خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی ٢٦ ساڵە چاودێری باخچەی منداڵانە

هەرچەندە کۆمەڵگە بووەتە ڕێگر لەبەردەم ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام هەمیشە لە هەوڵەکانیان نەوەستاون، بەڵکو چەندین کەسی سەرکەوتوویان تێدایە و نمونەی ژنی بەتوانان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان لە هەر جێگەیەک بن لە هەر کۆمەڵگەیەک و ناوچەیەک بن لە هەر دۆخێکی ژیانیاندا بن جێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا کردووەتەوە، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش بە هەمان شێوەن، چەندین ژن هەن دۆخی تەندروستیان نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ئامانجەکانیان، بەڵکو زیاتر پشتیان بە خۆیان بەستووە و گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.

 

ڕەوشی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکە بۆ خاوەن پێداویستییەکان گونجاو نییە، هەمیشە بەربەست و ڕێگرییەکان بوونیان هەیە، ئەگەر لە ڕێی قسەیەکیشەوە بێت، ئەمەش ژیانیانی قورستر کردووە، خۆ ئەگەر ژنان بن دوو هێندە قورس بووە لەسەر ژیانیان، بەڵام ئومێدەکانیان ژنانی گەیاندووەتە ئامانجەکانیان.

 

"لەگەڵ گەورەبوونمدا هەستم دەکرد جیاوازم لە کەسانی دیکە"

شەهلا محەمەد، چاودێر لە باخچەی منداڵانی گەزۆ و خاوەن پێداویستییەکی تایبەتە، باسی لە ژیانی خۆی و ئەو زەحمەتیانە کرد کە لە ژیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، ڕوونیکردەوە، لە تەمەنی منداڵیدا هەستی بەوە نەدەکرد خاوەن پێداویستی تایبەت بێت، لەگەڵ منداڵانی هاوڕێی کە یاری دەکرد ئەو هەستەی بۆ دروست نەبوو بوو چونکە منداڵ بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ گەورەبوونیدا شەهلا هەست بە نامۆیی دەکات، هەست دەکات وەک منداڵانی دیکە نییە ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە خوێندن داببڕێت و درێژە بە خوێندنی نەدات.

 

"دۆخی تەندروستیم ڕێگەی نەدا درێژە بە خووێندنم بدەم

هۆکاری ئەوەی شەهلا نەیتوانی درێژە بە خوێندنی بدات ئەوە بوو کە بەردەوام هەستی بە شەرم دەکرد لەناو هاوڕێکانیدا، جگە لەوەش خوێندنگەکەی لە ماڵەکەیان دوور بووە و نەیتوانیوە بە پێ ڕێبکات، بەڵکو دەبوو هەموو ڕۆژێک دایکی هاوکاری بکات و بیگەیەنێتە خوێندنگەکەی، بۆیە بڕیاریدا واز لە خوێندن بهێنێت.

 

هەرچەندە شەهلا واز لە خوێندن دەهێنێت بەڵام لە ماڵەوەدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەست دەکات بە کۆمەڵێک چالاکی دیکەی وەک بەشداریکردنی لە کۆمەڵەی ڕۆژ، کە کۆمەڵەیەکە تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان هەیە، وەک خۆی دەڵێت: "کۆمەڵەی ڕۆژ دەرگای ئومێد بوو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەوێوە چەندین خاوەن پێداویستی تایبەت بوونە شانۆکار، خودی خۆم بەشداری پێنج شانۆییم کردووە"، لە ئێستادا کە شەهلا ٢٦ ساڵە چاودێرە لە باخچەی منداڵان بە سایەی هاوکاری کۆمەڵەی ڕۆژەوە بووە.

 

"خێزانەکەم هەمیشە پاڵپشتیان کردووم"

شەهلا سەرەتا لە باخچەی منداڵانی چۆپی دامەزراوە و لە ئێستادا لە باخچەی منداڵانی گەزۆیە و ٢٦ ساڵە لەگەڵ منداڵاندا ژیان دەکات، باسی لە ژیانی خۆی کرد، کە لەگەڵ دەست بە کاربوونیدا خێزانەکەی هەمیشە پاڵپشتیان کردووە، هەرچەندە لە ژینگەیەکدا ژیاوە و کۆمەڵگەی کوردی بە جۆرێکە کە قورسە ژنێک وەک خاوەن پێداویستی کار بکات، کۆمەڵگە قورسایی بۆ ژنان دروست دەکەن، خۆ ئەگەر خۆ ئەگەر خاوەن پێداویستی بێت دووجار بۆی قورس دەبێت.

 

دایکی شەهلا هەمیشە وەک پاڵپشتێک وابووە بۆی، بەردەوام هەوڵی داوە شەهلا گۆشەگیر نەبێت و بتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بووەستێت، دەڵێت "ماوەیەکی کورت لە ماڵەوە بووم بەڵام بێ کار دانەنیشتم و دەستم کرد بە کاری دروومان".

 

"دایکم ترسی هەبوو منداڵانی خوێندنگە گاڵتەم پێ بکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دەستپێکی کارەکەی کرد، نەیدەویست بچێتە خوێندنگە، چونکە دایکی دەترسا منداڵان گاڵتەی پێبکەن، بەڵام بەڕێوەبەری باخچەکەی هەمیشە پاڵپشتی لێکرد و بەڵێنی پێداوە ڕێگە نەدات منداڵان گاڵتەی پێبکەن، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی شەهلا زیاتر گرنگی بە کارەکانی بدات و ببێتە چاودێرێکی سەرکەووتوو.

 

دەربارەی دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕوونیکردەوە کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکە هەمیشە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەست دەکەن لە دوای کۆمەڵگەوەن و کەسانی ئاسایی نین، بەڵام بە پێچەوانەوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەشێکن لە کۆمەڵگە و نابێت هەژماری جیایان بۆ بکرێت.

 

 

"بە ئێستەشەوە قسەی ڕووخێنەر بە ڕووی خاوەن پێداویستییەکاندا دەکرێت"

شەهلا باسی لەوەکرد، سەردەمێک بوو دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زۆر خراپ بوو، خودی شەهلا خۆیان پێیان وتووە کە ناتوانیت بڕۆیت بۆ یەیتە دەرەوە، یاخود چەندین قسەی ڕووخێنەریان پێ وتووە، بەڵام سەرجەمیان نەبوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی شەهلا لە هەوڵەکانی بوەستێنن، بەڵکو بوونەتە هەنگاو بۆ سەرکەوتنی.

 

بۆیە داواکارە هیچ خاوەن پێداویستییەک ئەو قسانە کاریان تێنەکات، بەڵکو لە هەوڵ و تواناکانی خۆیان بەردەوام بن، وتیشی: لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵگە هۆشیار بووەتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەڵکو پێویستی بە هۆشیاری زیاترە، چیتر پێویست ناکات بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بوترێت وەیش، گوناحە یان کۆمەڵێک شتی تر".

 

شەهلا داواکارە هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە دوای خولیا و ئامانجی خۆیان بکەون، بە تایبەت ژنان، پشت بە خۆیان ببەستن و دۆخی تەندروستیان نەکەنە هۆکارێک بۆ نەگەیشتن بە ئامانجەکانیان، لە کۆتایدا دەڵێت: قەت خاوەن پێداویستییەکەمم نەکردووەتە بەهانەیەک بۆ دانیشتنم.