پەیامەکە ڕوونە: داگیرکەران دەبێت خاکەکەمان جێبهێڵن

فاتمە عەلی، کۆچبەر، باسی بارودۆخی پەروەردەیی منداڵانی کۆچبەر دەکات و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە نەزانین، دەبێت داگیرکەران خاکەکەیان بەجێبهێڵن و پێویستە یونسێف ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تێدەپەڕێت، گوندنشینەکان لە ناوچەی تیل تەمر لە حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە دەکەوێتە سەر ڕێگای ئێم ٤ بۆ ماوەی چوار ساڵە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و زەمینی و چەکی قورس و هەموو جۆرە چەکێک دەبنەوە، ٣٢ گوند داگیرکراون و ٢٣ گوندیش لە هێڵی ئاگردان، هەروەها پەروەردەی منداڵان بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

لە کۆی ١٢٨ خوێندنگەی ناوچەکە، تەنها ٧٦یان چالاکن

پێش داگیرکردن، ١٢٨ خوێندنگە لە ناوچەی تل تەمر و گوندەکانی هەبوون، لە ئێستادا ٧٦ لەوانە چالاکن و بەسەر خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکاندا دابەشکراون، ٦٦ خوێندنگەی سەرەتایی چوار هەزار و ٧ خوێندکار و ٩ خوێندنگەی ناوەندی  ٣٢٩ خوێندکار و یەک خوێندنگەی ئامادەیی ١٢١ خوێندکار لەخۆ دەگرێت.

 

١٦ خوێندنگە لە ژێر داگیرکارییدان

١٦ خوێندنگە لەژێر داگیرکاری تورکیادان و زۆربەیان کراون بە خاڵی پشکنین و بنکەی سەربازی کە دژی یاسای نێودەوڵەتییە، ١٣ خوێندنگە لە هێڵی ئاگردان، زۆربەی خوێندنگەکان بەهۆی بۆردوومانەوە وێران بوون و تا ئەو کاتەی چاک دەکرێنەوە بۆ خوێندن بەکارناهێندرێن.

 

لەو ٢٣ خوێندنگەیەی کە کۆچبەران تێیدا نیشتەجێ بوون، ٧یان لە نێوان کۆچبەران و خوێندکاراندا دابەشکراوە، سەرەڕای ئەوەش، لەسەر هێڵەکانی ئاگر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر، خێزانەکان ٦ ماڵیان کردووە بە خوێندنگە بۆ خوێندنی منداڵەکانیان.

 

فاتمە عەلی، کۆچبەرێکی خەڵکی گوندی مەناجر لە سەرێکانی و دایکی ٨ منداڵە لە قوتابخانەی وەلید ڕیفیە لە ناوچەی تل تەمر لە هەرێمی جزیرە دەژی، دەربارەی دۆخی پەروەردە دوا.

 

"داگیرکارییەکانی تورکیا زیان بە سیستمی پەروەردە دەگەیەنن"

فاتمە عەلی سەرەتا باسی پەروەردەی پێش داگیرکاری تورکیا کرد و وتی: بارودۆخی پەروەردە پێش داگیرکردن باش بوو، پەیوەندییەکی باش هەبوو لە نێوان مامۆستا و خوێندکاران، بەڵام لەگەڵ داگیرکاریدا، سیستمی پەروەردە و خوێندکارانیش وێران بوون. نەک تەنها سیستمی پەروەردە، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژیانیشەوە کاریگەری لەسەرمان کردووە، داگیرکاریی تورکیا ئەو ئاسایشەی تێکشکاند کە ئێمە و منداڵەکانمان تێیدا بووین، ئەردۆغان بەبیانووی پاراستنی گەل گەلی تووشی کۆچبەری کرد، لە جیاتی ئەوەی منداڵەکانمان لە خوێندنگە پەروەردە بکرێن، بە ناسنامەی "کۆچ" جێگیر دەکرێین.

 

"پێویستە نەوەی نوێ لە نەزانی بپارێزین"

فاتمە عەلی تیشکی خستە سەر کاری یونسێف و وتی: تکایە وەرە و سەیری بارودۆخی منداڵانی کۆچبەر بکە، دەروونیان لە ماوەی کۆچکردنی چوار ساڵیدا زیانی بەرکەوتووە، زۆرێک لە منداڵان لە خوێندن بێبەش دەکرێن و هەموو ئەمانە مەترسی لەسەر داهاتوومان دروست دەکەن، ئەم منداڵانە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و خوێندنگەوو پەناگە هەیە، پیویستیان بە پشتیوانی دەروونی هەیە، پێویسته یونسێف ئه رکەکانی خۆی بۆ منداڵان جێبەجێبکات.

 

فاتمە عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: زۆر گرنگە ئەم نەوە نوێیانە کە ڕووبەڕووی کۆچ بوونەتەوە لە نەزانی بپارێزرێن، پێویستە داگیرکەران خاکەکەمان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە و نەوەیەکی شارەزا گەورە بکەین، نامانەوێت منداڵەکانمان لەو دۆخەدا بژین کە تیایدان.