"ژنانی کرێکار بەهۆی سەرمایەدارییەوە دووجار دەبنە قوربانی"

چینی کرێکار چینێکی ماف خوراوی کۆمەڵگەن کە سیستەمی سەرمایەداری دروستی کردووە و ژنێکی ڕەنجکێشیش دەڵێت، "سەرمایەدار کرێکاری بیانی وەردەگرێت بە بڕە پارەیەکی کەم، لەم کاتەدا ئێمە مافەکانمان پێشێل دەکرێت و ژنانی کرێکاریش دووجار زیانیان بەردەکەوێت".

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سیستەمی سەرمایەداری کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەش دەکات، کە بریتین لە چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار، کە چینە هەژارەکە زۆربەی کرێکارە و ئامادەیە هەموو کارێکی قورس بکات بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانی خۆی.

 

لەناو چینی کرێکاریشدا بەهۆی ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالاریی و جیاکارییەی سەرمایەداریی بەڕێوەدەبات، ژنان دوو جار دەبنە قوربانیی و جگەلەوەی ڕەنجەکەیان لەبەرچاو ناگیرێت، مافەکانیشیان پێشێل دەکرێت.

 

هەربۆیە کرێکارانی ژن لە ڕۆژی ١ی ئایاری هەموو ساڵێکدا، کە وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە، ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان دەردەبڕن.

 

"ویستم وەکو ژن بڕۆمە دەرەوە بۆ کارکردن"

ناهیدە موحسین، ژنێکی ڕەنجکێشە و ئاماژەی بەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە کار دەکەم لە دەرەوە و سەرەتای دەستکردنم بە کارکردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەستم کرد ژن دەبێت بێتە دەرەوە و پشت بە خۆی ببەستێت و کار بکات، بەوەش توانای خۆی دەبینێت و تێکەڵ بە خەڵکی دەبێت، سەرەتا لە کارگەکانی شیرینی و جلوبەرگ و پێڵاودا کارم دەکرد، دواتر دەستم کرد بە دروومان و لە ساڵی ٢٠١٩ ناوی خۆم تۆمارکرد لە ڕێکخراوێک کە هەلی کاری دەڕەخساند بۆ کرێکاران، کارگەکانمان نوێ دەکردەوە و باخەکانمان پاک دەکردەوە، حەزم دەکرد وەکو ژنێکی ئیشکەر دیار بم لە ناو خەڵکدا و چواردەورم چاوم لێ بکەن و ئەوانیش کار بکەن، خزمەتی زۆربەی باخەکانی سلێمانیم کردوە و هەستم بە دڵسۆزی کردووە، بەوەی شوێنەکان پاک بکەمەوە و خەڵک بتوانن تیایدا پشوو بدەن.

 

"پێویستە ژنان پشت بە خۆیان ببەستن لە کارکردندا"

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەهۆی کارەکەتەوە شارەزایی پەیدا کردووە و هەموو کات خۆزگە دەخوازێت خۆیشی باخێکی هەبوایە و خزمەتی بکردایە، دەشڵێت: هەرکەسێکیش باخێک یان هەرشتێکی هەبێت یارمەتی دەدەم و ڕێنوێنی دەکەم، پێویستە وەکو ژن دیاربین و ئیش بکەین، چونکە بژێوی خۆمانی پێ پەیدا دەکەین و هەم دەبینە هۆکار بۆ ئەوەی کەسانی چواردەور سوودمان لێ وەربگرن.

 

"سەرمایەدار کەسێک هەڵدەبژێرێت بە پارەی کەم ڕازی ببێت"

ئەو ژنە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن کۆمپانیا و خاوەن کارەکانەوە و دەڵێت: بەشێک لە کرێکارە ناوخۆییەکان کاری کۆمپانیاکان ناکەن، چونکە کارێکی زۆریان پێ دەکەن و لە بەرامبردا بڕە پارەیەکی کەمیان پێ دەدەن، بۆیە کۆمپانیاکان کارەکان بە کرێکارە بیانییەکان دەدەن و ئەوانیش بە پارەیەکی کەمتر کارەکان دەکەن، بۆیە کۆمپانیاکان کرێکاری بیانی وەردەگرن بە بڕە پارەیەکی کەم کارەکانیان پێ دەکەن.

 

"کرێکاران لە ڕۆژی خۆشیاندا ماف خوراون"

ناهیدە موحسین ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی ١ی ئایار کە ڕۆژی کرێکارانە و من پێم وایە تەنها ڕۆژێک بەس نیە بۆ ئەوەی یادی کرێکار بکەینەوە، هەرچەندە لەو ڕۆژەدا هەمووی پشوو وەردەگرێت تەنها کرێکاران لە کارکردندان، تەنانەت داوای پشوومان کردووە لەو ڕۆژەدا، پێیان نەداوین، کارکردن لە دەرەوە دوو هێندە قورسە بۆ ژنان لە کاتێکدا ئەرکی ماڵەوەشیان لەسەرە، بەڵام زۆر جار خاوەن پڕۆژە و حکومەت نرخی ئیشەکەمان نازانن و هەقی خۆمانمان پێ نادەن لە بەرامبەر ئیشەکەماندا.

 

ناهیدە موحسین لە کۆتایدا وتی"پێویستە لە هەموو شوێنکێدا ژنی ڕەنجکێش هەبێت بۆ ئەوەی بایەخ بەو شوێنە بداتم داوا لە ژنان دەکەم بێنە دەرەوە بۆ کارکردن، بەڵام ڕێگە بەوە نەدەن خاوەم پڕۆژەکان مافەکانیان پێشێل بکەن و ژنبوونی خۆیان بپارێزن، دەبێت حکومەت و خاوەن پڕۆژەکانیش ڕێز لە ماندووبوونی کرێکاران بگرن یان سەردانی ماڵی کرێکاران بکەن تا بزانن بۆچی ئەو کارە قورسە دەکات و چی وای لێکردووە ئەو ئەرکە قورسە بخاتە سەر شانی خۆی.