سوڵحی عەشایەری، وەلانانی ژن لە پرسەکانی پەیوەست بە خۆیەوە

سوڵحی عەشایەری، دابونەریتێک کە پیاوان دەستیان بەسەردا گرتووە و لە پرسە ژیانی و چارەنووسازەکاندا پەنای بۆ دەبەن، لەم سوڵحەدا ڕێگە نادرێت ژنان بەشداری بکەن، چونکە پێیانوایە ژنان نابێت خاوەن بڕیار و قسە بن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان هەژمارنەکردنی ژنە وەک تاکێکی کۆمەڵگە و وەرنەگرتنی ڕا و بۆچوونەکانیانە، بە درێژایی مێژوو ژنان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە کێشەی خێزان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دوورخراونەتەوە و ئەو سوڵحەیان بە کاری پیاوان داناوە.

 

ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرا و پیاوسالار پێیوایە توانای ژن کەمترە لە پیاوان، عەیبەیە ژنان لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداری بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن کە پیاو تیایدا دانیشتووە، هەمیشەش وەک چینی دووەمی کۆمەڵگا تەماشا کراون.

 

یەکێک لەو کۆبوونەوانەی ڕێگریان لە ژن کردووە تیایدا بەشداری بکات، سوڵحی عەشایەرییە. ئەم سوڵحە دابونەریتێکی کۆنی بنەماڵەییە، کە ئەقڵی پیاوسالاری بەسەریدا زاڵە و لەلایەن پیاوانەوە کۆنترۆڵ کراوە، بە دەگمەن دەبینی ژنێک تیایدا بەشدار بێت و ڕاوبۆچوونی وەربگیرێت.

 

سوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەری کێشەی دوو بنەماڵە، کوشتن، کێشەیەک کە بە پێی ئەقڵی کۆمەڵگە بە "شەرەف" بەناو دەکرێت، یاخود بۆ چارەسەری کێشەی خێزانیی نێوان دوو هاوژینە، کە ژن تێیدا بە بنەما ناگیرێت و لەنێوان پیاواندا چارەسەرییەکان لە بەرژەوەندی پیاوانی خێزان کۆتایی پێدەهێنرێت.

 

نوژنها مایکی بۆ ژنانی شاری سلێمانی درێژ دەکات و دەپرسێت، ئایا تا چەند ئازادی ژن لە سوڵحی عەشایەریدا بە بنەما دەگیرێت؟ سوڵح بۆ چی دەکرێت و پێگەی ژنان چییە تێیدا؟

 

"بەشداریکردنی ژنان لە سوڵحی عەشایەریدا بە پێی ناوچەکان دەگۆڕێت"

تارا عەزیز، ژنێکی گەنجە دەربارەی بەشداریکردنی ژنان لە سوڵحی عەشایەریدا باسی لەوەکرد، بە پێی ناوچەکان دۆخەکە دەگۆڕێت، لە هەندێک ناوچەدا ژنان چەوساوەن و ڕێگریان لێدەکرێت بەشداری سوڵحەکان بکەن، "لە مێژووەوە سوڵحەکان بەبێ بەشداری ژنان ئەنجامدراون، پیاوان ڕۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە چونکە پێیان وابووە "ژن ضەعیفەیە" یاخود بێدەسەڵات و توانایە و عەیبەیە ئەگەر بێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەوە".

تارا عەزیز هۆکاری سەرەکی ئەو تێڕوانینەی گەڕاندەوە بۆ کلتور و دابونەریت، وەک ڕێگە چارەسەری ڕاگەیاندنەکانی بە باش زانی کە لە ڕێگەیانەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، چونکە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی داخراوە و دەبێت لەو لایەنانەوە هەوڵی کرانەوە بدرێت.

 

"لە ناوچە جیاوازەکاندا ژنان بەربەستیان دەخرێتە بەردەم"

ڕووناک حەمید، ژنێکی خەڵکی شاری سلێمانییە بەڵام ژیانی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا بردووەتە سەر، جیاوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا جیاوازەکان لەگەڵ ژنان ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: "من لە سلێمانی و هەولێر و بەغدا ژیاوم، بەڵام ئەوەی بینیوومە لە هەموو ناوچەکاندا ژن قسەی وەرنەگیراوە، بە تایبەت بەغداد، لە سلێمانی باشترێکە، بەڵام هەولێریش وەک بەغداد وایە و ژنان قسەیان وەرناگیرێت".

 

ڕووناک باس لەوەدەکات کە هەرچەندە سلێمانی تا ئاستێک ژنان بیروبۆچوونیان وەردەگیرێت بەڵام هێشتا ئەو ئاستە کەمە بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان، "چونکە پیاو دەڵێت دەبێت قسەکەمان لە سەروو هەمووەوە بێت، ئیتر لە سوڵحەکاندا تەنها قسەی پیاوان دەخوات".

 

"ژنان لە خێزانیشدا قسەیان وەرناگیرێت"

نەسرین فاتیع، وەک دایکێک و ژنێکی بەتەمەن لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە سوڵحی عەشایەریدا بە نوژنهای وت: ژنان نەک لە سوڵح و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێگریان لێدەکرێت، بەڵکو لە خێزانیشدا قسەکانیان وەرناگیرێت، هۆکاری سەرەکیش پیاوانن کە پێیان وایە ژنان ئەقڵیان کەمە و ناتوانن چارەسەری کێشە بکەن لە کاتێکدا دەکرێت ژنێک زۆر باشتر لە پیاو چارەسەری کێشەی لابێت.

 

ئەو دایکە پێیوایە تایبەت ئەو کێشانەی پەیوەندییان هەیە بە ژنەوە پێویستە ژنان خۆیان بەشداری تێدابکەن، چونکە ژنە باشتر لە دۆخی ژن تێدەگات، بەڵام ژنانی کۆمەڵگای ئێمە هەڕەشەیان لێدەکرێت و بێدەنگ دەکرێت، بۆیە ناتوانن بەشداری سوڵحەکان بکەن و دەنگیان هەبێت لە کاتێکدا بابەتی سوڵحەکە کێشەی ژنەکە خۆی بێت.

 

"ژن وەک خاوەن کێشەکە دەبێت خۆی بەشداری سوڵحە عەشایەرییەکان بکات"

لەنیا موحسین، پێیوایە باشترین کەس کە بەشداری سوڵحەکان بکات ژنەکە خۆیەتی، ئەگەر کێشەکە کێشەی ژنەکە بێت، وە ئەگەر کێشەیەکی دیکەی خێزانەکە بێت هەر پێویستە دەنگی هەبێت، چونکە ژنان وردبینانەتر لە کێشەکان دەڕوانن و دەتوانن شیکردنەوەی باشی بۆ بکەن.

 

"تەنها پێویستە وەک پاڵپشتێک باوک و برا بیروبۆچوونیان دەرببڕن، نەک لە بری ژنەکە خۆیان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن، وە پێویستە سوڵحە عشایەرییەکان لەسەر بنەمای بیروبۆچوونی جیاواز ئەنجام بدرێت نەک تەنها ڕەگەزی پیاون بەشداربن".

 

ژنان بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، پیاوان پێیان وایە دەبێت تەواوی ژیانی ژنێک لەسەر قسەی پیاو بڕوات بەڕێوە، بۆ ئەوەش پێویستە بە هەوڵی یەکگرتووانەی ژنان هەوڵی چەسپاندنی دەنگی ژنان بدرێت و چیتر ژنان نەترسن.