نزیکایەتی و پەیوەندی لەگەڵ سروشت ژیانەوە دەبەخشێت

لە ناوچەیەکی چۆڵ و بیابانەوە بۆ شوێنێکی پڕ لە ئومێد و ژیان، چیرۆکی شەقامی گوڵ لە کامپەکانی ئاوارەبوون بۆ خەڵکی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا چیرۆکی پابەندبوون بە ژیانەوە دەگێڕێتەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- دانیشتوانی کانتۆنی داگیرکراوی عەفرین کە لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاوارە بوون، لە بەردەم چادرەکانیاندا گوڵەبەڕۆژە و نەمام و سەوزەیان چاندووە، بۆ ئەوەی یەکێک لە شەقامەکانیان لە کەمپی عەسر بکەنە شەقامی گوڵ.

زۆرجار گوێمان لە ناوی شەقامەکانی وڵاتە جیاوازەکانی جیهان دەبێت کە بە “شەقامی گوڵ ” ناسراون، بەڵام بوونی ئەم ناوە لە کامپە ئاوارەییەکان ڕووداوێکی دیار و جیاوازە و ئەمەش لە کەمپی عەسردا دەدۆزینەوە کە خەڵکی ئاوارەی عەفرینن لە کانتۆنی شەهبا.

 

رۆژی ١٨ ئاداری ساڵی ٢٠١٨، خەڵكی عەفرین ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، دوای ئەوەی داگیركارییەكانی توركیا زنجیرەیەك كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە دانیشتوانی ناوچەكە ئەنجامدا، بۆ ئەوەی زەوی و زاری كانتۆنی شەهبا بگرن وەك شوێنێك بۆ درێژەدان بە بەرگریکردن.

 

خەڵکی عەفرین لە دێرزەمانەوە خویان بە کارکردن و ژیان گرتووە لە ناو سروشتدا، لەم ڕوانگەیەوە دوای دامەزراندنی کەمپەکان و ژیانیان، هەر بنەماڵەیەک نەمامی  گوڵ و درەختی جۆراوجۆریان لەبەردەم چادرەکەیان چاندووە.

 

پێنج ساڵ بەسەر ئاوارەبوونی زۆرەملێ و چەسپاویی خەڵک لە کەمپەکاندا تێدەپەڕێت، ئەم ڕووەکانە لە بەردەم هەر خێمەیەکدا بوونەتە سەرنجڕاکێش، تا یەکێک لە شەقامەکانی کەمپی عەسر کە دەکەوێتە گوندی تەل سەوسه‌ن لە کانتۆنی شەهبا بە شەقامی گوڵ ناسراوە، بەهۆی زۆری جۆر و شێوەی گوڵ و سروشت تێیدا، بەجۆرێکە دارەکان و سروشت کەمپەکەیان داپۆشیووە.

زەینەب مستەفا لەبارەی بارودۆخی ئەوان و ژیانیان لە عەفرین وتی، "ژیانمان لە عەفرین باشتر و مانادارتر بوو، چێژمان لە نیعمەتەکانی ژیان و بەخششەکانی خاکەکە وەرگرت، بەڵام بەهۆی شەڕو ململانێکانەوە خاکەکه‌مان وێرانبووە."

 

زەینەب ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری جێهێشتنی عەفرین بڕیارێکی کەرامەت و بوون بووە، "بۆ زیاتر لە سێ ڕۆژ بەردەوام لەسەر ڕێگاکان بووین، گەیشتنمان بۆ کانتۆنی شەهبا سەرسامی کردین بە زەوییە بیابانییەکان و شوێنێک کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوو بوو، ئەم کەشوهەوایە وای لە ئاوارەبووەکان کرد بەو شتانەی لەبەردەم چادرەکانیاندا هەیانە کشتوکاڵ بکەن و لەگەڵ تێپەڕبوونی ٥ ساڵ لە چاندنی دار، دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی میوەکان، كاتێك لەبەردەم چادرەكەمان دادەنیشین و بیر لە سروشت دەكەینەوە، یادەوەری بۆ ماڵەكانمان و ڕۆژەكانمان لە عەفرین دەهێنینەوە".

 

وێنەیەک کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی عەفرین بێت

لە كاتێكدا خەدیجە موراد خاكی دەوروبەری چادرەکەی هەڵدەكۆڵێت و ئامادەی دەكات بۆ ئەوەی هەندێك چەرەزات بچێنێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرجەم كەمپەكانی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا و ناحیەی شێراوا بە بوونی سروشت جیاوازن، بە پێچەوانەی هەموو كەمپەكانی جیهانەوە.

 

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمپانە بە رەنگە سروشتی و درەوشاوەکانیان، پاک و خاوێنی و رێکخستن و یەکگرتوویی دانیشتووان، رەنگدانەوەی وێنەی خەڵکی عەفرینن کە پابەندن بە خۆشەویستی کشتوکاڵ و گرنگی پێدەدەن، دەشڵێت "ئێمە بە پەرۆشەوە کار دەکەین لەبری دانیشتنێکی بێسوود و خۆبەدەستەوەدان بە ناخۆشییەکان".

 

لە تەنیشت چادرەکەیەوە هەندێک سەوزەی چاندووە، بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێ وەربگرن لە ئامادەکردنی خواردنی ڕۆژانەیان، چونکە گەمارۆکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بارودۆخی ژیانیان هەبوو.

 

پەیامی خۆڕاگری

لای خۆیەوە وێداد ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی کاتەکانیان بە گرنگیدان بە کشتوکاڵ بەسەر دەبەن و لە وێنەکەیدا ڕۆژە خۆشەکانیان لە عەفرین دەهێننەوە یاد و لە ڕێگەیەوە پەیامی ئیرادە و خۆڕاگری دەنێرن.

 

ناوبراو جەختی لە پابەندبوونیان بە ڕێگای بەرخۆدان و چەسپاوی لە کامپەکانی ئاوارەبوون لە کانتۆنی شەهبا کردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ خاکی ئازادکراوی عەفرین.