتیدا، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە لە ئەنجامی فشارەکانی کاردا شکستیان هێناوە، کە ئەمەش کات و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت لەسەر حیسابی منداڵەکانی.

 

"ناچارین خۆمان لە ڕۆژنامەنووسی دووربخەینەوە"

وەلا محەمەدی ٢٨ ساڵ، ڕۆژنامەنووسە و ناچارە مەودای ٢٥ کیلۆمەتر ببڕێت بۆ ئەوەی منداڵەکانی لای دایکی دابنێت، تا بتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، باسی لەوەشکرد، بەهۆی دابڕانی کاتێكی زۆر لە منداڵەکانی، هەست بە ڕادەی ئەو هەڵوەشانەوە خێزانییە دەکات کە ڕووبەڕووی خێزانەکەی دەبێتەوە، ئەمەش وای لێکردووە زۆرێک لە ئۆفەرەکانی کار ڕەت بکاتەوە، کە پێویستی بە پابەندبوون بە کات و گۆڕانکارییەکی ئیداری جێگیر هەیە، چونکە کارەکانی وەک پەیامنێر پێویستی بە کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ناچاری دەکات منداڵەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر بەجێبهێڵێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکەی وای لێدەکات هەست بە دڵەڕاوکێ بکات و لە دۆخێکی بەردەوامی ترس و دڵەڕاوکێدا بێت، لە ترسی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانکردن یان ئەو مەترسیانەی کە لەوانەیە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا ڕووبەڕووی ببنەوە، وتیشی: بەرپرسیارێتی لەسەر ڕۆژنامەنووس دوو هێندەیە و کە هەندێک جار ناچارین خۆمان لە بەرامبەر پیشەکەدا بپارێزین، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان پەروەردە بکەین و چاودێریان بکەین.
 

ڕووەیدا خەلوف، ڕۆژنامەنووسی ٣٦ ساڵ، جەخت لەسەر پێویستیی تێگەشتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەو بارودۆخەی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکاتەوە، تا هەوڵ بدرێت، چڕی کارکردن لەسەریان کەم بکرێتەوە، یان پێدانی مۆڵەتی هەفتانە یان مانگانە بۆ چاودێریکردنی منداڵەکانی دابین بکرێت، وتیشی: ژنانی ڕۆژنامەنووس بەرگەی چەندین سەختی دەگرێت بۆ سەلماندنی خۆی و توانای کارکردنی لە پیشەی ڕۆژنامەگەریدا، کە تا ئێستاش لەبەرچاوی کۆمەڵگەدا بە پیشەیەکی پیاوان دادەنرێت.