بڕینی وێستگەی ئاوی ئیلۆک دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی

زەکیە ڕەمەزان خستیەڕوو کە ماوەی ٤٠ ڕۆژە ئاوی حەسەکە بڕاوە و دۆخی خەڵکەکەی لە مەترسیدایە و وتی: هەموو منداڵەکانمان نەخۆش کەوتوون.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- بەو پێیەی وێستگەی ئیلۆک لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیرکرابوو، هەزاران کەس لە حەسەکە بێ ئاو مابوونەوە. نزیکەی ٤٠ ڕۆژە وێستگەی ئاوی ئیلۆک چالاک نەکراوە، ئەگەر چالاکیش بێت، چەتەکان هێڵی ئاوەکە دەشکێنن و ئاوەکە ناگاتە حەسەکە. ئیدارەی خۆسەر بە پێی تواناکانی خۆی لە ڕێگەی ناوەندی ئاوی کانتۆنی حەسەکەوە ئاو بەسەر خەڵکەکەیدا دابەش دەکات، بەڵام بەهۆی زۆری دانیشتوانەوە ئاوەکە بەش ناکات و هاوڵاتیان ناچارن لە بیرەکانەوە ئاو بکڕن.

 

زەکیە ڕەمەزان هاوڵاتییەکی تەمەن ٨٥ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی تل هەجاری شاری حەسەکەیە، ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هاوڵاتیانی حەسەکە بکوژێت و بێدەنگی وڵاتانی نێودەوڵەتیش پشتیوانی دەوڵەتی تورکیایە، "لەو کاتەوەی وێستگەی ئیلۆک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، هاوڵاتیان و یاسا و سروشت تینوو بوون، ئەمە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی. لە گەرمای هاویندا ئاوەکە دەبڕدرێت و کەس نایەتە دەنگ، زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە ئاوی ئیلۆکمان نەبینیوە. دەبێت بەدوای بیردا بگەڕێین و ئاو بکڕین، ئاو مافی هەموو مرۆڤێکە، ئاو ژیان دەپارێزێت، بڕینی ئاو بە واتای بڕینی ژیانە".

 

"بارودۆخی منداڵەکانمان لە مەترسیدایە"

زەکیە سەرنجی بۆ مەترسی بڕینی ئاوی ئیلۆک ڕاکێشا و وتی: بە بڕینی ئاوی ئیلۆک نەخۆشی زۆر زیادی کردووە، تەنانەت کۆلێراش بەهۆی ئاوی ناپاکەوە بڵاوبووەتەوە، کوڕەکەم نەخۆشی گورچیلەی هەیە، منداڵەکانمان ئازاری گەدەیان هەیە و تەندروستیمان لە مەترسیدایە. ئاوی بیرەکان دەکڕین، با ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی کە دەڵێن مافی مرۆڤ دەپارێزین، با ڕێکخراوە تەندروستییەکان دەنگی خۆیان هەڵببڕن، تاوانەکانی دەوڵەتی تورک تاوانێکی گەورەیە، بەڵام کەس نییە سزای بدات، چونکە هەمووان بەرژەوەندی خۆیان دەوێت.

 

"چارەسەر دوورخستنەوەی دەوڵەتی تورکە لە وێستگەی ئیلۆک"

زەکیە ڕەمەزان ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی خۆسەر ئاو لە حەسەکە بەپێی تواناکانی خۆی دابەش دەکات، بەڵام بەشی ئەوە ناکات، وتیشی ئەگەر خۆیان ئاو بکڕن، پارەی ئاو زۆر گرانە، "دۆخی ئابووری ژیان قورس بووە و کڕینی ئاویش گرانە. ئێمە چارەسەرمان دەوێت، چارەسەریش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە وێستگەی ئیلۆک دوور بخرێتەوە. له‌ كاتی شه‌ڕی سه‌رێكانیدا ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان ڕووسیا و ده‌وڵه‌تی تورك كرا، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد و ڕووسیاش ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كرد. ئەگەر ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات ئیشی چییە لە وڵاتی ئێمەدا؟"