" توێژینەوەکانمان پێویستی بە پاڵپشتی حکومەت هەیە"

پرۆژەی دکتۆر رەنا محمد عوبەیدی لە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لەسەر جۆرێکی تایبەتی مشەخۆر ئەنجامیداوە کە ئەنجامەکەی سودی لێدەبیندرێت بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی حکومەت هەیە.

 میهرەبان سەلام کاکەیی

لە پارێزگای هەڵەبجە و بە ئامادە بوونی ژمارەیەک دکتۆر، پڕۆفیسۆر و ئەندازیارانی زانکۆکانی عێراق بەسەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر مەهاباد کامیل و بە هەماهەنگی سەنتەری نێودەوڵەتی فەرەنسی بۆ زانایان و داهێنەران و هەردوو کۆلێژی سامەرا و پەروەردەی ئەندازیاری دەهەمین کۆنفرانسی پیشانگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان و نوێکاری ئەنجامدا.

 

لە کۆنفرانسەکەدا کە زیاتر لە بیست بیرۆکە و داهێنان نمایشکرابوون لە بیرۆکەی زانستی و نوێگەری کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانیان تیادا بوو، یەکێک لەو توێژینەوە و داهێنانانە پرۆژەی دکتۆر رەنا محمد عوبەیدی بوو کە لەم ڕیپۆرتاژەی نوژنهادا باسی پرۆژەکەی بۆ کردین.

 

 "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشگیری پرۆژەکەم بکەن"

رەنا محمد عوبەیدی، لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ڤێتەنەری، باسی لەوە کرد  کارەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵی خایاندووە تاوەکو توێژینەوەکەی بە ئەنجام گەیاندووە، کارەکەی بریتیبووە لە جیاکردنەوەی بەکتریا لە خۆڵ، جیاکردنەوەی ئەم مادەیە تێچووی دارایی زۆری دەوێت، بەڵام وەک خۆی باسی لێوەکرد بە هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانی ئەو کارە بکات، " من توانیم کارەکە ئەنجام بدەم، ئەم مادەیە بۆ چارەسەری بەکتریا (مشەخوری) ە."

 

 دکتۆر رەنا باسیشی لەوە کرد ئەم مادەیە، ناوە زانستیەکەی ئەم مشەخۆرە پێی دەوترێت "کاندیدا" و لە هەموو جیهان بەربڵاوە و بۆی هەیە هەر مرۆڤێکی ئاسایی توشی ببێت، ئەم توێژینەوەیە تا ئێستا یەکەم جارە ئەنجام دەدرێت لەسەر ئاستی جیهان، وە  چەند بەدوای ناونیشانی ئەم توێژینەوەیە بگەڕێیت نایدۆزیتەوە، " چوومە شوێنی تایبەت بە مشەخۆرەکان، بینیم ئەم جۆرە لە مشەخۆر کەس کاری لەسەر نەکردووە،  هەر بۆیە توێژینەوەکەم ئەنجامدا و تاقیمکردەوە و ئەنجامی باشی بەدەست هێنا، بەڵام توێژینەوەکەم پیویستی بە پشتگیری حکومەت یاخود کۆمپانیا هەیە، پێداویستیەکان خۆم ئەتوانم بیانکڕم بەڵام پێویستم بە کەرەستەی تایبەتی هەیە لە ناو تاقیگە، کێشەم ئەوەیە کە لە زانکۆکان  تاقیگەکان بۆ خوێندکارانی زانکۆ دابین کراوە و ناتوانم لەوێ کارەکەم ئەنجام بدەم، بۆیە خۆزگە چەند تاقیگەی باشیان تەرخان بکردایە لە سلێمانی تا بتوانین توێژینەوەکانمان بەرهەمی هەبێت."