ئەو مامۆستا ژنانەی ڕێگەیان پێنەدرا وانە بڵێنەوە خانەنشین کران

مریەم محەمەدی، مامۆستایەکە کە وەک هەزاران مامۆستای دیکە لە هەژاری و سەختیدا دەژی، دەڵێت: کاتێک حکومەتی تاڵیبان هاتە سەر کار، کچان ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە قوتابخانە، بۆیە من لە ماڵەوە دەمێنمەوە.

بەهاران لاهیب

 

پەروان- لەگەڵ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دەرگای قوتابخانەکانیان بەڕووی کچانی سەروو پۆلی شەشەمدا داخست. ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستای ژن کە وانەیان دەوتەوە یان لە قوتابخانەی کوڕان کاریان دەکرد، لەلایەن تاڵیبانەوە ناچارکران لە ماڵەوە بمێننەوە.

 

مریەم محەمەدی، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان لە پارێزگای پەروانە، وەک هەزاران مامۆستای تر لە هەژاریدا دەژی، مریەم دۆخی خۆی بەم شێوەیە دەخاتەڕوو، "حکومەتی تاڵیبان دۆخەکەی گرتە ئەستۆ، بەو پێیەی کچەکان ڕێگەیان پێنەدرا بچنە قوتابخانە، ئێمەی مامۆستایانی ژنیش لە ماڵەوە ماینەوە، پێیان گوتین چیتر مەیەنە قوتابخانە".

 

مریەم لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "هاوژینەکەم بێکارە و کاری قورس دەکات، مووچەی مانگانەم پێ نادەن و لە خانووی کرێدا دەژین، هاوژینەکەم هەندێک جار ڕۆژانە (١٥٠) ئەفغانی دەستدەکەوێت"، مریەم شەش منداڵی هەیە، یەکێکیان باری تەندروستی باش نییە و بەهۆی ئەو گرفتە ئابوورییانەی کە کاریگەری لەسەر خێزانەکە هەیە، ناتوانن ئاگاداری بن.

 

مریەم دەشڵێت: خۆزگە دەرگای قوتابخانەکان بۆ کچان دەکرایەوە، سێ کچم هەیە کە وانەیان پێدەڵێمەوە و توانای یارمەتیدانی ژنان و کچانی دیکەم هەیە لە بواری وانە و پەروەردەدا.