هانا شوان: بکوژانی ژن داڵدە دەدرێن

بە ئامانجی شاردنەوەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان تا دێت تاوانباران داڵدە دەدرێن و تاوانەکانیان پەردەپۆش دەکرێت، بە چەندین ڕێگای جیاواز تاوانیان لەسەر هەڵدەگیرێت بۆیە حاڵەتەکانیش ڕوو لە زیادبوونە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کوشتنی ژن لە ژێر ناوە جیاوازەکاندا و لە هەمووی باوتر بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، ژن دەکوژرێت و کوشتنەکەی دەخەنە ملی شەرەف و چەندین تۆمەتی بەدوادا دروستدەکەن بە جۆرێک تۆمەتەکان لە خێزان و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە بۆ ژنان دروست دەکرێت، تاوانباران و بکوژان دەشاردرێنەوە لەلایەن دەسەڵاتداران و باڵادەستانی حکومەتەوە، لەکاتێکیشدا دەستگیربکرێن لە سوچی زینداندا بە باشترین شێواز خزمەت دەکرێن تا ئەوکاتەی بە کەفالەت و پاساوی جۆراوجۆر ئازاد بکرێن.

 

بەهەمان شێوە ژن دەکوژرێت هەواڵی کوشتنەکەی ئاشکرا ناکەن، لە پێناو شاردنەوەی دۆخی خراپی کۆمەڵگە و بوونی ئەو ئەقڵیەتەی بەرامبەر ژن هەیە، دواتر ئامارەکانی کوشتنی ژنان ون دەبێت و بە سیاسەت حاڵەتەکان بەرەو کەمبوونەوە دەبرێن.

 

"کوشتنی ژن بەتەنها کێشەی ژن نییە"

لەم بارەیەوە هانا شوان چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO دەربارەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و زیادبوونی ڕێژەکەی بۆ نوژنها دوا، حاڵەت زۆرن کە تیایدا بکوژەکان هەڵدێن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوەکانی ژنان چەند ساڵێکە فشارێکی زۆریان کردووەتەسەر حکومەت بۆ ئەوەی بکوژەکان دەستگیر بکات"، دەربارەی بکوژی دوو کچە کوژراوەکەی چەمچەماڵ وتی: ڕاستە باوکیان کە بکوژەکەیە بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت تەواو ئازاد بووە، بەڵکو ئێمە بەڵێنمان پێدراوە ئەم کەیسە و سەرجەم کەیسەکانی دیکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێت، سەرجەم ئەو بکوژانەی لەلایەن دەسەڵاتداران و کەسانی ناو حکومەت داڵدە دراون پێویستە ڕادەست بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم بکوژانی ژن پێویستە لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو لێبووردنی گشتی دەیگرتنەوە، بکوژان بە شارەزایانە لەوکاتەی نزیکی لێبوردنی گشتییە تاوانەکەیان ئەنجام دەدا، وەک لە بۆنە و جەژنەکاندا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥وە لێبووردنی گشتی نەماوە و ناتوانن بە پشتبەستن بەو بڕیارە تاوان ئەنجام بدەن.

 

لە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، تاوانباران تاوانەکانیان پەردەپۆش دەکرێت

هانا شوان باسی لەوەکرد، لە حاڵەتەکانی کوشتنی ژناندا زۆرێک لە شایەتحاڵی ڕووداوەکە پەشیمان دەکرێنەوە لە شایەتیدان، لە ڕێگای پارە یاخود هەرشتێکی دیکە هەڕەشەیان لێدەکرێت، لەلایەکی دیکەوە بکوژان هەمیشە هەوڵدەدەن ڕووداوەکە بسەپێنن بەسەر کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ ئەوەی حوکمەکەی کەمتر بێت، یاخود پێیانوایە بابەتەکە کوشتنی ژنە دەتوانن لە ڕێگای سوڵحێکی عەشایەرییەوە چارەسەری بکەن.

 

یەکێک لە داواکارییەکانیان بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ڕووداوی هەموو ژن کوشتنێک و بەتایبەت ئەو حاڵەتانەی بکوژ خۆی لە کردنەکە بێبەری دەکات، چونکە ئەگەر تەنها ساڵانە یەک حاڵەتی کوشتنی ژن هەبێت بۆ سەر ژنان مەترسیدارە.