"١ی ئایار ڕۆژی هێزی کرێکارە بەرامبەر بە دەسەڵاتی سەرمایەداری"

چینی کرێکار هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتی سەرمایەدارییەوە زوڵمی لێکراوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: ١ی ئایار ڕۆژی کرێکارانە بۆ بەگژداچوونەوەی سیستەمی سەمایەداری.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- چینی کرێکار ئەو چینەی کۆمەڵگەن کە هەمیشە چینی دەوڵەمەند زوڵمیان لێ دەکەن، بەهۆی ئەو سیستمە سەرمایەدارییەی دەوڵەتان و وڵاتان بە ڕێوەی دەبات، لەناو ئەو چینە زوڵملێکراوەدا ژنان هەن، کە دوو جار دەبنە قوربانی، بەهۆی ئەنجامدانی کاری قورس بۆ دابینکردنی بژێوی و نەبینینی ڕەنجەکەی، ساڵ بە ساڵیش ژمارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران ڕوو لە زیادبوونە، بە شێوەیەک لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا ٥٩ کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی کەمترەخەمی خاوەن پڕۆژەکان و حکومەتەوە.

 

"کرێکار گەورەترین هێزی بەرهەمهێنەرە"

نەغەدە شێخ عوسمان، ئەندامی گروپی دەنگی کرێکاران، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەت بەڕێوە دەبات، کە ئەویش چینی کریکار و دەوڵەمەند دەگرێتەوە، چینی کرێکاریش هەرزان ترین هێزی کارە بۆ چینی سەرمایەدار، ئەو سەرمایەی ئێستا چنی دەوڵەمەند هەیەتی هی ماندووبوون و هیلاکی کرێکارە، کرێکار گەورەترین هێزی بەرهەمهێنەرە، چینی کریکار هەمیشە ناڕازییە، چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە ماف خوراوە، باشترین بینا دروستدەکات، بەڵام بۆی نییە تیایدا پشوو بدات، لە هەموو ناڕەزایەتییەکدا هەیە و چینی دەوڵەمەندیش قەت ناڕەزایەتی دەرنابڕێت، چونکە لە هیچ شتێکی کەم نییە، لە خۆشترین ڕۆژدا کە ١ی ئایارە کرێکاران کار دەکەن و پشوویان نییە، چونکە سەرمایەدارەکان دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، منداڵی کرێکار ناتوانێت لە زانکۆ بەناوبانگەکاندا بخوێنێت، بەڵام منداڵی دەوڵمەند بە پێی ویستی خۆی لە دەرەوە دەخوێنێت.

 

"سەندیکاکان حزبین و کار بۆ چینی کرێکار ناکەن"

نەغەدە شێخ عوسمان ئەوەی خستەڕوو، قورسی ژیان وای کردووە ژنان دەستبکەن بە کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی، سەرمایەدار دەست بۆ ژنان دەبات بۆ کارکردن، چونکە ژنان هێزی کاری هەرزان ترن، لە تەمەنێکی گەورەدا وەریان دەگرن و دواتر خانەنشینیان ناکەن، سەمایەدار پەنا دەبات بۆ کارکردن بە منداڵ، پارەیەکی کەم دەدرێت بە ژنان لە بەرامبەر کارەکەیاندا، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە پلە دوو سەیر دەکرێت و هەموو کارێکی پێ نادەن، لەبەر قورسی باری ژیانی بەشێک لە ژنان مەجبورن کار بکەن، لە کاتێکدا دەبێت حکومەت کارێکی وا بکات کرێکار مەجبور نەبێت کاری قورس ئەنجام بدات.

 

وتیشی: لە هەرێمی کوردستان سەندیکای کرێکاران هەموویان سەر بە حزبەکانن، بۆیە زۆربەی ئەو کرێکارانەی دەستدەکەن بە کارکردن ناویان تۆمار ناکرێت و سەندیکاکان کار بۆ کرێکار ناکەن، بە شێوەیەک متمانەیان نەماوە لای کریکاران کاتێک سەردانی کارگەکانی کارکردن دەکەین. کە دەزانن سەر بە سەندیکا نین ئینجا ڕازی دەبن قسەیان لەگەڵدا بکەین و باسی کێشەکانیان بکەن، زۆربەی کرێکارەکان خانەنشینیان بۆ ناکرێت و پارە پاشەکەوتەکانیان دەخورێت ئەی سەندیکاکانی کرێکار لەم کاتەنەدا لە کوێن لە کاتێکدا سەندیکا دەبێت بەرگری لە چینی کرێکار بکات و ڕێگری بکات لەوەی منداڵ کار بکات."

 

"کرێکاری بیانیش چینێکی غەدرلێکراوی وڵاتی خۆیەتی"

نەغەدە شێخ عوسمان ڕوونی کردەوە، حکومەت مافی کریکاران نادات، کاتێک کرێکارێک لە تەمەنی ئەوایە خانەنشین بێت حکومەت هیچ موچەیەکی بۆ نابڕێتەوە، لە کاتیکدا هەر لەو ساتەی لە دایک دەبین ئەرکی حکومەتە بژێوی ژیانمان پەیدا بکات، بەڵام حکومەت کارێکی وایکردووە خەڵکی وڵاتی خۆمان بە جێدەهێڵن ڕوو لە وڵاتانی تر دەکەن بۆ کارکردن.

 

هەروەها وتیشی: کرێکارانی بیانی کە دێنە ئێرە بۆ کارکردن، ئەوانیش چینێکی زوڵملێکراوی وڵاتی خۆیانن، وەکو کەسوکاری ئێمە کە ڕوو لە دەرەوە دەکەن بۆ کارکردن، کە ئەوەش نەهامەتیە نەک دەستکەوتنی هەلی کار، سەرمایەدار کرێکاری بیانی وەردەگرێت و بە بڕە پارەیەکی کەم کاریان پێدەکات، کە ئەمە پێشێلکردنی مافی ئەوانە مافی کرێکاری ناوخۆیش دەخوات، حکومەت موچەی کرێکاری ژینگەیش نادات و کۆمپانیاکانیش وەکو حکومەتیان لیهاتووە و موچەی کرێکاران نادەن.

 

"ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران تا ئێستا دیار نییە"

نەغەدە شێخ عوسمان لە کۆتایدا وتی: خاوەن پڕۆژەکان و حکومەت کەم تەرخەمن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کارکردن بۆ کرێکار، ئەگەر پێداویستیەکانیش دابین بکات کرێکار هۆشیار نییە لە بەکارهێنانی، لە کاتیكدا دەبێت لەگەڵ دابینکردنی پێداویستی تەندروستی ڕۆژانە کرێکار هۆشیار بکرێتەوە، ئەمانە دەبنە هۆی گیان لەدەستادنی کرێکار و خاوەن پڕۆژەکانیش دەیشارنەوە، بۆ ئەوەی لە دوایدا ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی نەکەوێتە ئەستۆیی و پڕۆژەکەی نەشکێت لەناو خەڵکدا، بۆیە ئاماری قوربانیانی کارمان نییە، داواکارم کرێکاران بێنە دەنگ لەسەر مافەکانیان، چونکە ١ی ئایار ڕۆژی نوێبوونەوەی هزر و توانای کرێکارە بەرامبەر بەو دەسەڵاتە سەرمایەدارییەی زوڵمی لێدەکات.