خوشکان لەگەڵ هاوکاریکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت برەو بە تواناکانی خۆی دەدات

گەنجێک لە پاش تەواوبوونی زانکۆ لە چاوەڕوانی دامەزراندن نامێنێتەوە، سەربەخۆیانە کاری خۆی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی دەکات و دەڵێت "هەرچەندە کۆمەڵگە هۆشیارە بەڵام لە ئاستی پێویستیدا نییە".

شنیار بایز

 

سلێمانی- گەنجێک هەرچەند لە ڕێی کارەکەیەوە هەوڵ دەدات خۆی بەرەو پێش ببات، بە ئامانجەکانی بگات، لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە هۆکارێک بۆ دڵخۆشی و ئومێدی چەندین منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت، زۆر گەنج هەن بێ ئامانج ژیان دەکەن، لە پاش تەواوبوونی خوێندن بێ سوود ڕۆژەکانیان بەڕێدەکەن، یاخود خوێندن تەواو دەکەن و بێهیوا بوون لە کارکردن و دامەزراندن، بە شوێن ئامانجی خۆیان ناکەون، بەڵام گەنجیش هەن شوێن پەنجەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دیاریکردووە، هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن.

 

خوشکان یەکێکە لەو گەنجانەی لەگەڵ خوێندنی زانکۆی دەستی کردووە بە کارو چالاکییەکانی، لە بوارەکەیدا پەرەی بە خۆی داوە، هەروەها کارێکی مرۆڤانە ئەنجام دەدات و زۆرینەی ئامانجی دڵخۆشکردن و باشکردنی دۆخی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتە بەتایبەت داون سیندرۆم و ئۆتیزم، ئاژانسی نوژنها لە چاوپێکەتنێکدا تەواوی کار و چالاکییەکانی خوشکان دەخاتەڕوو.

 

"لە زانکۆوە چالاکییەکانم بۆ منداڵانی پەروەردەی تایبەت دەستپێکرد"

خوشکان شێرکۆ، پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، دەربارەی خوێندنەکەی ئاماژەی بەوەدا بە ویستی خۆی چووەتە ئەو کۆلێژە، ئاگاداربووە لە داهاتوودا دەبێتە پەروەردەکاری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، حەزی بەو کارە هەبووە بۆیە ئەو کۆلێژەی هەڵبژاردووە.

 

بەهۆی ئاشنابوونی بە کۆلێژەکەی و خولیای کارکردن تیایدا، خوشکان لە سەرەتای قۆناغەکانی خوێندنیەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، لەگەڵ هاوڕێکانی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاریان دەربارەی منداڵانی خاوەن پیداویستی تایبەت و ئەو منداڵانەی پێویستیان بە پەروەردەی تایبەت هەیە وەک ئۆتیزم و داون سیندرۆم بڵاودەکردەوە، بەهۆیەوە زانیاریان بە خێزانی منداڵەکان دەگەیاند.

 

سەردانی سەنتەرەکانی چارەسەری منداڵەکانیان دەکرد، کاتێک درکی بەوەکرد سەنتەرەکان کەموکورتیان زۆرە، لە ڕێی چالاکییەوە کەلە زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرابوو، کۆمەڵێک کاری دەستی خۆی فرۆشتووە و داهاتەکەی لەگەڵ هاوکاریکردنی کۆمەڵێک مامۆستا و خوێندکار داوە بە کەلوپەل بۆ سەنتەرەکان، جگە لەوە چەندین سیمینار و کۆڕیان بۆ خێزانی منداڵەکان ڕێکخستووە بۆ هۆشیارکردنەوەیان و زانینی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان.

 

لە کۆتا قۆناغەکانی زانکۆیدا بۆ ڕۆژی تایبەتی داون سیدرۆم و ئۆتیزم چەندین چالاکیان ڕێکخستووە، بۆ ئومێدێک بۆ ئەو خێزانانەی خاوەندی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتن، هەروەها بۆ دەرخستنی توانای گەنجانی بەهرەمەن، کە سەرجەمیان پاڵپشتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان دەکرد.

 

"لە زانکۆوە چالاکی و سیسمیناراتم ئەنجام دەدا"

خوشکان باسی لەوەکرد، لە میانەی چالاکییەکانیدا نمایشی جلوبەرگی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامداوە، بەهۆی ئەوەی چالاکییەکانی لە زانکۆوە دەستپێکردووە، ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پێشنیاری کاری بۆبکرێت، بەڵام بە هۆی خوێندنەکەیەوە نەیتوانییەوە کار بکات تەنها بە خۆبەخشی لە چەند سەنتەرێک کاری دەکرد، چەند کەیسی جیاوازی وەرگرتووە جگە لە داون سیندرۆم و ئۆتیزم.

 

پاشان لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای  کۆرۆنا بەهۆی کەرەنتینەوە کە سەنتەرەکان داخرابوون خوشکان خۆی و چەند کەسێکی دیکە وەک ستافێک دەچوونە ماڵی منداڵەکان و چارەسەری دۆخەکانیان دەکرد و ڕاهینانیان پێدەکرد چارەسەریان بۆ ئەنجام دەدا.

 

"چاوەڕوانی دامەزراندن نەبووم و کاری سەربەخۆی خۆمم کرد"

کاتێک دەربارەی کارەکەی پرسیارمان لە خوشکان کرد تا چەند قورسبووە کار بکات لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت وتی "بەهۆی ئەوەی خۆم خوێندنەوەم هەبووە بۆ دۆخی ئەو منداڵانە و بەردەوام خۆمم بەرەو پێش بردووە، بەدواداچوونم بۆ سەنتەرەکان کردووە هەروەها خێزانەکان هاوکارێکی باشمبوون بۆ وەرگرتنی ئەزموون، ئاسانتر توانیومە لەگەڵ کارەکەمدا بەردەوام بم".

