ژنانی ڕۆژنامەنووس باس لە ئازارەکانیان لە شەڕی سوداندا دەکەن

شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان بۆ ماوەی نزیکەی ٦ مانگ بەردەوامە، لە کاتێکدا ڕێککەوتن و ئاگربەست سەرکەوتوو نەبوون لە ڕاگرتنی.

مەیسا قازی

 

سودان- لە مانگی نیسانەوە، سودان شایەتی ناکۆکییەک بووە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوچەکانیان، جگە لە وێرانکردنی ژێرخان بە تەواوی، خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی و کارەساتی سروشتی، کە دوایینیان لافاوە لە هەندێک ناوچەدا.

 

هیچ کام لە ئاگربەستەکان سەرکەوتوو نەبوون لە ڕاگرتنی ئەو ململانێیەی کە لە ١٥ی نیسان دەستیپێکرد بە پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٥ هەزار کەس کە زۆربەیان مەدەنی بوون و زیاتر لە ٤ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هەروەها ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی کوشتن و دەستگیرکردن و تاڵانکردنی ماڵ و موڵک و کەلوپەلی کار بوونەتەوە.

 

"جەنگ زیانی دەروونی و ماددی هەیە و کارەکەم لەدەستداوە"

ئەمانی ئیسماعیل، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەری جەنگەکە لەسەر ئەوان وەک ژن و ڕۆژنامەنووس زۆر گەورەیە، لە ئاوارەبوونەوە دەستپێدەکات بۆ لەدەستدانی کار وتیشی: لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا مووچەیەکم وەرنەگرتووە و زۆربەی ڕۆژنامەکان وازیان لە کارکردن هێناوە، هەروەها وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتییەکان لە یەکێک لە شوێنە گەشتیاریەکان کارم دەکرد، ئەم کارەش وەستا، لە ناوچەی کەلەکلا گیرمان خواردبوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر تێیدا دەژیام، وەک ژنان نەمانتوانی بچینە سەر شەقام و لە هەر شوێنێک بمێنینەوە، تەنها لە ماڵدا ماینەوە هەتا ئەو کاتەی ئاوارە بووین بۆ ویلایەتی نیلی سپی.

 

سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ دەرەوەی خەرتوم لەگەڵ خێزانەکەی و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ڕوونیکردەوە لەو گەشتەدا تەنها چاویان بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کەوتووە، کە زیاتر لە جارێک پشکنین کراون، جارێک پشکنینەکە دوو کاتژمێری خایاند و بارودۆخەکەی بە شەرمەزاری پێناسە کرد وەک ژن، وتیشی: هیچ شتێکمان نەبردو دوای گەیشتنمان هەواڵی ئەوەمان زانی کە ماڵەکەمان دزراوە و تاڵانکراوە، ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمەکانی جەنگەکە کە هیچ ئاسایش و سەلامەتی و پۆلیسێک لە شەقامەکاندا نییە بۆ پاراستنی خەڵک، چونکە جەنگ زیانی دەروونی و ماددی و کۆمەڵایەتی گەورەی هەیە.

 

ئەمانی ئیسماعیل وتیشی: ڕۆژنامەنووسان پێش دەستپێکردنی شەڕ لە سودان و دوای شەڕیش بارودۆخەکە خراپتر بوو، ڕۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاگیران و زۆربەی هاوکارەکانم بەبێ هیچ مافێک لە کارەکانیان دوورخرانەوە و ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس هەبوو و هیچ هیوایەک نییە بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە.

 

"کارەکەم لەدەستدا و ئاوارە بووم"

سارە ئیبراهیم، ڕۆژنامەنووسە و کارەکەی لەدەستدا بەهۆی شەڕەوە لە سودان، لە خەرتومی پایتەخت دەژیا و ئێستا ئاوارەی ویلایەتی ڕووباری نیل بووە، ئاماژەی بەوەکرد، ناچار بووە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتیدا وەک زۆرێک لەوانەی بەهۆی جەنگی ناو سودانەوە ئاوارە بوون و کۆچیان کردووە، وتیشی: ناکۆکی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەی ٦ مانگە بەردەوامە و هەزاران کەسی لە شارەکانیان ئاوارە کردووە و سەدان کەسی کوشتووە.

 

٨٠٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووس ئاوارەبوون

لوبنا عەبدوڵا، سکرتێری جێندەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سکرتێری گشتی قەوارەی ڕۆژنامەنووسان وتی: ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی دیکە بە ٨٠%ی ژنانی ڕۆژنامەنووس خەمڵێندراوە، ڕۆژنامەنووسان لە ویلایەتەکانی ڕۆژئاوای دارفۆر زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان دووگیان بووە و بە پێ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە دارفۆرەوە بۆ ویلایەتی چاد ئاوارە بووە و منداڵەکەی لەوێ لەدایکبووە و لە ڕێگادا ئازاری زۆری چێژت.

 

وتیشی: لەو کاتەوەی کە شەڕ دەستیپێکرد، پێشێلکارییەکان بەرامبەر هەموو خەڵکی سودان ڕوویانداوە، بە ژنانی ڕۆژنامەنووسیشەوە، ئەم پێشێلکارییانە لە ناسەقامگیری و ئاوارەبوون و لەدەستدانی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیان لەو دامەزراوە ڕۆژنامەوانییانەی کە کاری تێدا دەکەن، کە زۆربەیان وازیان لە کارکردن هێناوە، کە بووە هۆی ئەوەی لە کارکردن بێبەش بکرێن، جگە لە ئاوارەبوون و لەدەستدانی سەقامگیری، کە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ ئەوەی کەسێک بە باشی کارەکانی ئەنجام بدات بەهۆی شەڕەوە.

 

"ڕۆژنامەنووسانی ژن هەڕەشەیان لێکراوە"

لوبنا عەبدوڵا وتیشی: هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی ژن لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە بەهۆی نووسینەکانیان یان هەندێک لێدوانی وەک ڕاگرتنی جەنگ، چونکە بانگەشەی ڕاگرتنی جەنگ کێشەی بۆ هەندێک کەس دروستکردووە و هەندێکیان تۆمەتبارکراون بەوەی لایەنگری ئەوی دیکەیان کردووە، هەندێک لە ژنان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و وەک ڕۆژنامەنووس بەرپرسیارێتی ئێمەیە ڕاپۆرتی ئەو جۆرە ڕووداوانە بدەین، بەڵام ئێمە نەمانتوانی چاودێرییان بکەین بەهۆی بارودۆخە سەختەکەوە، ئێمە ڕۆڵی خۆمان بە پێی پێویست جێبەجێ نەکردووە و سەرەڕای هەوڵدانمان بۆ کارکردن لە ڕێگەی میدیاوە، هەست دەکەین لە دۆخێکی دەروونی ناجێگیرداین، ئێمە ئاوارە بووین بۆ ناوچە پارێزراوەکان، بەڵام نائومێدی دەروونی هەیە.