" پێویستە هەموو کەسێک ئامادەبێت بەرگری لە خاکەکەی بکات"

ژنانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی دامەزراوەكانەوە ڕێکخستنەکانیان بەهێزکردووە، هێزەكانی پاراستنی ژنان لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراون و ئامانجی دامەزراندنی رێكخستنی ژنان بووە لە رووی سەربازییەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە پاراستنی هەموو ژنان و كۆمەڵگەدا بكەن.

شیرین قامیشلۆ

 

قامیشلۆ- ئەو ژنانەی لە حەسەکە پەیوەست بوون بە ئەرکی بەرگریکردن لە خۆیان، جەختیان کردوەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی خاکەکانیان لە هێرشەکان، هەروەها بەرگریکردن تەنها سنووردارنەکراوە بۆ پیاوان بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە.

 

هێزەکانی بەرگریکردنی ژنان دامەزراوەیەکی سەربازییە کە تایبەتە بە فێرکردنی مەشقە سەربازییەکان بۆ ژنان و ئامانجی بنیاتنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی ژنانە، هەروەها چەسپاندنی لێهاتوویی و سیفەتەکانی سەرکردایەتیە بەگوێرەی بنەماکانی نەتەوەی دیموکراتیک و رێبازی بەرگریکردن لەخۆبوون.

 

لەبارەی گرنگی رۆڵی ژنان لە بواری سەربازی و رێگاكانی پاراستنی ژنان و كۆمەڵگەكەیان، ئەندامێكی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی بەرگری لەخۆکردنی ژنان زیلان عەفرین رایگەیاند، " هێزەكانی خۆپارێزی ژنان  لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و تایبەتمەندی جیاوازیان لە خۆپاراستنی گشتی هەبوو، ئامانجی دامەزراندنی ئەوە بوو کە ژن لە ڕووی سەربازییەوە ڕێکبخات، بەشداری لە پاراستنی هەموو ژن و کۆمەڵگەدا بکات، چونکە پاراستن یەکێکە لە بناغەکانی ژیان و ئەمەش دەکەوێتە سەر شانی هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگە، جا پیاو بێت یان ژن."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا توانیان خۆیان لە هێزەکانی خۆپاراستندا بسەلمێنن، هەروەها بوونە نمونە لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش لەناو ریزەکانی یەکەکانی پاراستنی ژناندا، ژنانی گەنج لە تەمەنی ١٨ بۆ ٣٠ ساڵییەوە لەگەڵمان دەبن، ژنانی گەنجیش هەموو ڕۆژێک دێن بۆ ئەوەی پرسیار لەبارەی پەیوەندیکردنەوە بکەن، ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە چونکە ژنان درکیان بەوە کردووە کە دەبێت بەشداری بکەن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان و خاکەکەیان."

 

زیلان عەفرین ئاماژەی بەوەدا کە "دابونەریتە بەسەرچووەکان و بیری پیاوسالاری هەموویان بیرۆکەی هەڵەیان لە کۆمەڵگەدا چاندووە کە تەنیا پیاوان ئەرکی بەرگریکردن لە خۆیان جێبەجێ دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دەپارێزن، بەڵام ئەم بیرکردنەوە لە سیستەمەکەماندا بوونی نییە چونکە ئێمە کاردەکەین بۆ گەشەپێدانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها هەر گەنجێک دەتوانێت بەشداری لە پاراستنی خاکەکەی بکات چونکە ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی شەڕدا دەژین و ئەرکی ئێمە ئەوەیە خۆمان بسەلمێنین و بەرگری لە زەوییەکانمان بکەین گرنگ نییە چ قوربانیەکی پێویست دەبێت، لەلایەکی ترەوە دەبینین کە ژنان بەدەست سەختی پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن، بۆیە دەمانەوێت هەموو ژنان بچنە ناو هێزەکانی خۆپاراستنەوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان پەرەپێبدەن."

 

"ژنێکی بەهێز و ئازاد"

زیلان عەفرین سەبارەت بە پێویستی هەبوونی دەسەڵات و زانست و بیری ئازاد، وتی "زۆر گرنگە ژنان هێز و زانست و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبێت، بیری ئازاد و لە هەمان کاتدا چۆن خۆی لە کۆمەڵگە و بیری پیاوسالاری بپارێزێت و خۆی و حەقیقەتەکەی بزانێت، بتوانێت لەبەردەم دوژمندا بوەستێتەوە و بەرەنگاری ببێتەوە، بێگومان بۆ ئەوەی بەهێزێکی دروست بکات ژنێکی خاوەن ئیرادەی ئازاد، پێویستە بیرێکی ئازاد و دیموکراسی هەبێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ژنانەی کە دەچنە پاڵ ئەم هێزە زۆر بە جۆش و خرۆشەوەن."

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی "دەبێت هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگەکەمان ئامادەبێت بەرگری لە خاکەکەی بکات، بەبێ گوێدانە ڕەگەزەکەی، هەروەها دەبێت هەموومان لە بەرامبەر هەموو هێرشێکدا بوەستینەوە، پێویستە هەموو گەنجانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بچنە ناو هێزەکانی پاراستنەوە بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە دژی داگیرکاری بنیات بنێن، جگە لەوەی هەموو ژنان لە دابونەریت و بیری پیاوسالاری ڕزگار بکەن."

 

 ئەڤین رۆگ ئەندامی هێزەکانی خۆپارێزی ژنان، رایگەیاند، "لە ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندیم بە هێزەكانی پاراستنەوەكرد، كاتێك پەیوەندیم بە هێزەكانەوە كرد، تێگەیشتم كە ژنان مافیان هەیە و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێز خرابوون، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشدا ژنان پێگەی خۆیان بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە وەرگرتەوە و بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ بوون کە لەبەردەمیاندا وەستاون."

 

ئاماژەی بەوەشکرد "دوای چوونە ناو مەیدانی سەربازی، کەسایەتیم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەکات، توانیم بۆ هەمووان بیسەلمێنم کە بە هێز و ئیرادە، دەتوانین بە هەموو ئاواتەکانمان بەدی بهێنین، خۆمان بەهێز بکەین و بیرکردنەوەمان پەرەپێبدەین".

 

ئەڤین وتیشی، "بۆ ماوەی سێ ساڵ خۆبەخشانە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە شاری تەبقە بەشداریم کردووە، دوای ئەوەش وەک خواستێک بۆ بەرگریکردن لە ژنان و مافەکانیان، پەیوەندیم بە هێزەکانی خۆپاراستن لە شاری تەبقە و پاشان حەسەکە کرد، ئامانجم لە پەیوەندیکردن بە هێزە سەربازییەکانەوە بڵاوکردنەوەی بیری ژنانی ئازاد بوو لە هەموو ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرچەندە ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوومەوە، بەڵام نەوەستام و بەردەوام بووم لە گەشەپێدانی خۆم و هەموو خەڵکی دەوروبەرم، یەکپۆشی سەربازی شانازیی بوو بۆ من، زیاتر هانی دەدام کە بەرەو ڕێگای بەرگریکردن و پاراستنی ژنان بڕۆم ".