 

ئاماژەی بەوەدا، قۆناغەکەیان هەرچەندە زانکۆیان تەواو کردووە و یەکەم دەرچووی کۆلێژەکەی خۆیانن بەڵام دانەمەزراون و سەرجەمیان یان کاری سەربەخۆ دەکەن یاخود لە ماڵەوە بێ کار ماونەتەوە، خوشکان یەکێک بووە لەو گەنجانەی لە چاوەڕێی دامەزراندندا نەماوەتەوە، هەوڵی داوە کاری سەربەخۆی خۆی ئەنجام بدات.

 

"کارکردنم لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئارامیم پێدەبەخشێ"

دەربارەی هۆشیاری هاوڵاتیان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بەتایبەتیش منداڵان، خوشکان باسی لەوەکرد، لە ئێستادا هۆشیاری تاک لەناو کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت باشترە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، هۆکاری ئەمەش هەبوونی کەسانی پسپۆڕی بوارەکەن هەروەها بوونی چەندین کۆڕ و سیمینار و بڵاوکردنەوەیانە لە نێو سۆشیاڵ میدیا، بەڵام ئەمە لە ئاستی پێویستیدا نییە بەلکو پێویستە زیاتر گرنگی بە منداڵانی خاوەن پێداویستی بدات و هۆشیاری زیاتریان هەبێت.

 

گرنگە چالاکی و سیمینارەکانی کە ئەنجام دەدرێت هاوڵاتیان بە گشتی بەشداری تێدابکەن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خۆیان، ئەو گەنجە وتی "کاتێک کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەین، لە ناخەوە هەست بە ئارامی دەکەم بە تایبەت کاتێک هاوکاری کەسێک دەکەین دوور لە چاوی کامێرا، چالاکییەکانیش بریتین لە پێشانگای وێنە، نمایشی جلوبەرگ، میوزیک، وەرزش و کاری دەستی".

 

هەوڵی خوشکان دۆخی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی باشتر کردووە

خوشکان باس لە یەکەم ئەزموونی کاری خۆی دەکات لەگەڵ منداڵێکی داون سیندرۆم بە ناوی ئاوێر، دەربارەی ئەو وتی "ئاوێر یەکەم منداڵ بوو وەک ڕاهێنەرێک من کارم لەگەڵ کرد، ماوەی دوو ساڵ بەردەوام ڕاهێنام پێئەنجام دەدا، سەرەتا تەنها نزیکەی ١٠ وشەیەکی دەزانی بەڵام ئێستا ئاستی بەرزبۆتەوە و دەتوانت بەسەر یەکەوە چەدن وشەیەک بڵێت".

 

باسی لەوەکرد، لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ بۆ سێ ڕۆژ سەردانی ئاوێری کردووە، لەو ماوەیەدا ئەو ڕاهێنانەی پێی ئەنجامداوە سودی زۆری لێبینیووە، خوشکان هۆکاری بەرەوپێشچوونی ئاوێر دەگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکەی کە هەمیشە هەوڵیان لەگەڵداوە، کە لە پاشان ڕاهێنانەکانیان لەگەڵی دووبارە کردووەتەوە، ڕۆژانە لە ڕێگای چەند چالاکییەکەوە دەستیان بە ڕاهێنان کردووە، بە جۆرێک لە ئێستادا هەموو پیتە کوردییەکان دەزانێت و دەتوانێت تا ئاستێک بنوسێت.

 

"منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستیان بە مامەڵەی گونجاو هەیە"

بەرەوپێشچوونی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەوێتەوە سەر خێزان، مامەڵەی خێزان بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئەم منداڵە لاوازە یاخود بەتوانایە، چونکە ڕاهێنەران ماوەیەکی کاتی لەگەڵ منداڵاندان بەڵام خێزان بەردەوام لەگەڵیدایە، چەند هەوڵی لەگەڵ بدەن ئەوەندە سودی پێدەگەیەنن، وتی "پێویستە مامەڵەی تایبەت لەگەڵ دۆخی ئەم منداڵانەدا بکرێت، لەکاتی ڕاهێنانەکان گرنگە پاداشت و سزا هەبێت بۆ ئەوەی هەوڵی فێربوون بدات".

 

مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی داون سیندرۆم شێوازی تایبەتی خۆی هەیە چونکە هەریەکەیان  چەند تایبەتمەندیەکیان هەیە، دەبێت بە پێی دۆخی تایبەتیان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ڕاهێنەری تایبەتیان هەبێت، پێویستە خێزانەکان هەوڵ بدەن بەدوای زانیاریدا بگەڕێن، بە داخەوە لە ئێستادا هێچ سەنتەرێک نییە بۆ شوازی مامەڵەکردنی خێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیان.

 

"ئاوێر گەیشتۆتە قۆناغی یەکەی سەرەتایی"

لە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەماندا سەردانی خوێندنگەکەی ئاوێرمان کرد، کەلە ئێستادا لە قۆناغی یەکی سەرەتاییە، دەستی کردووە بە خوێندن بە پێی قسەی خوشکان و مامۆستاکانی ئاوێر، یەکێکە لە منداڵە ئاقڵ و تێگەیشتووەکان بە بەراورد بە دۆخی تەندروستی توانیویەتی لە خوێندنگە مامەڵەیەکی گونجاو لەگەڵ خوێندکارانی دیکە و مامۆستایان ئەنجام بدات.

 

نەک حالەتی داون سیندرۆم بەڵکو منداڵێکی تەندروستیش کاتی دەوێت تا ڕادێت لەگەڵ خوێندنگە، بۆیە ئاوێر توانیویەتی توانای خۆی بسەلمێنێت.