دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا پلانەکانیان چییە؟

کەمپەینێک بۆ دروستکردنی فشار لەسەر لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتدار ڕاگەیەندراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، بە شەوێک شەونخوونی و مانەوە لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا چالاکییەکانیان درێژە پێدەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کەمپەینی "دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا" ماوەی چەند هەفتەیەکە ڕاگەیەندراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە و خوێن بەهۆی نەبوونی دەرمان و شوێنی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە ڕووبەڕووی ئاستەنگی و نەبوونی دەرمان دەبێتەوە.

 

لەچوارچێوە کەمپەینەکەدا، کە چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، مامۆستا، هونەرمەند، پارێزەر و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە تێیدا بەشدارن،، چالاکییەک بە ناوی "شەوێک بۆ هاوپشتی لە نەخۆشخانەی هیوا" بەڕێوەدەبرێت کە تیایدا چادر هەڵدەدەن و شەو لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا دەمێننەوە، ئامانجیشیان دروستکردنی فشارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەکە.

 

دوێنێ لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، کۆمەڵێک ئەندام وەک دەستەی بەڕێوەبەری کەمپەینەکە، کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە چالاکی هەڵدانی چادر کرد، کە بڕیارە ئەمڕۆ، ١٦ی ئایار لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ ئەنجامیبدەن.

 

هەروەها بۆ ڕۆژی دواتر، ١٧ی ئایار لە کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ی سەرلەبەیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدەدرێت و یاداشتێک دەخوێندرێتەوە بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بگاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

١٠ ڕێکخراوی بواری کۆمەڵگە و مافەکانی ژنان و مرۆڤ پشتیوانی کەمپەینەکەن

کۆژین عوسمان، چاودێر و هەڵسەنگێنەر لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO و هەروەها ئەندامی دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا بۆ چەندین جار ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر بوویەوە کە کاریگەری دەکردە سەر لایەنی جەستەیی و دەروونی نەخۆشەکان، بۆیە وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانەکان بڕیارماندا هەڵوێستمان هەبێت و ببینە فشار بۆ بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان.

 

بەشێوەیەکی فەرمی لە بەرواری ١٠ی نیسانی ئەمساڵدا نزیکەیی ١٠ ڕێکخراو و چالاکوان بە هەماهەنگی بڕیاریاندا کەمپینێک پێکبهێنن و ببنە فشار بۆ ڕێکخراوە جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا.

 

شەوێک شەونخوونی لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا ئەنجام دەدرێت

کۆژین عوسمان باسی لەوەشکرد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کەمپەینەکەوە پەیجی تایبەتی ئۆنڵاینی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە زۆرترین خەڵک بتوانێت ببێتە پشتیوانێکی کەمپەینەکە، هاوکات چالاکی شەونخوونی لە بەردەم نەخۆشخانەکە بەڕێوەدەچێت، "بێگومان ئامانجی یەکەم فشار خستنەسەر لایەنی پەیوەندیدارە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری ماددی و دەروونیەکان، بەڵام لە داهاتوودا پلانی دیکە هەن و ئەم کەمپەینە لە کار و چالاکی خۆی ناوەستێت بۆ بەدەستهێنانی مافی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا".

 

"ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوایە"

کەژاڵ عەبدولقادر، وەک ئەندامی دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەدا کە وەک هەموو لایەن و ڕێخکراوەکان ئامانجیانە فشار بخەنەسەر لایەنی پەیوەندیدار و پێویستە خەمی هیوا خەمی هەمووان بێت، چونکە ناکرێت نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوا لە نەبوونی دەرمان و کێشەدا بتلێنەوە.

 

"ئێمە لەوکاتەی دەستمان بەم کەمپەینە کردووە زۆر لایەن و هاوڵاتی پشتیوانی کردووین و بە دەم خەمی هیواوە بووە، بەڵام ئەوەی جێگای ڕەخنەیە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران بە دەم کێشەی نەخۆشخانەی هیواوە نایەن چونکە ئەگەر هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدایە کەمپینێکی لەم شێوەیە دروست نەدەبوو".

 

دەربارەی شەوێک شەونخوونی ڕوونیکردەوە، مەبەست لێی شەوێک لەگەڵبوونە لەگەڵ کارمەندان و نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا و بەرزکردنەوەی ئیرادەیانە و بەرزنرخاندنی کارەکانیانە.

 

هەرچەندە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی دروستکراودا دەڕوات، بەڵام کەژاڵ عەبدولقادر و ئەندامانی دیکە گەشبینن لە ئەنجامی کەمپینەکەیان، چونکە پێیانوایە خەڵکی مرۆڤدۆست هێشتا زۆرن و دەتوانن بە هەموویان ببنە فشار بۆ چارسەرەکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا.