"پاڵپشتی نەکردنی خێزان هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنانە"

ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەردەوامە و پارێزەرێکیش دەڵێت: هۆکاری سەرەکی زیادبوونی توندوتیژییەکان پاڵپشتی نەکردنی خێزانەکانە لە ژنان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان زەرەمەندی یەکەمن و هەمیشە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆن تیایدا زاڵە، زۆرجار ژنان ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت قبوڵی دەکەن، چونکە خێزانەکانیان پاڵپشتیان ناکەن، بۆیە ژنانیش لە ترسی لەدەستدانی منداڵەکانیان و ناو زڕاندنیان، بێ دەنگن لە ئاست ئەم توندوتیژیانە.

 

"ژنان توندوتیژی قبوڵ دەکەن لە پێناو منداڵەکانیان"

فریشتە خەلیل، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، دوو جۆر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش توندوتیژی جەستەیی و دەروونی کە ئیهانەکردن و جنێودان و تانەوتەشەر و لێدان دەگرێتەوە، زۆربەی ئەو ژنانەشی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت بێدەنگ دەبن، چونکە دەترسن ببنە قوربانی و ئەگەر منداڵی هەبێت منداڵەکانی لێ وەربگیرێتەوە و ژیانی تێک بچێت، زۆر جار لەوە دەترسێت ئەگەر جیاببێتەوە کەسێک نییە لە ڕووی ئابوورییەوە پاڵپشتی بکات، هۆکارێکی تری بێدەنگی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان بونەوەرێکی خەمخۆرن و هەمیشە خۆی دەکات بە قوربانی لە پێناو خۆشگوزەرانی منداڵەکانی.

 

"توندوتیژی ژنان تووشی نەخۆشی دەروونی دەکات"

فریشتە خەلیل ڕوونی کردەوە، خێزانەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر جار بێ دەنگ دەبن کاتێک کچەکانیان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، چونکە دووبارە هەڵەکە دەخەنەوە سەر ژنان کە لە ڕێ دەرچوون، بەڵام کاتێک ژنێک تووشی کێشەیەک دەبێت، پێویستە ئەندامانی خێزانەکەی بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، وتیشی: هەرچەندە یاسا چارەسەری زۆربەی کێشەکان دەگات، بەڵام تەنها ڕێگە نییە بۆ چارەسەری کێشەکان، پێش گەشتن بە یاسا با ئەندامانی تری خێزانەکە بێنە دەنگ و نەگات بە سکاڵا و توندوتیژی، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت و خێزانەکانیشیان بێدەنگ دەبن لە ئاستیدا، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژنان دروست دەکات و تووشی نەخۆشی دەروونیان دەکات، هەروەها وایان لێ دەکات پەنا ببەنە بەر کەسانی دەرەوەی خێزان و بەمەش تووشی کێشەیان دەکات، دواتر لایەنی بەرامبەر کێشەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەخلاقی ژنان، لەکاتێکدا کێشەکە دوورە لەوەوە.

 

"توندوتیژی کردن بەرامبەر ژنان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دەبێت"

فریشتە خەلیل ڕوونی کردەوە، لە هەموو کێشەیەکی خێزانیدا منداڵ زەرەرمەندی یەکەمە، کاتێکیش ژنان لەلایەن بەرامبەرەوە تووشی توندوتیژی دەبن و منداڵ لەم نێوەندەدا ئەم توندوتیژیانە دەبینێت، کاریگەری لەسەر دواڕۆژیان دەبێت و زۆر جار تاکێکی توندڕەویان لێ دەردەچێت و هەوڵی ئەنجامدانی تاوان دەدەن، کۆمەڵگەی کوردیش وەکو کۆمەڵگە داخراوەکان دابونەریتێکی کۆن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری تیایدا زاڵە، ئەرک و مافی ژنانی پێشێل کردووە، بۆیە توندوتیژی و پشتگیری نەکردنی ژنان لە کاتی کێشەکاندا لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا زیاترە.

 

دەشڵێت: یەکەم شت کە پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژی کەم بکرێتەوە و خێزانەکان پاڵپشتی ژنان بکەن، دەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندندا منداڵ فێر بکرێت لەسەر مافی خۆی و بەرامبەرەکەی، هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە، لە ڕووە یاسایەکەشەوە دەبێت پیاو لەوە تێبگات، چۆن خۆیان ماف و ئەرکیان دیاری کراوە، بەهەمان شێوەش ژنانیش ماف و ئەرکیان هەیە.

 

فریشتە خەلیل لە کۆتایدا وتی: پاڵپشتی کردنی خێزانەکان لە ژنانی گەنج پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی وا دەکات ژنان بەهێز بن و لە دواڕۆژدا هیچ توندوتیژییەک قبوڵ نەکەن لە لایەنی بەرامبەر، چونکە ماڵی یەکەمی هەموو کەسێک خێزانەکەیەتی و ئەگەر توندوتیژیەک لە خێزاندا هەبوو، دەڕواتە دەرەوەی خێزانیش، بۆیە ئەگەر خێزانێکی باش و دوور لە کێشە هەبێت، کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان دەبێت و کێشەکان و ئەنجامدانی تاوان کەم دەبێتەوە.