هۆزان مزگین، فەرماندار و هونەرمەندی ئازادی

هۆزان مزگین بە هونەر و فیداکارییەکانی بووە نمونە بۆ ژنان و بوێری بەخشییە ژنانی گەنج.

ناوەندی هەواڵ

 

غوربەت ئایدن، ناسراو بە هۆزان مزگین، لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بیلیدەر لە باتمان لەدایکبووە، بەر لە کودەتای ساڵانی ١٩٨٠ لەگەڵ گورێک لە ژنانی گەنجدا بەشداری تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٨٣دا لەپێناو فراوانکردنی کاری کلتور و هونەری کوردیدا دەچێتە ئەوروپا، لەو ساڵانەدا بە گۆرانییەکانی کە باس لە بەرخۆدانی و ژیانی زەحمەتی کوردی دەکرد، ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، بەتایبەت بە گۆرانییەکانی چەمی هێزل و گوندینۆ هاوارە.

 

هۆزان تەنها لە خەباتی کلتوریدا نامێنێتەوە، بۆ زیاتر خۆناسین و بەڕێکخستنکردنی زیاتری ژنانی کورد کە کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوون، خەبات دەکات، بەشداری ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی یەکێتی ژنانی ولاتپاریزی کوردستان دەبێت، دوای دامەزراندنی یەكێتییەکە دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری یەکێتییەکە لە ئەوروپا، بەو پێیەش هەم بەرپرسیارێتی خەباتی کلتوری و هەم خەباتی ڕێکخستنی دەکەوێتە سەر شان و لە ئاواکردنی گروپی هونەریدا و گروپی بەرخۆدان پێشەنگایەتی دەکات، زۆر لە بەرهەمە هونەرییەکانی کە تا ئێستاش ماونەتەوە، لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەن.

 

پاش خەباتی هونەری لە ئەوروپادا، هۆزان مزگین  لە سەختترین کاتدا بۆ ڕێکخستنی ژنانی کورد ڕووی لە باکوری کوردستان کرد، وەک یەکەم فەرماندەی ژن لە تەڤگەری ئازادی ژناندا، دەکرێتە فەرمانداری هەرێمی گارزان، بە ڕەنج و تێکۆشانەکەی سەرەتا کاریگەری دەکاتەسەر ژنان و دواتریش کاریگەری لەسەر هەموو خەڵکی تاتوان بەجێهێشت، ئەوەندە ڕێکخستنکردنی ژنانی بەلاوە گرنگ بوو، هەرکاتێک پێویست بووایە سەرباری مەترسییەکان، چارشێوی ڕەشی دەدا بەسەریدا و کوچە و کۆڵانەکانی تاتوانی تەی دەکرد و ژنانی بەڕێکخستن دەکرد.

 

لە ١١ی ئایاری ١٩٩٢دا لە کاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر ئەو ماڵەی لێی مابووەوە لە تاتوان، تا دوا دڵۆپ شەڕ دەکات و لە کۆتایدا چالاکی گیانبازی ئەنجام دەدات، دوای شەهیدبوونی هۆزان مزگین، هۆکارێکی نوێ بۆ تێکۆشانی ژنان دەستیپێکرد، پێش هەموو شتێک ژنانی تاتوان کە بە دەنگ و هەبوونی هۆزان مزگین سەرسام بوون، خۆیان ناونا مزگین و بەشداریان لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا کرد، دوای شەهیدبوونیشی ئەو منداڵانەی لەدایکدەبوون ناوی مزگینیان لێدەنرا و دەبوونە مزگێنی ڕۆژێکی ئازاد و درێژە بە تێکۆشانەکەی مزگین درا.