خوێندن پڕۆسەیەکی دوو لایەنەیە پێویستە ژینگەی بۆ دەستەبەر بکرێت

پاش چەند ساڵێک لە خوێندنی پچڕ پچڕ بەهۆی کەرەنتینە و بایکۆتی دەوام، ١٣ ی ئەیلول زەنگی یەکەم ڕۆژی خوێندن لە قوتابخانەکان لێدرا و پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- دوێنێ لە تەواوی هەرێمی کوردستان زەنگی یەکەمین ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانە لێدرا، پشووی هاوین کۆتایی هات وساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد.

 

پاش چەند ساڵێک لە کەرەنتینە و بایکۆتی دەوام و خوێندنی پچڕ پچڕ، لە ئەم ساڵی خوێندن خوێندکاران بەپەرۆشەوە سەردانی خوێندگاکانیان کرد و دڵخۆشبوون بەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیان.

 

هاوشێوەی شارو شارۆچکەکانی تر لە سەیدسادقیش یەکەمین ڕۆژی قوتابخانەبوو وخوێندکاران دڵیان خۆشبوو بەم دەستپێکەوەو مامۆستایانیش پیرۆزباییان لەخوێندکاران کرد.

 

 ئاشنا ساڵح مامۆستای قوتابخانەی مەشخەڵانە لە قەزای سەیدسادق پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لەخوێندکاران دەکات وهیوادارە ساڵێکی پڕ پەروەردە و زانیاری بەڕێوەبچێت و خوێندکاران سوود لە پڕۆسەی خوێندن ببینن، و دەڵێت: " پەروەردە پڕۆسەیەکی دوولایەنەیە و بۆئەوەی بە سەرکەوتووی بەڕێوەبچێت پێویستە مامۆستا و خوێندکارانیش هاوکاربن و جگە لە خوێندکاران پێویستی بەهاوکاری حکومەتیشە."

 

هەروەها ئەو مامۆستایە داوا لە دایک و باوکان دەکات هاوکاربن و ژینگەیەکی گونجاو بڕەخسێنن بۆ فێربوونی خوێندکاران، بە پاک و خاوێنی بیاننێرن بۆ قوتابخانە و برسی نەبن وهەروەها با کەشوهەوای ماڵەوەیان لەبار و بێ کێشەبێت بۆئەوەی خوێندکاران سوودمەند ببن لە پڕۆسەی خوێندن.

 

کەوسەرمحمد مامۆستایەکی دیکەی هەمان قوتابخانەیە پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن دەکات و دەڵێت: " لە ئێستادا خوێندکارێکی زۆر لە خوێندن بێ هیوابووە و ئێمە هەمیشە ویستوومانە قوتابخانەیەکی جیاوازبین بۆ ئاشتبوونەوەی خوێندکاران و زیاتر پەیوەستبوون بە خویندن و هەروەها وەک دەستپێکێکی جوان کتێبەکانیانمان لەشێوەی دیاری ڕازاندبوەوە و پێشکەشمان کردن تا زیاتر هەوڵبدەن وسەرکەوتووبن.

 

ڤانیاس ئاریاس خوێندکارێکی قۆناغی حەوتەمە و زۆر دڵخۆشە بە تەواوبوونی پشووی هاوین و شادبوونەوەی بە هاوڕێکانی و مامۆستاکانی و دەڵێت، " ئەم ساڵ بۆ من جیاوازە چونکە گەشتوومەتە قۆناغی ناوەندیەوە و هیوادارم بەسەرکەوتوویی بیبڕم."

 

هەروەها ڤانیاس داوا لەخوێندکاران دەکات دووربن لە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و زیاتر کۆشش بکەن و کاتەکانیان بۆ خوێندن تەرخانبکەن تا سەرکەوتووبن.

 

سایە ئیدریس خوێندکارێکی دیکەی قوتابخانەی مەشخەڵانە و لە قۆناغی هەشتەمە و دەڵێت: " پشووی هاوینمان بەخۆشی بەڕێکرد و هیواداربووین زوو تێپەڕببێت تا بەهاوڕێکانمان شادبینەوە و دڵخۆشین بەمامۆستا باشەکانمان وە هیوادارم ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی تر نمرەی بەرزتر بەدەستبهێنم."

 

لە سنوری پەروەردەی سەیدسادق نزیکەی ٢٣٠٠٠ قوتابی و خوێندکار لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن نزیکەی ١٧٤٠ مامۆستاوە وانەیان پێدەوترێتەوە.